Image-Description
خەونەکانی شاعیرێکی مردوو
خەونەکانی شاعیرێکی مردوو
" من بۆ خۆشی نانوسم , من دەنوسم تا لەشەڕی ئەفکاری خۆم ڕزگارم بێت , ئەمە شتێک نیە بە ویستی خۆم بەڵکو شتێکە ناچارم فریدریک نیتچە" ویستی هێز لەبارەیی جیهانە داخراوەکەی (خەونەکانی شاعیرێکی مردوو):- فیلمی(خەونەکانی شاعیرێکی مردوو) فیلمێکی ئاسایی نیە ... فلیمێکی تایبەتە ... تایبەتییەکەی ناگەڕێتەوە بۆ کەرەستە یاخود تەکنیکێکی دیاری کراو , هەرچەند ئەمە واتای ئەوە نییە بە دوورە لە تەکنیکێک . ئەوەی ئەو فیلمە دەکاتە فلیمێکی تایبەت,ئەو شتەیە کە فینۆمینە(دیاردەیی) کردوە لەم فیلمەدا, کە من ناوی دەبەم بە (بە بەهانەکردنی سینەما). ئەم فیلمە تەواو دوورە لەوەی کە (ئامانج)ەکەی لەوەدا کۆبکاتەوە کە خشتێک بخاتە دیواری ئەبەدی سینەما , یاخود (ئامانج)ەکەی ڕازی کردن و دوور خستەوەی بینەر بینەر بێت لەو کەش و باردۆخەی تێدایە, یاخود (ئامانج)ەکەی گەیاندنی پەیامێک بۆ بینەر . ئەم فیلمە ئامانجی یەکەم و کۆتایی خۆیەتی. واتا ئەو مەعریفەیەیی کە دەکرێـت دەست بخرێت لە بارەی فیلمەکەوە هەرگیز لە دەرەوەی فلیمەکەنیە. ئەم فیلمە(بەهانەکردنی سینەما)یە بۆ هاتنە دەرەوە و دیاردەکردنی شەڕێکی وجوودی, شەڕی ئەزموونێکی تایبەت، کە شەڕی بیرکردنەوەی خودی دەهێنەرە . شەڕ بە واتایی خراپە نا, بەڵکو بەو واتایەی هەموو بیرکرنەوەکانی دەرهێنەر سازە لەگەڵ هەموو ئەو کێشە تۆقێنەرانەی بەسەر وجوودی ئینساندا دێن , بەشێوەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی چانسی وەدەست خستنی مەعریفەیەک لەبارەی فیلمەکەوە تەنها گەڕانەوەی ئینسانە بۆ ئەو دۆخە وجوودیەیی تێیدایە . بۆیە من ناڵێم دەبێت بێ هیوا بین لە تێگەیشتن لە ئامانج و مەبەستی دەرهێنەر , چون من پێم وایە بە ڕوونی دەرهێنەر هیچ ئامانجێکی نیە . (نەبوون_ی_ ئامانج) لە بەرهەم هێنایی ئەم فیلمە بۆ من هیچ ناکەوێتە نێو بەستێنی (نیهلیزم)ەوە . هەرچەند دوور نیە لەنیشاندانی سیما و جۆرێک لە (نیهلیزم) .. بەڵکو (نەبوون_ی ئامانج) مەفهومەی هەر یەک لە (ئۆتۆلۆجیەکان) کە زیاتر چەمکی پڕۆژەیی بوون بەکاردەهێن , هەروەها (جەوهەرگەراکان) ئاشکرا بوونی جەوهەر بەکاردەهێنن . کە هەریەک لە پڕۆژە یاخود ئاشکرا بوونی جەوهەر بابەتێکی تەواو وابەستی ڕوحی دەهێنەرە کە دەرهێنەر دەیەوێت سینەما بکاتە بەهانەیەک بۆ پڕۆژەی بوونی یاخود ئاشکرابوونی ئەوەی کە جەوهەریدا هەیە (ئەو_کە_چۆن_هەیە یان ئەو_کە_چۆن_دەیەوێت_هەبێت) نیشانی بدات . هەر یەک پڕۆژەیی بوون و ئاشکرابوونی جەوهەر بابەتێکە تەواو وابەستەیی وجوودی دەرهێنەرە. دەمەوێت دووبارە جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە (ئامانج)ی یەکەم و کۆتایی فیلمەکە هەر خۆیەتی فیلمەکە تەواو بە دوورە لە هەر وابەستەبوونێک بەو (ئامانج)انەی کە بینەر لە مێشکی خۆیدا دایناوە. کاتێک دەرهێنەر فیلمێک نمایش دەکات لێرەدا دۆخی وجودی خۆی لە ڕێگایی ئەم فیلمەوە بەیان دەکات بۆیە دەبێت . لە ڕێی چونە_نێو بارودۆخی وجودی دەرهێنەر فلیمەکە ببینین , باشە ئەوە چۆنە بچیتە نێو باروودۆخی وجودی کەسێکی تر؟ تاکە میتۆدێک کە بەردەستە بۆ ئەمە دەبێـت دوبارە تۆش وەک بینەرێک بکەویتە نێو باودۆخی وجودی خۆتەوە لەوێەوە دەتوانیت تەماهی بکەت لەگەڵ مەبەست و ئامانجی فیلمەکە کە ڕێیەوە مەبەست و ئامانجی دەرهێنەر ڕۆشن دەبێـتەوە. (مەرگ)وەک پنتی سەرەکی:- (ژیان بێزارکەرە , مەرگیش لەوبێزارکەرتر)١ کاتێک مرۆڤ دەکەوێتەوە نێو بارودۆخی وجودی خۆی, ئەوەی دەبێتە پرسی هەرە سەرەکی پرسی (مەرگە) , مەرگ سەرەتایی کەشفکردنی ئەوەیە کە هەموو ئەوەیی کە ڕوودەدات زۆر پووچە , پووچە وەک ئەوەیی لە (بۆشایدا) بکەویتە خوار و بکەویتە خوار بێ ئەوەیی بکەویتە هیچ شوێنێکەوە. وە تۆش دڵنیایت لە خوارەوە مردنێک باوەشی بۆت کردۆتەوە. ئەمە وادەکات هەمیشە مرۆڤ لە دۆخێکی (نیگەرانی)دا بێـت , مرۆڤ نیگەرانە چوون دڵنیایە لە کۆتایدا دەمرێـت , هیچ شتێک بە درێژایی مێژوو وەک مەرگ مرۆڤی نەترساندووە, ترسی مرۆڤ لە مەرگ وایی کردووە لە کۆتایدا زەوی ببێتە گۆڕستانێکی مەعنەوی کە لاشەی ڕابردوو و داهاتوویی تێدا کەڵەکە دببێت و مرۆڤیش وەک موسافیرێکی دەستەوسان ڕاگوزەر دەکات بە نێو ژیاندا تا شوێنێک بدۆزێتەوە تیایی هەناسەیەکی ئارام بدات , بەڵام لە کۆتایدا هەزاران قەڵا دەبڕێت کە بە کەلە سەر دروست کراوە, تاکو شوێن کەلەی خۆیی لە زەویدا بکاتەوە. لە نێو فیلمەکەدا, نیشاندانی (مەرگ)یی ئەو مراویانەیی کەسەیر کردنیان بوو بە بەشێک لە ژیانی کارەکتەرەکە , ناونایی پشیلەکەی بە(ئیڤان) کە کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانی (مەرگی ئیڤان)ی (لیۆ تۆڵستۆی) یە کە کە مەرگ دەبێتە تەواوی ترس و پرسیارەکانی دەربارەی ژیان , وادەکات مەرگ ببێتە پنتێکی سەرەکی فیلمەکە . کارەکتەرێک کە مەرگ تەواو خەونی لێ زڕاندوە . ئەوەی وادەکات فیلمەکە سیمایەکی سارد و سڕ و دوور لە جۆش و خرۆش وەرگرێت زاڵبوونی سیمایی مەرگە بە فلیمەکەوە کاتێکێش ئێمەش وەک مرۆڤ (کە بەسروشتی زادەیی مەعریفەین)٢ دەمانەوێت لە بارەی سوراخی مەرگەوە شتێکمان دەست بکەوێـت , تاکە مەعریفەیەک کە بتوانین لەبارەی مردنەوە دەستی بخەین تەنها ئەوەیە کە ئێمە دەربارەی مردن هیچ شتێک نازانین. سەڕەڕایی ئەمانەش درێژی گرتەکان دووبارە بینەر توشی خکنان و تەنگەتاویی دەکات , هۆکارکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دەرهێنەر گرنگی دەدات بە گواستنەوەیی کاتی ئەو شتەیی کە ڕوودەدات بۆ نێو فیلمەکە , نەوەک بەو شێوەیەیی کە ئێمە ڕاهاتووین دەرهێنەرەکان تەنها کاردەکەن لەسەر نیشاندانی گرتە تا گەیاندنی مەفهوم. واتا لە ١٠ تا ١٥ چرکە کەسێک نیشان دەدرێت کە نان دەخوات بۆ ئەوەی ئەوە مەفهوم بێت کە ئەم ئەکتەرە نان دەخوات , یان ٢-٣ چرکە نەفەس دەدات لە جگەرە بۆ ئەوەی ئەوە مەفهوم بێت کە کارەکتەرەکە جگەرە دەکێشێت , بەڵام دەرهێنەر گرنگی دەدات بە گوستنەوەی کاتی ئەو ڕووداوانەی کە ڕوودەدەن بۆ نێو فیلمەکە, ئەمەش هێندەی تر دەبێـتە هۆی کوشتنی هەموو جۆش خرۆشێک و لای بینەر و بینەر چی دی بە تاسەوە ناتوانێت چاوەڕێی دیمەنی دواتر بکات . کارەکتەرەکە هەمیشە لە نیگەرانی مەرگدایە و بێ هودە بەشوێن سۆراغێکەوە بە شوێن واتایەک بۆ (ژیان) و واتایەک بۆ شاعیربوونی وە تەواو بێ ئومێدە لە داهاتووی نوسینەکانی بەڵام دڵنیاشە تاکە شتێک واتایەک ببەخشێت بەو تەنهایی و ژیانی تەنها نوسینەوەی ئەو ئازار و برینانەیەتی کە ئۆقڕەیی لێ بڕیوە بەڵام سەرئەنجام هەمیشە هەموو نوسیەکان دەسڕێنەوە و لاپەڕەکان دەدڕێنرێت و چرچ و لۆچ دەکرێت چون کارەکتەرەکە تەواو دەیەوێت ئەو ئازارانە هی خۆیی بن نایەوێت لەڕێی نوسیەنەوە ئەو ئازار و برینانەی هەیەتی بە زیندووی بمێنێتەوە ئەو دەیەوێت ئازار و برینەکانی سەرئەنجام لەگەڵ خۆیدا بنێژرێت .. ١.لە فیلمەکەوە ٢.(میتافیزک) ئەرستۆ بەشی ئەلفا .