خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی Midnight in Paris
خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی Midnight in Paris
Midnight in Paris 2011 نیوەشەو لە پاریس، ڕوحێکی نۆستالژی و شاکارێکی لە یاد نەوەچووی (وودی ئاڵن). نووسینی: ڕامیار محمد دەکرێ بڵێین کەم فیلم هەن لە چەشنی (نیوەشەو لە پاریس) چێژێکی ڕوحیمان پێ بدەن. هەم فیلمەکانی تری ئەم دەرهێنەرە و هەم فیلمی دیکەش کەم هەن لەم چەشنە ئارەزووی گەڕانەوە بە زەمەن لە سینەی مرۆڤدا چەکەرە پێ بکەن. لە هەموو سەردەمێكدا مرۆڤ حەزی بە سەردەمی پێش خۆی کردووە. بۆ نمونە لە ئێستاشدا کەسە بە تەمەنەکانی خۆمان دەبینین کە بە حەسرەتەوە ئاخ بۆ ڕابردوو هەڵدەکێشن و دەڵێن گوایە ئەو سەردەمەی ئەوانی تێدا بوون خۆشتر بووە. خۆ گەر بێت و بگەڕێینەوە بۆ رابردووی ئەوانیش باو و باپیرانی ئەوانیش سەردەمی کۆنتری خۆیان بەلاوە خۆشتربووە. ئەمە هەستێکە لە دەروون و ناخی مرۆڤدا هەر هەبووە و هەر دەمێنێ. مرۆڤ بە تەبیعەتی حاڵ حەزی بە چەقبەستنە. حەزی بە دۆگماییە و نایەوێ خۆی فەراژووبوون (تەتەور) بە خۆی بدا. چونکە گەر بێت و مرۆ فەراژوو بوو، ئەوا شتی دیکەش سەردەردێنن و کێشەی تر بەرۆکی مرۆ دەگرێ. گەر هات و مرۆڤ فەراژوو بوو ئیدی لە یەك لایەوە ناوەستێ، بەڵکو وردە وردە فەراژووبوون هەموو بەدەنی ئەو مرۆڤە دەگرێتەوە و ئیتر هەم لە ڕەفتار و خووڕەوشتیەوە دەگۆڕێ هەم لە ڕووی کەسایەتی و بیرکردنەوە کە ئەمە خۆی لە خۆیدا کێشەیە بۆ مرۆڤ و دڕدۆنگی دەکا. لەم فیلمەدا سەڕەرای دیمەنە ناوازەکەی پاریس و تێکەڵکردنە جوانەکانی "وودی ئاڵن"، زۆر شتی دی بەدی دەکرێ کە جێی تێڕامانە. هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی فیلمەکەوە دەبینین بۆ ماوەی سێ خولەک دیمەنی جودا جودا ئاو و هەوای جودای "پاریس"مان نیشان دەدا. بێ ئەوەی هیچ کارەکتەرێ بە دیار کەوێ. ئەمە خۆی لە خۆیدا جۆرە کەتوارەکی (واقعی) بوونێك بەسەر فیلمەکەدا دەچەسپێنێ. سەڕەرای ئەوەی فیلمەکە تەواو خەیاڵییە، بەڵام "وودی" لێزانانە هاتووە و دەیهەوێ بتخاتە ناو ئەو کەتوارەی کە فیلمەکەی تیدا بەڕێوە دەچێ. دەیهەوێ بتخاتە ئەو باروو دۆخەی کە "گیڵ"ی تێدایە. ڕوحێکی نۆستالژی چێژبەخشت بۆ جێبێڵێ. لە میانەی ئەم فیلمە مەزنەدا کۆمەڵێ بابەتی جوان و بە پێز دەوروژێت. یەکێك لەو بابەتانە بابەتی ئەدەبیاتە. لێرەدا "وودی ئاڵن" پێمان دەڵێ کە هەموو نووسینێك دەشێ جوانیی خۆی هەبێ، بەو مەرجەی چیرۆکی نووسراو کەتوارەکی بێت. کە ئەم وتەیە لە سەر زاری (هێمینگوەی) نووسەری مەزنی ئەمریکی لە فیلمەکەوە ڕا دەوێژرێ. لێرەدا دەرهێنەر و نووسەری فیلمەکە دووبارە بینەر پەلکێش دەکاتەوە بەرەو ئەو بۆچوونەی کە هەر شتێك کەتوارەکی خۆی لە دەست نەدا، بزانە شتێکی سەرکەوتووە. بە درێژایی ماوەی فیلمەکە "وودی" ئەوەمان پی دەڵێ کە مرۆڤ لە هەموو چاخەکاندا حەز و ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ چاخی پێش خۆی هەبووە. لە هەر تایمڵاینێکدا بێ، دەیهەوێ بگەڕێتەوە چاخی پێش خۆی و لە سەردەمی ئێستای ناڕەزایە. وەکو لە گەڕانەوە یەك بەدوا یەکەکانی "گیڵ" و "ئەدریانا" بە دیار دەکەوێ. سەڕەرای ئەوە ئەم فیلمە کۆمەڵێ بابەت لای بینەر ڕوون و ئاشکرا دەکات. هەر وەکو بابەتی خۆشەویستیی. لە جێیەکدا "هێمینگوەی" دەڵێ: گەر مرۆڤ کەوتە ناو خۆشەویستییەوە هێز و توانایەکی سەیری بۆ پەیدا دەبێ. خۆشەویستی وا لە مرۆڤ دەکا بوێر بێ و ڕووبەرووی مردن ببێتەوە و گوێشی نەداتێ. تا ئەو کاتەی مرۆڤ خاوەنی خۆشەویستیی بێ، مرۆڤ بە بەهێزی دەمێنێتەوە.

بابەتی نەگونجانی دوو هاوسەر کە لە سەرەتاوە بنەمای هاوسەرێتی و خۆشەویستیەکەیان غەڵەت بووە، بە تایبەت کە "ئینێز" بە هەموو چەشنێ ئازادی "گیڵ"ی پێشێل کردووە، یەکێکی ترە لە مەبەستەکانی دەرهێنەر.؟لێرەدا "ئینێز" دەیهەوێ "گیڵ" بە پێی ویستی ئەو مامەڵە لەگەڵ هەموو شتێکدا بکات. دەیهەوێ ئەو چی گوت و ئەو حەزی لە چی بوو "گیڵ"یش هەمان حەز و خولیای هەبێ. کە ئەمە وا دەکات بەرە بەرە خۆشەویستیی نێوانیان کەم ببێتەوە و ئازادی سنوردار بکرێ. چونکە گەر هاتوو دوو کەس بەو جۆرەی کە هەن یەکیان قەبوڵ نەبوو، جۆرە خەلقەندەیەکی سەمەرەی وەکو "گیڵ" پەیدا دەبێ لە ئەنجامی ئەم خۆشەویستییەوە. خەلقەندەیەك پەیدا دەبێ کە چیدی خۆی نەماوە. بۆیە ناچار دەبێ پەنا بباتە بەر لێك جیابوونەوە تا دووبارە خۆی بدۆزێتەوە. تا بگاتەوە بەو پۆینتەی کە پێشتر تیایدا بوو.

سەڕەرای ئەو هەموو جوانیەی باسم کرد، ئەوەی سەرنجی بینەر ڕادەکێشێ بینینەوەی هەندێ هونەرمەند و ئەدیبی مەزنی مێژووە بە بەرجەستەیی. هەر وەکو (پابلۆ پیکاسۆ، ئێرنست هێمینگوەی، سالڤادۆر دالی، کۆڵ پۆرتەر، ف. سکۆت فیتزجێڕاڵد، گێرترود ستاین، تی ئێس ئیڵیەت و هتد). کە وات لێدەکا حەز بە کۆتایی هاتنی فیلمەکە نەکەی. گۆرانیە نۆستالژیەکانی "کۆڵ پۆرتەر" تەواو دەتباتە ناو پاریس و لە ناو کوچەکانیدا سەمات پی دەکا. چەشنە واقعێك بەدی دەکرێت کە زەحمەتە دووبارە بوونەوەی. ئاکتینگە جوانەکانی ئەکتەر و ئەکترێسەکان سەرسامت دەکات. لە کۆتاییدا دەڵێم سینەما لە حاڵی حازر لە فیلمی وەهای کەمە. لە دەرهێنەری وەکو "وودی" کەمە. لە شاکاری ئەدەبیی و هونەریی لە چەشنی (نیوەشەو لە پاریس)ی کەمە. حاڵی حازر لە هەموو شتێ زیاتر پێویستیمان بە شاکاری وەها هەیە لە دونیای سینەمادا. دەمەوێ بڵێم جێی شانازی منیشە کە خۆم فیلمەکەم وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی و لە ئیستادا لە سایتی کوردفیلم بەردەستە و بۆ تەمەشاکردنی گرتە لەم بەستەرەی خوارەوە بکەن.

هەڵسەنگاندنی من: 9/10 https://kfilmone.com/view?id=1102