Image-Description
چینێما پارەدیزۆ، یوتۆپیایەك لەنێوان دوو کەوانەی کۆمیدی و درامییدا
چینێما پارەدیزۆ، یوتۆپیایەك لەنێوان دوو کەوانەی کۆمیدی و درامییدا

پێشەکی تێڕوانینی ڕەخنەیی لە بەرهەمی سینەمایی هاوشێوەی هەموو داهێنانە ئەدەبی و هونەرییەکان گرنگی خۆی هەیە، لە دیدگای جیاواز و هەمەجۆرەوە دەتوانرێت ڕای جیاوازی لەسەر دەرببڕدرێت و ڕەنگاوڕەنگی ئەم دیدانە وا دەکات بەرهەمەکان جوانتر دەربکەون و لایەنە باش و خراپەکان پەنجەیان بخرێتەسەر و هەنگاوێك زیاتر ڕەوشی ڕەخنە بەرەو پێشەوە ببەن. وەك هەر یەکێك لە ڕەخنەگرە سینەماییەکان، بە دیدی جیاوازەوە لە فیلمەکان دەڕوانم. هەمیشە شیکارییەکان لە ڕوانگەی ئاشکراکردنی نهێنییەکان و ڕوونکردنەوەی سیمبول و ڕووە شاراوەکانی بەرهەمەوە ئەنجام دەدەم، ئەم جۆرەیش لە شیکاری پێویستی بە پاشخانی مەعریفیی هەیە. شیکاری ئەمجارە لەژێر سایەی هەریەك لە چەمکەکانی: (یوتەوپیا، تاوان، ئاین، خۆشەویستی، نۆستۆڵجیا، جەنگ، دانایی) ئەنجامدراوە و داڕێژراوەتەوە. جێی ئاماژەپێدانە شیکاری بۆ فیلمەکان زۆر کات خۆی لەنێو سپۆیڵدا دەبینێتەوە بە پێچەوانەی (پێداچوونەوە). هەر بۆیە گەر فیلمەکەت نەبینیوە، پێشنیار دەکەم خوێندنەوەی ئەم بابەتە هەڵگریت بۆ دوای بینینی فیلمەکە.
دانایی بۆ من لەوەدایە کە مرۆڤ هەمیشە پێویستییەتی لە هەموو شت و کەسەکانی دەوروبەری فێرببێت، بەو مانایەی هەر دۆخێك کە دێتە ئاراوە وانەیەکە و بە شێوازی جیاواز دەتوانین لێیەوە فێرببین. لە ناونیشانی فیلمەکەوە دەروازەی ئەم جارە دەکەمەوە. (چینێما پارەدیزۆ) یەکێكە لەو ناونیشانە سەرنجڕاکێشانەی بە یەکەمین بینین هەست بە نرخی ناوەڕۆکی بابەتەکە دەکەین. بەرکەوتن لەگەڵ ناونیشانی فیلمەکەدا قەصیدە دوورودرێژەکەی شاعیری ئیتاڵی (Dante)م هاتەوە یاد. (Paradiso) لە قەصیدەی (Divine Comedy) دانتییدا سێیەمین و کۆتا بەشە. بە گومان بووم لەوەی ئەم فیلمە پەیوەندی بە (Theology - زانستی ئاینناسیی)یەوە هەبێت، بەڵام دواتر و لەگەڵ بینینی سەرەتاییترین دیمەنەکانیدا دۆخێکی ئاینناسی بەدیدەکرێت. فیلمەکە لەڕووی فۆڕم و شێواز و سترەکچەرەوە بە شێوەی فلاشباکە و باس لە گەورەبوون و بەتەمەندا-چوون دەکات.
شوێن شارۆچکەیەکە لە وڵاتی ئیتاڵیا، کات چەند ساڵێك دوای جەنگی جیهانیی دووهەمە. (سالڤاتورێ) کە بە(تۆتۆ)یش ناسراوە حەز و خولیایەکی زۆری بۆ فیلمەکان و سینەما هەیە. تۆتۆ تەنها شەش ساڵ دەبێت و خوێندکارێكی چالاك و زیرەکی شارۆچکەکەیەتی، هاوسات دوای خوێندن هەمیشە سەر لە سینەمای شارۆچکەکەی دەدات و لەگەڵ (ئالفرێدۆ) کە پیاوێکی بەتەمەنە و لە سینەماکەدا ئیش دەکات و لە ڕووی تەکنیکییەوە بەڕێوەی دەبات، چاودێری کارەکان دەکات و لە نزیکەوە بینەری فیلمەکان دەبێت. ئالفرێدۆ سەڕەڕای ئەوەی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەژی و تەمەنێکی زۆری هەیە بەڵام خاوەنی هیچ منداڵێك نییە. هاوکات لەنێو سینەماکەدا قەشەیەك هەیە و لەژێر دەسەڵاتی ئەمدا سینەماکە بەڕێوە دەبرێت، قەشەکە هەموو هەفتەیەك پێش دانیشتوانی شارۆچکەکە سەیری فیلمەکان دەکات و ئەو دیمەنانەی تیادا دەبڕێت کە پێی وایە دەبێتە مایەی تاوانبار بوون. تۆتۆ لەگەڵ دایك و خوشکێکیدا دەژی و شەوانە بەدیار چرایەکەوە دادەنیشێت و ئەو پارچە فیلمانەی لە سینەماکەدا فڕێدراون کۆیانی کردووەتەوە و لەبەردەم ڕووناکی چراکەدا سەیری گرتەکان دەکات و سیناریۆیان بۆ دادەڕێژێتەوە. باوکی تۆتۆ سەربازی جەنگە و نەگەڕاوەتەوە، هەرگیزیش ناگەڕێتەوە و لە جەنگ دەمرێت. تۆتۆ پێش دایکی ئەمەی بۆ دەردەکەوێت بەڵام بەهۆی ساکاری و منداڵییەوە زۆر درك بەو بارە قورسەی دایکی ناکات و خەمی سەرەکی ئەم بینینی فیلمەکانە. ناخۆشییەکانی تۆتۆ تەنها بە مردنی باوکی کۆتاییان نایەت، سینەماکە دەسووتێت و ئالفرێدۆ چاوەکانی لەدەست دەدات. قەشەکە دەسەڵاتی بەسەر سینەماکەدا نامێنێت و ناتوانێت زیندووی بکاتەوە، هەر بۆیە دەوڵەمەندێکی شارۆچکەکە سینەماکە دەکڕێتەوە و چاکسازی تیادا دەکات. بەم شێوەیە تۆتۆ بەو منداڵییەی خۆیەوە جێگای ئالفرێدۆ دەگرێتەوە و لە ڕووی تەکنیکییەوە سینەماکە بەڕێوە دەبات.
شارۆچکەکە پڕییەتی لە کەسایەتی جیاواز و نامۆ: شێتێك کە پێی وایە ناوەندی شارەکە هی خۆیەتی و کۆمەڵێك منداڵ کە بە گرانی باری ژیانیانەوە ڕۆژ تێدەپەڕێنن. یەکێك کۆمیونیستە و بەزۆر لە شارۆچکەکە دەردەکرێت، هەندێکیش لە ژیانیاندا دیمەنی ماچیان بەخۆوە نەدیوە و بە ئاواتی ئەوەوەن ڕۆژێك لە سینەماکەدا دیمەنی ماچ و ڕۆمانس ببینن. ئەوەی تاوەك ئێرە باس کرا پڵۆتێکی خێرا و کورتی فیلمەکە بوو بەبێ بوونی (ڕووداوە سەرەکییەکان). ئەوەی ماوەتەوە ڕووچوونە بەنێو ناخی کەسایەتی و هەڵدانەوەی نهێنییەکان و ئاشکراکردنی سیمبول و پەیامە شاراوەکانی نێو فیلمەکەیە.
دەبێت ئەوە بزانرێت کە فیلمی (Cinema Paradiso) بەپێی دیمەنە گشتییەکەی، هەموو کایە و توخمەکانی نێوی هەریەکە و بۆ سیمبول و مانای جیاواز دەگەڕێنەوە. جێی باسە (دیمەنی گشتی) لە زمانی فەڕەنسییدا بە (Mise-en-scène - میز ئان سێن) بۆ شانۆ و سینەما ناسراوە و بە مانای باسکردنی چیرۆك و گێڕانەوە دەکات لە ڕێگەی هەموو ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی فیلمەوە; هەروەك (سینەماتۆگرافی، ستۆری بۆرد، دیزاین، بەرجەستەکردنی هونەری). کەواتە هەموو دیمەن و کەسایەتی و فیگەرەکانی نێو چینێما پارەدیزۆ کاریگەریی تایبەت بە خۆیان هەیە و واتای جیاواز دەدەن بە دەستەوە. قەشەی شارۆچکەکە (ئادێلفیۆ) سیمبوڵی (سێنسۆرشپ) و کۆنتڕۆڵکردنی کردەوەکانە. هاوسات کەسایەتی ئادێلفیۆ کەسایەتییەکی نیان و بەخشندە و لێبووردەیە، بە پێویستی دەزانێت خەڵك لە تاوانەکان وریا بکاتەوە و ڕێگر بێت لە تاوانباربوون. بەڵام لەهەمان کاتدا بووەتە هۆی درووستبوونی خەمێکی گەورە لەلای تاکەکان و کەبت بوونی خۆشەویستی و سۆز بە ئاشکرا لەسەر ڕووخساری هەموو چینەکانی شارۆچکەکەدا بەدی دەکرێت. زۆرکات کە مرۆڤ لە بینینی جوانییەکان بێبەش دەبێت و ڕێگیری لێ دەکرێت لە بینینیان، هەوڵی ئەوە دەدات بە نهێنی و بە شێوازێکی توندتر ئەو جوانییانە بەدی بکات. هەر ئەمەشە وادەکات نائومێدیی باڵ بەسەر دەروونی تاکەکاندا بکێشێت.
خۆشویستنی کار و باوەڕبوون بەوەی "خود چی دەوێت دەبێت ئەوە بکرێت" کارێکی گەورەی مرۆڤن. لە نێوەندی سەرەتا و دروستبووندا کێشەگەلێكی زۆر دێنە بەر ڕێگاکەمان. بەڵام کاتێك مرۆڤ بەهێز دەبێت کێشەکانی لەلا دەبێت بە وانە و بە هۆیانەوە زیاتر فێردەبێت و هەوڵی مانەوە و سەرکەوتن دەدات. تۆتۆ لە قۆناغی هەرزەکارییدا خۆشویستنی کچێك سەرتاپا دەروونی دادەگرێتەوە و مەستی دەکات. کچەکە سەر بە خێزانێکی دەوڵەمەندی شارۆچکەکەیە و تۆتۆ سەرگەردانییەك بۆ ڕازیکردنی دایدەگرێت. دوای ماوەیەك و ماندووبوونێکی زۆر تۆتۆ کچەکە ڕازی دەکات، بەڵام خۆشبەختییەکەیان پێکەوە زۆر ناخایەنێت و کچەکە شارۆچکەکە جێدەهێڵیت. سەڕەڕای نیگەرانییەکەی تۆتۆ، ئالفرێدۆ بە ئامۆژگاری و دونیا بینینەکەی دەتوانێت تۆتۆ لەوە تێبگەیەنێت کە مرۆڤ نابێت دەست لە ژیان هەڵبگرێت لەکاتی ڕووداو و لەدەستدانەکاندا. ئالفرێدۆ سیمبولی ژیری و داناییە، سەڕەڕای نەبوونی هیچ منداڵێك بەڵام هەمیشە تۆتۆ بە منداڵی خۆی دەزانێت و بە ئامۆژگارییەکانی ئەم تۆتۆ گەورە دەبێت. ئالفرێدۆ خۆی بە گەمژە و گێل دەزانێت و پێی وایە کارەکەی جێی گاڵتەجاڕییە، بەڵام خۆشویستنی فیلم و دڵخۆشکردنی بینەرانی سینەماکە وایان لێی کردووە دەست لە کارەکەی هەڵنەگرێت و لەگەڵ کوێربوونیشیدا هەمیشە سەردانی تۆتۆ بکات. ئالفرێدۆ وەك زانا و حەکیمێك ڕۆڵی نهێنی دەگێڕێت، دەزانێت شارۆچکەکە نەفرەتی لێ کراوە و پێویست دەکات تۆتۆ بۆ دۆزینەوەیە ژیانێکی نوێ و پڕ خۆشبەختی جێی بهێڵێت. تاقیکردنەوەی شتی نوێ و ناسینی کەسانی نەناسراو و سەردانیکردنی شوێنی نەبینراو، وادەکەن مرۆڤ چاوی بکرێتەوە و ئاسانتر لە شتەکان تێبگات. لە کۆتاییدا ئەوە ئەزموونە مرۆڤ گەورە دەکات نەوەك زۆرزانین. تۆتۆ دەڕوات و شارۆچکەکە جێدەهێڵێت، دەبێتە دەرهێنەر و سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. بەڵام هەرگیز ناتوانێت خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە بدۆزێتەوە و هەمیشە نۆستۆڵجیا (ڕابردوو) ترسێکی گەورەی ئەم بووە و نەیتوانیوە خۆی لێی ڕزگار بکات تەنها خۆ کەڕکردن نەبێت. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە بوونی خۆشەویستی ڕاستەقینە وادەکات مرۆڤ باشتر پێبگات و ڕووبەڕووی ڕاستییەکان و ڕووداوەکان ببێتەوە. تۆتۆ بەهۆی نەبوونی خۆشەویستی و هاوسەرێکی ڕاستەقینە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ترسەکان تۆقیوە و ناتوانێت چاو بە ڕوویاندا هەڵبهێنێت. هەر ڕۆژە و لە باوەشی کەسێکی جیاوازدا خۆی دەبینێتەوە و نازانێت بەڕاستی "خود" چ مانایەکی هەیە، هەتاوەك ئەوکاتەی دەگەڕێتەوە لای دایکی و ئامۆژگاری ئەوەی دەکات دەبووایە ڕێگە نەدات خۆشەویستی ڕاستەقینە لەدەست بدات و تەنها یەك کەس بەسە بۆ بەخشینی خۆشەویستییەکی هەتایی. دوای سی ساڵە تۆتۆ دەگەڕێتەوە بۆ شارۆچکەکە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هەواڵی مردنی ئالفرێدۆی پێدەگات لەلایەن دایکییەوە. لە دیمەنی گەڕانەوەی تۆتۆدا دایکی خەریکی چنینە. بەهۆی کارکردنی بەردەوام و تەمەنە هەڵچووەکەیشییەوە چنین بووەتە کارێکی گران، بەڵام لەگەڵ بیستنی تەقەی دەرگاکە و گەڕانەوەی کوڕەکەی، هەموو ئازار و خەم و هیلاکییەکانی لەلا پووچ دەبنەوە و لەگەڵ ڕۆشتنیدا پەتی خورییەکە دەبات و چنینەکە شی دەکاتەوە. ئەمە بەو مانایەی هیچ ماندووبوون و هیلاکی و بێزارییەك بە ڕووی خۆشەویستییدا هەڵ نایەن و شکست دەهێنن.
مرۆڤ هەرچەند بێلانە و بێ ماڵ بمێنێتەوە هاوسات گەر کۆمەڵگا و نیشتیمان هاوسۆز و هاوخەمی بن، سەر شەقام و جادەی تەڕ و ڕەقی لێ دەبێتە موڵك و بە دونیایان ناگۆڕێتەوە. ئەمە لەو شێتەوە فێردەبین کە هەمیشە بە نێوەند و ناوجەرگەی شارۆچکەکەدا ڕادەکات و هاوار دەکات: "ئەم ناوەندە هی منە، هەمووی هی منە." گەر مرۆڤ لەوپەڕی نائومێدییشدا خۆی بدۆزێتەوە، نیشتیمان و کۆمەڵگەی دڵسۆز دەبنە هۆی مایەی دڵخۆشبوون و بەردەوام بوونی.
ئەوەی ماوە (چینێما پارەدیزۆ) خۆیەتی. ئەم سینەمایە دەبێتە یۆتۆپیایەك لەنێوەندی جیاوازی ئاین و ئایدیا و چین و تاکەکانی کۆمەڵدا. هەموو لەنێو خاكی وێرانە و دڵتەنگییدا دێنە دەرەوە و لێرەدا کۆدەبنەوە و خەمەکانیان دەبنە یەك و بەیەکجار بەبادا دەچێت. چینێما پارەدیزۆ دەبێتە لانەی فێربوون و پێدانی خۆشەویستی، قوتابخانەی پێگەیاندنی تاکەکان و بەخشینی دانایی. ئەم سینەمایە دەبێتە یوتەوپیا، کۆمەڵگە زیندوو دەکاتەوە و جەنگ دەکوژێت. پێگەی یەکەمین ڕووداو و کۆتا ڕووداوە، یەکەمین خەندە و کۆتا خەندەیە. ئەم شوێنە ئەفسوناوییە لەگەڵ داڕمانیدا دیتۆپیایەك دەهێنێت و لە جێی خۆیدا ئاڵۆزی دەکاتە بەری شارۆچکەکە. لەمەوە فێردەبین کە گرنگ نییە لە نێو ژیانماندا چ بارودۆخێك دەگوزەرێت و ئاڵۆزییەکان چەندێك زۆرن، هەتاوەك کانگایەك بوونی هەبێت بۆ دروستکردنی خۆشەویستی نێوان تاکەکان و بەخشینی دانایی و ژیری بەنێو کوچە و کۆڵانەکانی ڕۆحدا.
مۆسیقای نێو فیلمەکە یەکێکە لە کاریگەرترین ڕەگەزەکانی فیلمەکە، بە شێوەیەك پێوەی دەبەسترێیتەوە و بە نێو جیهانی کۆمیدیا و درامادا دەتهێنێت و دەتبات. وە بە یەکێك لە کاریگەرترین مۆسیقاکانی سینەما دادەنرێت، کە هەردوو ئاواز دانەر (Ennio Morricone, Andrea Morricone) کاری داڕشتنەوەیان بۆی کردووە. سینەماتۆگرافییەکەیشی، شان بە شانی ئەو کارەکتەرانەی پەنجەیان خرایە سەر و باس کران، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دیمەنەکان هەیە و بینەر پێیان مانا و دەلالەتی زۆر لە هێماکانی بۆ ئاشکرا دەبێت. جێی باسیشە دەرهێنەر (Giuseppe Tornatore) کە دەرهێنانی بۆ فیلمی (Malena)یش کردووە، ناتوانێت لە نێوان مەلینا و سینەما پارادیزۆدا دانەیەکیان هەڵبژێرێت و هەردوو فیلمەکەی بەلاوە گرنگ و بەپێزە. چینێما پارەدیزۆ دراما ٢ کاتژێر ٣٥ خولەك ساڵی دەرچوون: ١٩٨٨، ئیتاڵیا دەرهێنەر: Giuseppe Tornatore خاوەنی ئۆسکارێك و ٢٣ بردنەوەی دیکە و ٣١ نۆمینەیشن پلەی ٥٤ لە ڕیزبەندی دەنگپێدراوترین فیلمەکان IMDb rate: 8.5/10 My rate: 8/10 Rotten Tomatoes: 90% Metacritic: 80% نووسین و ئامادەکردن: شا شێوەکار (حسن فلاح)