Image-Description
ئەنتیکرایست و دژەبینەر؟ یان گۆشەنیگایەکی دی بۆ تریە؟
ئەنتیکرایست و دژەبینەر؟ یان گۆشەنیگایەکی دی بۆ تریە؟
توندترین فیلم لە مێژووی سینەمادا؟

پێشەشکی، ئەم شیکارییە پێکهاتووە لە باسی؛ ئیسثەتیسیزمی مردن (جوانیی مردن)، ئازار، نایەڵیزم، سەیدۆماسۆکیزم، هونەر، سایکۆپەثی، شامانیزم، تاوان، سێکشواڵیتی، خودا و یوتەوپیا (بەهەشت). لەگەڵ سپۆیڵکردنی بەشێک لە پڵۆتی فیلمەکە، بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە و شیکارکردنی، ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی هێندە ئەم فیلمە ئابستراکتییە و بۆ سیمبوڵایزکردنی چەمک و ماناکان کار دەکات هێندە بە ڕاستەوخۆیی کار بۆ گەیاندنی مانا ناکات. دەربارەی دەرهێنەر

Lars Von Trier لارز ڤۆن تریە، ئەو دەرهێنەرە دانیمارکییەیە کە دەمەوێت سەرنجتان بەلایدا ڕابکێشم. بۆ جاری دووهەممە بەرهەمی لارز دەبینم، لەدوای فیلمی نیمفومەینیاك کە لە دوو بەش پێکهاتبوو، ئێستا ئێنتیکرایستیشم ئەزموونکرد. بەدڵنیاییەوە لارز هاوشێوەی تارکۆڤسکی، ئەو دەرهێنەرەیە تا دێت لێوەی دیوە شاراوەکان و دایمێنشنە نەبینراوەکانی ژیان دەردەکەون و فێردەبین. جیهانی لارز جیهانێکی ڕیاڵیستیک و ڕیاڵیزمی ئەفسووناوییە، کێشە و گرفتە خودییەکان و ناخی ئاڵۆز و دەروونی مرۆڤ، هەموو ئەو ناشرینییانەی خۆمانیان لێ گێل دەکەین، لارز کاریان لەسەر دەکات. بە شێوە واقیعی و دروستەکەی، گەر تۆ بتەوێت لارز ناشرینی و ڕق و بێزاریت لەنێو خۆشییەکاندا نیشان بدات، دیمەنێکی سێکسی سادیی، بەبێ وجوودی خۆشەویستی و هێنانەوەی خوێن، لەنێو چوارچێوەیەکی ڕازێندراو بە ڕووناکیت بۆ دەردەخات، کە ئەمە سەدا سەد ئەو ڕاستییەیە کە تۆ داوایت کردووە و ناشتەوێت بیبینیت. تێگەیشتن لە بیرۆکەکانی لارز کات و ئەزموونکردنی زانست و هونەریان دەوێت، ئاسان نییە ئێمە لەو هەستانە تێبگەین کە لە ژیانماندا ئەزموونمان نەکردوون، هەر ئاواش ڕەتیان دەکەینەوە چونکە پێمان نەگەیشتوون. لارز لە چاوپێکەوتنێکیدا دەربارەی ئەو پرسیارەی کە دەڵێت، بیرۆکەی فیلمی ئێنتیکرایست لە چییەوە هاتووە، دەڵێت: "بەڵێ لەڕاستییدا تا زیاتر قسەی لەسەر بکەم زیاتر دەکەومە گومانەوە کە بیرۆکەی فیلمەکە چییە، بەڵام پێم وایە بیرۆکەی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکی ترسناک، وە پێم وانییە کە من سەرکەوتوو بووم، بەڵام هەوڵمدا". لەڕاستییدا من هاوڕای ئەوەم کە بیرۆکەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە بیرۆکەیەک بووە بۆ فیلمێکی ترسناک، باوەڕیشم وایە سەرکەوتوو بووە لە بەرهەمهێنانەکەیدا، چونکە فیلمێکی ترسناکە لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە و ئیماپکتێکی گەورە دروست دەکات لەسەر بیرکردنەوە و تێگەیشتنەکانی بینەر. ئەوەی لەم چەند پەرەگرافەی داهاتوودا دەیخوێنیتەوە، توندە، هەموو ڕاستییەکانە. سێینەی غەمۆکی

پۆستەری سێ فیلمی لارز ڤۆن تریە (سێێنەی غەمۆکی) فیلمەکە وەک بە شێوەیەکی نافەرمی باس دەکرێت، بەشێکە لە (سێینەی غەمۆکی) کە بەدوایدا هەردوو فیلمی (Melancholia و Nymphomaniac) دێن، پڵۆتی فیلمەکەش هەروەک بە ڕوونی لە فیلمەکەدا دەرخراوە، پێکهاتووە لە؛ دەستپێک، چوار چاپتەر، کۆتایی. بەشی یەکەم دەستپێک؛ Prologue

کاتێك مرۆڤ لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەوپەڕی چێژە، بەرپرسیارێتییەکانی بیردەچێتەوە. هەر لێرەدایە گەورەترین هەڵەکانیش ڕوودەدەن، بوونی کۆنفڵێکتێکی کارا لەنێوان دوو بەردا، لە نرخ و ماهیەتی دروستبوونی کۆنفڵێکت و ئەگەرە مەترسیدارەکانی دیکە کەم دەکاتەوە. سێکس وەك سەرچاوەیەکی فراوان و باوی گەیشتن بە چێژ، مرۆڤ لە ئاگاییەوە بەرەو بێئەگایی دەگوازێتەوە. لە ساتی وەرگرتنی چێژدا، لەلای مرۆڤ گرنگ نییە چی دەبینێت، ئەوەی ڕوودەدات چ گۆڕانکارییەک دروست دەکات، ئەمەش لە هەناوی ئەو جەنگە دەروونییەوە دێت کەناتواندرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت. لە دەستپێکی ئەم فیلمەدا، بوونی ئینسیدێنتی گەیشتن بە چێژ، پەل دەهاوێت بەرەو مردن. مردنێک کە لە چوارچێوەی ڕووداوێکی چاوەڕوانکراودا خۆی دەبینێتەوە، کە ڕێگە خۆشدەکات بەرەو کۆنفڵیکتێکی داڕوخێنەر و کوژەر، کۆنفڵێکتێک لەگەڵ خوددا و لەو ساتەوە ڕووداوەکان ڕوودەدەن. بەشی دووەم - ناوەڕۆک پاژی یەكەم: Grief؛ غەم

گرانە بۆ مرۆڤ هەموو تاوانەکان بە یەکجار بخرێتە ئەستۆی، لەوە گرانتر باوەڕبوونییەتی بەو تاوانبارییە. هەمیشە لەدوای داڕووخان بیرمان بەلای خۆشگوزەرانییەکی دیکەدا ناچێت، ئەوە دەبینین کە ڕوویداوە، هەوڵیش بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان نادەین. غەم لەم فیلمەدا مرۆڤێکی نارسیسیست و ئارۆگنت و خۆبەگەورە زان بەرەو داڕووخانێکی سەخت دەبات و خودی خۆی لەبیردەباتەوە. کاسایەتی مێینەکە ( ناوی نەزانراوە) ڕووبەڕووی لەدەستدانی مێینە بوون و دایکایەتی خۆی دەبێتەوە. ئەمە یەکێکە لەو کێشە گەورانەی ڕووبەڕووی تاکی مێینە دەبێتەوە، هەستکردن بە تاوانباری و ڕقلێبوونەوەی ڕەگەزی خۆی، بە کەم دانانی نرخ و سەنگی مێینە بوون و ڕەتکردنەوەی واقیع لە دژی ئەو تاوانانەی دەرحەقی دەکرێت. بدرێژایی شەو تاوەک بەرەبەیان بیرم لێی دەکردەوە، گەر ئەم فیلمە (میسۆجینیست - دژە مێینە) نەبێت، ئاخۆ بوونی دیمەنی ماشۆسی و سادی توند دەرحەق بە مێینە تیایدا، بۆچی دەگەڕێتەوە؟ یان ڕقبلێبوونێکی گەورەی خودی؟. فیلمی (The Stoning of Soraya)م هاتەوە یاد، تیایدا سورەیا ڕەجم دەکرێت، بەهۆی ئەو تاوانەی کە نەشیکردووە. بەڵام لێرەدا بڕیاردانە بەوەی کە خود هەم ببێتە تاوانبار و هەم قوربانی، خۆبەدەستەوەدانە بەرانبەر بە ڕقلێبوونی خودی، هەستکردنە بەوەی ڕۆح لە زیندانیکراوێکی نێو جەستە زیاتر هیچی دیکە نییە، تاکە ڕێگەیش بۆ دەربازبوون لێی چەشتنی ئازار و حەزە پێکەوە. پاژی دووەم: Pain؛ ئازار (پەشێوی ڕۆڵ دەبینێت؛ Chaos Reigns)

قۆناغی دوای غەمۆکی، ئاوێتەبوونی غەمە لەگەڵ خوددا لە دەمی نەبوونی چارەسەردا. کاتێك مرۆڤ دەگاتە ئەو ئاستەی کە ئاوێتەبوونی دەروونی لەگەڵ غەمدا ڕوودەدات، هەست بە چاکبوونەوەیەکی لەپڕ و گەورە دەکات. ئەمە لە ڕاستییدا چاکبوونەوە نییە، هەستکردنە بە هیچ، ڕەتکردنەوەی هەموو شتێكە. لەم ئاستەدایە مرۆڤ دەبێتە تاکێکی نایەڵیست، لە خودەوە تاوەک خوداش ڕەت دەکاتەوە. بینینی ژیان، لە دیدی مرۆڤێکی نایەڵیستەوە وەک ئەوەی هیچە؛ لەو داخەوە سەری گرتووە کە ژیان و سروشت سەرچاوەکەی بوون، تاکەکانیش وەک کۆمەڵەیەکی خەمسارد و بێئاگا لەوەی چی ڕوویداوە. دوای ئەوەی کارەکتەرە مێینەکە، پێ دەنێتە نێو ئەم قۆناغەوە، شتەکان ئاڵۆز دەبن و ڕێچکەیەکی توند دەگرن. هەستکردن بە پەردوی ڕۆحی خۆی کە لەنێویدا وەک گێژەڵووکە خول دەخوات، زیاتر هاری دەکات و بەرەو بوونێکی سادی و ئازارخواز دەچێت. بۆ ڕاکردن لەو دۆخە ناهەموارەی تیایدایەتی، داوا لە مێردەکەی دەکات هێز بەکاربهێنێت و لەگەڵ سێکسدا لێیبدات، گەر واش نەکات ئەوا ئەمی خۆشناوێت، ئەم دۆخە وای لێدەکات ئازاری مێردەکەشی بدات و برینداری بکات. لێرەدا سێکس وەک هۆکاری گەیشتن بە چێژ و خۆشی دەگۆڕێت بۆ هۆکاری هەستکردن بەرەو ئازار و نەمان. پاژی سێهەم: Despair؛ نائومێدی (Gynocide؛ کوشتنی بەکۆمەڵ)

ئەوەی هەمیشە سەرنجمی ڕاکێشاوە ئەوەیە چۆن مێ مافی مێینە دەخوات و ڕێگە خۆشدەکات نێر مافی بخواتەوە. زۆربەی کات ئەوەندەی مێینە ئەشکەنجە و ئازاری ڕەگەزی خۆی دەدات هێندە نێرینە بەرانبەری تاوان ئەنجام نادات. ئەمە لە نیوەی یەکەمی چاپتەری سێهەمدا بە ڕوون و ئاشکرا دیارە، کاتێك مێردەکەی ئەو وێنانە دەدۆزێتەوە کە تیایدا دەرکەوتووە هاوسەرەکەی دەرحەق بە منداڵەکەیان تاوانی ئەنجام داوە. خۆبینینەوە لەنێو گرژی و ئاڵۆزی دەروونییدا خودا بەرەو نەبوون دەبات؛ نەبوونی توانای پێویست بۆ دەربازبوون لەو دۆخە وا لە مرۆڤ دەکات بیر بۆ ترسناکترین بیرۆکە بکاتەوە. لە دیمەنێکی ئەم پاژەدا، بە مێردەکەی دەڵێت: "تەنانەت نیکیش لەوێ نەبوو بۆم". ئەم ڕستەیە زۆر هەڵدەگرێت، نیک ئەو منداڵەیانە کە هەموو کێشەکان بەدوایدا دروستبوون، نیک تەمەنی لە ٢ ساڵ تێپەڕ ناکات و خاوەنی هەست و ژیری نییە، ناشکرێ بەرانبەری ئەو داخە هەڵبگیرێت کە بۆچی لەکاتی ناخۆشیدا ناتوانێت لەگەڵ کەسدابێت؟. ئەمە لەو کەلێنە عاتیفی و خۆشەویستییەوە سەرچاوەی گرتووە کە مرۆڤ لە ناخیدا دەیهێڵێتەوە. ڕقەکان لەم پاژەدا زیاتر لەنێو دڵدا کۆدەبنەوە، لە دیمەنی نیوەی کۆتاییدا، پەلاماری مێردەکەی دەدات و بەزۆر دووبارە سێکسی لەگەڵدا ئەنجام دەداتەوە. نەبوونی خۆشەویستییەکی پێویست، لەبری چارەکردن و لەبیربردنەوەی داخ و زام، ئازارەکان قووڵتر دەکاتەوە. لەم ساتەدایە دۆخەکەی بەرەو سایکۆپەثی دەچێت، پڕ بەهێزی خۆی پارچەیەک دار دەکێشێت بە چوکی مێردەکەیدا و لەهۆشی دەباتەوە، لە داخی ئەوەی ناتوانێت بیگەیەنێت بەوپەڕی چێژ، بە دەستی خۆی لە بری ئاو، خوێن بۆ مێردەکەی دەهێنێتەوە، دواتر قاچێکی کون دەکات و ڕۆڵەیەکی بەردی پێوە دەبەستێت. ئەمە مانای سەرەتای نزیکبوونەوەی مردنە، هێنانەوەی خوێن لەو پەژارەیەوەیە کە لە ڕۆحی شکاوی ژنەکەیدایە. پاژی چوارهەم: The Three Beggars؛ سێ سواڵکەرەکە

لەنێو فیلمەکەدا، چەند فیگەرێکی دیکە ڕۆڵ دەبین؛ ئاسکێک، قەلەڕەش و ڕێوییەک. بەدرێژایی فیلمەکە، بە فلاشباک و بە ڕاستەوخۆیی پەیوەندی لەگەڵ هەردوو کارەکتەرە سەرەکییەکە دەبەستن. گرێدانەوەی ئەم سێ فیگەرە، دەکرێت مانای زۆر و جیاواز هەڵبگرێت لەلای لارز ڤۆن تریە. ئەوەی دیارە، کاتێك لەم پاژەدا کارەکتەرە مێینەکە (کلیت - میتکە)ی خۆی دەبڕێت و هاوار دەکات، بەو هاوارە ئەم سێ فیگەرە بە ئاگا دێن و دەگەنە لای. پێش ئەوەی ئەم کارە ئەنجام بدات، بە مێردەکەی دەڵێت: "کاتێک سێ سواڵکەرەکە دەگەن، یەکێک دەبێت بمرێت". بڕینی بەشێکی هەستیاری زێ، وەک مردنی ژیان و چێژە، گەیشتنە بە کۆتایی و نغرۆبوونی هەموو خۆشییەکان و بوونە. دەست هەڵگرتن لە هەناسەدان و خۆبەدەستەوەدان و چۆکدادان بۆ مردن، کۆتایی هەموو غەمێکە. ژینگە دەگۆڕێت بۆ جادووگەری و ڕووداوەکان ڕەوتێکی ترسناک دەگرنە بەر، مێردەکەی لە ترسی هەموو ئەو غەم و تاریکییانەی ژوورەکە دادەپۆشن هەنگاو بەرەو مردن دەبات و دەیهێنێتە خزمەتی هاوسەرەکەی، سووتانیش دەکاتە کۆتا دیمەنی بوونی لە ژیان و سروشتدا. بەشی سێیەم کۆتایی؛ Epilogue

هەر شتێك ڕووبدات، بەرەو هەرکوێیەک بچین، سروشت بە یاسا کۆن و بنەڕەتییەکەی خۆی کاردەکات. بەرهەڵستکاری و بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێزە گەورەیە، لە فەنابوون و لەناوچوون زیاتر هیج بە بوونەوەرەکان نابەخشێت. دۆزینەوەی سروشت لەنێو هەناودا و ئاوێتەبوون لەگەڵ هەموو ئەو نەنگی و ناشرینی و توندییانە، بەرەو نەمریمان دەبەن. لێرەدایە، هەموو ئەو ڕۆحە ئازاردراوانەی بەبێ تاوان بوونە قوربانی ڕەگەز و حەز و ئارەزووەکان، دێنەوە و بە بێدەنگی نەفرەت لە هەموو کردارەکان، لە سەرەتای بوونەوە تا هەتایی دۆزەخ، دەکەن. بۆچوون و لێکدانەوەی وتارنووس

مردن چەندێکیش نەخوازراو و ناوادەبێت، جوانە. مردنە وادەکات شتەکان بە نرخی خۆیان بمێننەوە و نەفەوتێن، خودی مردن و کاریزمای لەدەستدان، هێندەی کەلێن دەخەنە نێو ژیانەوە هێندەش شتەکان جوان دەکەن. بوونی ئەو دەقەی لەنێو فیلمەکەدا کە دەڵێت: "Freud is dead"، شاکارێکە. فڕۆید دەڵێت: "کەس باوەڕ بە مردنی خۆی ناکات. لە بێئاگاییدا هەموو باوەریان وایە نەمرن". کەوابێت، ئەوەی لەم فیلمەدایە هەستکردنە بە مردن و ئیسثەتیسیزمی مردن، باوەڕبوونە بە مانەوەی هەتایی (خلود) دوای مردن.

ئێنتیکرایست، فیلمێکی دەروونی قووڵ و گرانە، نیمچە خاو و بێزارکەرە. پێویستییەکی زۆری بە بیرکردنەوەی قووڵ و تێگەیشتنێکی باش هەیە. دیوە ڕوونەکانی نێوی هیندەی گرێی گەورەن و بەرەو ڕەمز و نیشانی ئاڵۆزت دەبەن، هیلاک دەبیت بەدەست تیگەیشتن لێی. بۆ زۆرکەس فیلمێکی بێ مانا و بێ بایەخە، لای زۆرینەی ڕەخنەگران فیلمێکە هێندەی دژی مێینە کاری کردووە هێندە کاری بۆ چارەسەری گرفتەکان نەکردووە. بەڵام لەلای من هەموو ئەمانە پێچەوانەن. گەر ئارەزووی فیلمێکی درامی دەروونی زۆر قووڵ بۆ تێگەیشتن دەکەن، ئەم فیلمە فیلمێکی ناوازەیە. سینەماتۆگرافی و گرتەکانیشی ناوازە و هونەری بوون و دەکرێت نووسینێکی دوو ئەوەندەی ئەمەی بۆ تەرخان بکرێت و لێی بکۆڵدرێتەوە. بەکارهێنانی میوزیک و دەنگ، فیلمەکەیان سەرسوڕهێنەر کردووە. فیلمەکە بۆ ئەو کەسانە گونجاو نییە کە نوێن لە سەیرکردنی فیلم، گرنگییەکی چر دراوە بە چیرۆک و مانا. وە بە هیچ شێوەیەک بۆ ئەو کەسانە گونجاو نییە کە بە دیمەنی وروژێنەر و سێکس بێزاردەبن. تایبەتە بەو کەسانەی دەروونیان جێگیرە و تەمەنیان لە قۆناغی ئەدۆڵت (پێگەیشتوو) و بەرەو سەرە. ئێنتیکرایست دراما/ترسناک/دەروونی ١کاژمێر ٤٨خولەك لە نووسین و دەرهێنانی: لارز ڤۆن تریە ساڵی ٢٠٠٩ IMDb rate: 6.6/10 Rotten tomatoes: 51% My rate: 7.0/10 ئامادەکردن و نووسینی: شا شێوەکار (حسن فلاح)