Image-Description
ژیانێکی شیرین یان کۆیلایەتیەکی کوێرانەی مەست بوو؟
ژیانێکی شیرین یان کۆیلایەتیەکی کوێرانەی مەست بوو؟

ئاشکرایە لە دێرزەمانەوە سروشتی بنەڕەتی مرۆڤ وا بووە کە حەزی بە چێژبەخشەکان بووە، بەتایبەت چێژبەخشە مادیەکانی وەک پارە و ماڵ و سامان و ناوبانگ، وە ڕوونیشە هەریەک لە ئێمە بەشێکە لە ئامانج و ویستمان کە ئەوانە بەدەست بهێنین ئیتر بە چ ڕێژەیەک ئەوەیان شتێکی نەزانراوە. هەندێک کات مرۆڤ لەپێناوی گەشتن بەو خۆشی و ئامڕازە ئاسانکار و ڕێخۆشکەرانە کۆمەڵێک بڕیار و قوربانی دەدات بێ فام و هەستکردن بە لەدەست چوون و ون کردن، پاشان دەگات بە شوێنێکی ناجێگیر لە ژیانی دا، شوێنێکی مەترسیدار و جیاواز کە هەڕەشە دەکات لە شووناس و ویستی کەسەکە، لەو شوێنەدا زۆرترین کەس و مادە لەچواردەورین و چاوەڕێی هەڵوێست و بڕیاری دەکەن، ئەوکاتە مرۆڤ دەبینێت کە لەپێشیەوە هەموو ئارەزووەکانی لەنێو گۆماوێکی قووڕاوی لێڵ بانگی دەکەن لەگەڵ هەموو ئەو مرۆڤانەی لە باوەشی حەزەکانیانن، لە پشتیشیەوە ڕابردووە وشک و شەرم ئامێزەکەی لێی دەپاڕێتەوە تا بگەڕێتەوە و لەخۆوە مل نەنێت، ئەوساتە هەریەک لە ئێمە بڕیاری ژیانمان بەدەست خۆمانە و هەرچیەک ئەنجام بدەین تاوانە دواتر گلەیی لە قەدەر بکەین، ئەوکات ویست و توانا و ڕووی ڕاستەقینە لە هەریەک لە ئێمە دەردەکەوێت یان بەتەواوی ون دەبین و لەناخمان دووردەکەوینەوە و دڵمان دەمرێت. 'ژیانە شیرینەکە' یاخود (La Dolce Vita) بەرهەمێکی ساڵی 1960ـــی سینەمای ئیتاڵیە لە دەرهێنانی فیلمساز فێدرێکۆ فێلینی بەوە ناسرا کە داهێنان و نوێگەریەکی تەواو بوو لە سینەما و بەتایبەت لەڕووی تەکنیک و شێوازی بەرهەم هێنانەوە و ئەو بوێریەی نواندی بە باسکردنی بابەتانێکی هەستیار. فێلینی لە بەرهەمەکانی پێشووی تیشکی دەخستە سەر چینی هەژار و خەڵکی سادە و کەمدەرامەتی کۆمەڵگەی ئیتاڵی بەتایبەت هەر سێ فیلمی 'ڕێگەکە' و 'شەوەکانی کابیریا' و 'گاکان' کە بە ستایلێکی چێژبەخش و هاوڕێیانە و تێکەڵەیەک لە کۆمیدیا دەرهێنرابوو لەگەڵ هەستێکی جوانی ناسک کە زوو دەچێتە دڵی بینەرەوە. لێرە فێلینی شێوازێکی جیاوازی دەرهێنان و گێڕانەوەمان بۆ دەخاتە پێش چاو، ئەم ستایل گۆڕینەی فێلینی بۆ گێڕانەوەیەکی خاو و سارد پێویست بووە بۆ دەربڕینی ناوەڕۆکەکەی بە جوانترین شێوە. لەم فیلمەدا دەرهێنەر وردەکاریەکانی بە جوانترین شێوە نووسیوەتەوە بۆمان، تیشکی خستووەتە سەر چینی باڵای کۆمەڵگا کە چینی دەوڵەمەند و بەناوبانگ و ڕۆشنبیرە، ئەم پیشاندانەش بەشێوەیەکی پەیژەییە، لەسەرەتاوە وەک چۆن هەموومان ژیانی ناوداران دەبینین و پەیوەندیە ئاشکراکانیان ئەبینین تاکو دەگات بە قووڵترین خاڵ و ژیانی نهێنی و کەسییان و شاراوەیی و ڕاستیی ژیانیانمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. لەبەرئەوەی دەرهێنەر خۆی لەناو جەرگەی بابەتەکەوە هاتووە بۆیە ئەو شایەنتر و شارەزاترە تا بۆمانی بگێڕێتەوە، جگە لە بەبابەتکردنی چینەکانی کۆمەڵگا، لەڕێگەی کەسایەتیەکانەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا و ژیانی کەسییش دەخاتەڕوو. لە گرنگترین ئەو لایەنەنانەی باسکراوە بریتیە لە 'پاپاڕاتزی' کە بەو ڕۆژنامەنووسانە ئەوترێت وێڵی دوای بەڵگەیەکی حەیابەر و گێچەڵی کەسێکی ناودارە بۆ ئەوەی قازانجی لێ بەرێت ئەو هەلەی بقۆزێتەوە هەرچەندە زیانە بۆ دەوروبەریشی. دیارە فێلینی خۆی بێزار بووە لەدەست 'پاپاڕاتزی'ــــیەکان کە بەوشێوەیە نیشانی داون وەک مایەی شێواندن و تێکدان. چـیـرۆک و نـاوەڕۆک گرنگترین لایەن و تایبەتمەندی فیلمە، ڵا دۆڵشی ڤیتا باسی پیشە و ژیانی ڕۆژنامەنووسێک دەکات بەناوی ماڕسێلۆ ڕوبینی، کەسایەتی سەرەکی بەشێوەیەک داڕێژراوە کە بەرجەستەی هەریەک لە ئێمە، لانیکەم بەشێکی فراوانی ژیانمان و هەڵسووکەوت و دەروون و ناخمان دەکات. ماڕسێلۆ وەک هەموو خاوەن پیشەیەک لە هەوڵی ئەوەدایە لەبوار و پسپۆڕیەکەی خۆیدا کە ڕاگەیاندنە باڵادەست بێت و بدرەوشێتەوە، ڕوونیشە کە لەو بوارەدا تەواوی هەوڵ بۆ پارە و ناوبانگ و دەرکەوتنە گەرچی بە دانی باجی مەزنیش بێت. ڕاستە ساڵی دەرچوونی فیلمەکە 1960ــــە، بەڵام هەڵگری پەیامی قووڵە و باس و گفتوگۆ و چەلەحانێی چەندین لایەنی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە بەشێوەیەکی نەبڕاوە و وا دەخوازێت وەک وانەیەکی مرۆڤانە و بیرجوڵێن سوودی لێ وەربگیرێت. پەیامی فیلمەکە بۆ ئێستا و سەردەمی داهاتوو و چاخی پێشکەوتنە، چاخی مۆدێل و نمایش و ناوبانگ، چونکە لەوەتەی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی سەری هەڵداوە هیچکات هێندەی ئێستا بەخێرایی گەشەی نەکردووە، خێرا گەشەکردنیش واتا کاریگەری خێراتر بەسەر شوێنکەوتووانی. دیارە فێلینی بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانیوە وتەی دڵی بە ئێمە بڵێت و ئەوەی ئێمە لێی بێ ئاگاین ئاگادارمان بکاتەوە لێی.

لە باسە گرنگەکانی ئەم فیلمە باسی وەفا و ڕاستگۆیی نێوان ژن و مێردە و پەیوەست کردنی بە ئامانج و سامان و حەز و ناوبانگ، پێمان دەڵێت کە ئێمەی مرۆڤ بە زۆر گرنگیدانمان بە پارە و ئارەزوو ئەوەمان لەبیرچووەتەوە کە ئەوانە لە بنەڕەتدا بۆ خزمەتکردنی ئێمەن، لە فیلمەکەدا ماڕسێلۆ خۆشەویستێکی هەیە بەناوی ئێما، ئێما نەخۆشیەکی دەروونی هەیە و هەندێک جار ڕووداوی نەخوازراو دەکەوێتەوە بەهۆیەوە، ئێما بەناوبانگ نیە و دەوڵەمەند و پسپۆڕێک نیە، بەڵام ماڕسێلۆی خۆشدەوێت و سۆزێکی زۆری بۆی هەیە و دەیەوێت ماڕسێلۆ هەمیشە لەگەڵ ئەو بێت و هەرگیز لێک دوورنەکەونەوە. ماڕسێلۆ کە تەواوی هەوڵی بۆ پیشەکەیەتی و ڕاگەیاندنی کردووە بە ئامانجی خۆی، گرنگی نادات بە ئێمای خۆشەویستی و تەنانەت وا هەست دەکات کە کۆیلەیەکی خۆشەویستیە و چاوەڕێی هەلێکە تا لێی ڕزگاری ببێت، گەر ئێمە لەڕووانگەی ماڕسێلۆوە بڕوانین ڕاستەوخۆ پرسیارەکەی ئەلبێرت کامۆ دێت بە مێشکمان دا (ئازادی گرنگترە یان خۆشەویستی؟)، خۆ ئەوە باسێکە هەمیشە هەبووە و دەبێت، ئەم فیلمەش بە لەخۆگرتنی باسەکە هێندەی تر پێی دەوڵەمەند بووە و ڕازاوەتەوە. فیلمەکە لەڕووی سینەماتۆگرافیەوە بەتەواوی باش وێنەگیراوە و گۆشەی وێنەگرتنی لەخزمەتی بینەر دەبێت تاکو بتوانێت سۆز و نامە شاراوەکانی وەرگرێت بەباشترین شێوە بەتایبەتی لە دیمەنی نافووڕەکە کە بەیەکێک لە بەناوبانگترین دیمەنەکانی مێژووی سینەما دادەنرێت تاکو ئێستا، لەهەندێک دیمەن دا کامێرا بۆ چەند خولەکێک فۆکەس دەخاتە سەر یەک ئۆبجێکت، بێ هیچ گومانێکیش بۆ کۆمەڵێکی زۆر دەبێت بە مایەی وەڕس بوون و بێزاربوون لەدیار هێواشییەکەی. سەبارەت بە نواندن زەحمەتە بتوانرێت ستەم لەو کاست و ئەکتەر و نواندنە جوانانە بکرێت، بەتایبەت نواندنی ئەستێرە ماڕسێلۆ ماسترۆیانی لە ڕۆڵی (ماڕسێلۆ)، بەتایبەتی لەو ساتەوە کە خاڵی گۆڕان و پەرەپێدانی کارەکتەر سەرهەڵدەدات و بینەر ئاشنادەبێت به ناخ و ڕەفتارەکانی ماڕسێلۆ. شتێک هەڵسەنگاندنم بۆی بە مامناوەندی بێت ئاوازەکەیەتی، هەرچەندە نینۆ ڕۆتای زەبەلاح و مەزن ئەرکی ئاوازدانان و بەرهەم هێنانی سکۆری لە ئەستۆ گرتبوو، هەرکەسێکیش ئاشنای نینۆ بووبێت هەر بەبینینی ناوی نینۆ لە کاستی فیلم دەگەشێتەوە و گوێیەکانی تامەزرۆی بیستن و چێژ وەرگرتن دەبن، بەڵام ڕەنگە لێرە بینەر تووشی نائومێدیەک ببێت نەک بەهۆی ئەوەوە کە نینۆ ڕۆتای مەزن پاشەکشەی کردووە بەڵکو ستایلی ئەم فیلمە جیاوازە بەوەی ڕۆڵی سکۆر تێیدا کەمە بەگشتی لە زۆرێک لەو دیمەنانەی میوزیکت گوێ لێ دەبێ هەر ئاوازێکی هێواشی یەک ڕیتمە و هەستت ناجوڵێنێت بەوشێوەیەی بە فێلینی ڕاهاتبوویت، ئەڵبەت ئەمەش وا گونجاوە و لە مەسڵەحەتی ستایلە سارد و تاریکەیەیەتی. لەبارەی دەرهێنان و دیکۆر و جلوبەرگیشەوە کەس گومانی لە ناوازەییەکەی نیە، بەپێی ئەوەی ستایلە ڕەش و ساردەکەی وای خواستووە، دەبینین زۆرێک لە پۆشراوەکان وەک ڕەنگی فیلمەکە کە خۆی ڕەش و سپییە، ڕەشێکی تۆخ و تاریک. لەم فیلمەدا ڕەنگ ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری گێڕاوە بەتایبەت هەر دیمەنێک بار و دۆخی دەروونی کارەکتەر تێیدا بگۆڕێت دەبینین وەک دەربڕینێک ڕەنگ بەشێوەیەکی دیاریکراو دەگۆڕێت. 'ژیانە شیرینەکە' بە سەرچاوەی ئیلهامی چەندین فیلمی مەزن دادەنرێت بەناوبانگترینیان 'فیلمی جوانیە مەزنەکە'ـــی دەرهێنەر پاولۆ سۆرێنتینۆیە کە بە سیمبولی سینەمای ئیتاڵیا دادەنرێت بۆ سەدەی بیست و یەک و جێگەی خۆی گرتووە لە سینەما.

لەکۆتاییدا فیلم نامەیە، وانە و پەند و چیرۆکە، ئاگادارکردنەوەیەکە لەلایەن دەرهێنەرەوە بەپێی ئەزموونی ژیانی خۆی، تۆش بۆ چەند کاتژمێرێک ئەزموونی دەکەیت، 'ژیانە شیرینەکە'ــــش لە مەزنترین ئەو ئەزموونانەیە تا ئێستا دیبێتم و پەندم لێ وەرگرتبن. نمرەی 9/10 بەم فیلمە دەدەم.