دەربارەی (کوشتنی باڵندەی لاساییکەرەوە)
دەربارەی (کوشتنی باڵندەی لاساییکەرەوە)
To Kill Mockingbird (1962) "هەرگیز کەسێک بە باشی ناناسیت هەتاکو خۆت نەخەیتە جێگایان و بە پێڵاوەکانیانەوە پیاسە نەکەیت" فیلمەکە بە هەمان ناونیشانەوە لە ڕۆمانی(کوشتنی باڵندەی لاساییکەرەوە)ی (هارپەر لی)یەوە وەرگیراوە. خاوەنی دوو ئۆسکارە و لە پلەی (۷٥)ی باشترین فیلمەکانی مێژووە بە پێی سایتی IMDb. لە دەرهێنانی (ڕۆبیرت موڵیگەن)ە. (پیشاندانی ئازار و نەهامەتی چینێکی لاواز بە شاکارێکی کەم وێنە) فیلمەکە دەستی خستۆتە سەر کێشەیەکی نەبڕاوە کە هەر لە سەرەتای دۆزینەوەی ئەمەریکا و نیشتەجێبوونی سپی پێست و بە کۆیلەکردنی ڕەنگدارەکان و سوکایەتی پێکردنیان تاکو ئەمڕۆکەش ئەو کێشەیە بەردەوامە کە "ڕەگەزپەرستییە". بەردەوام سپی پێست لە هەوڵی سوکایەتی پێکردن و تاوانبارکردن ڕەنگدارەکاندا بووە. دەسەڵاتیش هەمیشە لایەنگری سپی پێستەکان بووە بە بچوکترین تاوان ڕەنگداریان ڕووبەڕوی سزای مردن و سوتاندن و زیندانیی کردن کردۆتەوە.

فیلمەکە چیرۆکی پارێزەرێکە کە بەرگری لە ڕەنگدارێک دەکات کە بە تاوانی دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتێکی سپی پێست تاوانبار کراوە لە سەردەمی قەیرانی ئابوریی ئەمەریکا. (ئاتیکەس) کە پارێزەرێکی گەنجە هەر وەکو (سکاوت) دەڵێت هیچ کارێک نەبوو کە (ئاتیکەس) نەتوانێت ئەنجامی بدات. پارێزەرێکی ڕاستگۆ بوو کە بە دڵسۆزیەوە کارەکەی خۆی دەکرد و ویژدانی خۆی ئاسودە دەکرد. بەرگریکردن له ڕەنگدارێک وای لە سپی پێستەکان کردووە بە جۆرەها شێوە دژایەتی بکەن و سوکایەتی پێ بکەن. بە هاوڕێی ڕەشپێست بانگی بکەن. کاتێکیش سکاوت لە قوتابخانە تووشی ناڕەحەتی دەبێتەوە بەوەی کە باوکی بەرگری لە ڕەشپێست دەکات، پرسیار لە باوکی دەکات بۆچی دەبێت بەرگری لە کەسێک بکەی کە نابێت وا بکەی؟ (ئاتیکەس) دەڵێت ئەگەر بەرگری لێ نەکەم کەواتە ئەو کاتە من ناتوانم سەری خۆم بە بەرزی ڕابگرم. مافی ئەوەشم نییە بە ئێوە بڵێم چی بکەن و چی نەکەن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو کارەی کە تۆ دەیکەیت گرنگ نییە چەندە زەحمەتییت بۆ دەهێنێت بەڵکوو پێویستە بەباشی پێی هەڵبستی.

ڕەنگدار کە تاوانەکەی تەنها ئەوەیە سپی پێست نییە و بەزەی بە سپی پێستێکدا هاتۆتەوە کەواتە دەبێت چاوەڕێ سزای مەزنیش بکات. هەر وەکو (ئاتیکەس) وتی لایەنی داواکار بە پشتبەستن بەو بیرو بڕوایەی هەموو ڕەش پێستێک درۆ دەکات سکاڵایان تۆمارکردووە هەروەها دان بەوەدا دەنێت هەرچەندە دادگاکان بانگەشەی یەکسانی دەکەن، هێندەش خەیاڵپڵاو نابێ کە چاوەڕێی یەکسانی بکات. ناشتوانێت ئەو تەقلیدە بگۆڕێت کە لە چەند دەیە لەمەو پێشەوە هەیە. واتە گەمژایەتیی دەکەیت گەر چاوەڕێی ئەوە بکەی دادگاکان بڕیاری دروست بدەن. لە بەشێکی تری فیلمەکەدا دەرکەوتنی کارەکتەری (بۆب)ە کە هەر لە سەرەتای فیلمەکەوە بە خراپە باسی دەکرێت و وەکو دڕندەیەک لێی دەڕوانن. کە ئەمەش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ دایالۆگی یەکەم کاتێک دەڵێت: هەرگیز کەسێک بە باشی ناناسیت هەتاکوو خۆت نەخەیتە جێگایان و بە پێڵاوەکانیانەوە پیاسە نەکەیت. وە بڕیاردانی پێش وەختە دەکرێ بتخاتە هەڵەیەکی گەورە و پەشیمانی گەورە بە دوای خۆیدا بهێنێت.

فیلمەکە بە گشتی پڕە لە پەیامی گرنگ و بەهێز وەکو بڕیاردانی پێش وەختەی کەسێک بە بێ ئەوەی چیرۆکی ژیانی بزانیت لە کاتێکدا دەشێ کەسێکی باشبێت، گرنگی خێزان و تەبایی خێزانی، شکۆمەندی لە جێبەجێکردنی ئەو کارەی کە پێت دەسپێردرێ. هەروەها جوانی ڕۆڵگێڕانی ئەکتەرەکان و دەرهێنانێکی نایاب هێندەی تر فیلمەکەی جوانتر کردووە وای کردووە کە ئێمە هەروەکوو فیلمێک لێ نەڕوانین، بەڵکو وەکو کێشەیەک کە لە چەندین دەیە لەمەوپێشەوە هەیە و زۆر کەسیش لە هەوڵی بنبڕکردنیدا شکستیان هێناوە. ڕەیتینگی من: 8/10