Image-Description
ڕانانێک بۆ فیلمی (خۆرم بینی
ڕانانێک بۆ فیلمی (خۆرم بینی
پێشەکی مرۆڤ بەتەنها ڕەگوڕیشەی نیە، هەر پابەستەی خاک نیە و بەو شوێنەوە کە لێی لەدایکبووە، لکابێت. مرۆڤ ڕێوی نیە گەر لە کونی خۆی (مناڵدانی دایکی) هەڵگەڕایەوە، ئیدی گەڕببێت، ئەمە دیدێکی میللی و رۆمانتیزمی نەتەوەییە، وەکچۆن تاڕادەیەکی زۆریش دەروونشیکاریانەیە (بە تێرمەکەی میلانی کلاین بۆ جەزرەبەی لەدایکبوون و نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ خانە خوێ ئارامەکە/یونی دایک). مرۆڤ هەر دەستکراوە و چاوکراوە نیە، پێیەکانی سیمبولی ئازادیی ئەون لە هاموشۆکردندا، قاچکراوەیشە: چونکە هەر پێیەکانین وای لێدەکەن لە ڕیشە و ڕەچەڵەک و بنەچەکانی خۆی، هەڵبێت وەک سیمبول و ئامرازی بڕینی ڕێگای دوور. ئەو کەسەی کە پێی هەبێت، بتوانێت هەنگاوبنێت، بە هۆی ئەوەوە کە ڕێگا دەبڕێت، هاوکات سەریشی هەڵبگرێت، دەتوانێت دەستکاری بوونی خۆیشی بکات، شوناسگۆڕکێ بکات، تەنها بەو دەموچاو، زمان، جەستە و ئایین و کولتور و ڕەگەزە جێندەرییەی خۆیەوە کە هەیبووە پابەستە نەبێت، بەڵکو سەرچڵانە ریسکی ئەوە بکات کە جەوهەری نەگۆڕ و تاڕادەیەک جێگیری خۆیشی بگۆڕێت. تورکیا: وەک زێدی تۆ و مەنفای من لە تورکیای مۆدێرندا، پرسیاری شوناسی خەڵکی ڕەسەن و ڕاگواستنیان، شانبەشانی پیادەکردنی میتۆدی خاکی سوتماک/وێران (بەتایبەتی لە بەشە کوردستانیەکەیدا) مێژوویەکی دێرینی هەیە کە لانیکەم لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە شێوەی ململانێێ سیاسی/سەربازی خوێناوییدا بەرجەستە بووە و زۆربەمان کەمتازۆر بە لێکەوتە و دەرەنجامە تراژیدیەکانی ئاشناین. بەڵام نیشاندانی ئەو ململانێیە لە فۆرمی فیلمدا و بەرجەستەکردنی لە وێنەی سینەماییدا زۆر دەگمەن بووە، گەر هەیشبووبێت، هەمیشە ئایدیۆلۆژییانە بەگەڕخراوە و مەبەست لێی خوڵقاندنی گوتارێک بووە بەقازانجی یەکێتی خاکی تورکیا و نیشاندانی کورد وەک تیرۆریست و هەڕەشە بۆ سەر پیرۆزی و یەکپارچەیی قەوارەی تورکی. فۆبیای کەرتبوون و پارچەپارچەبوون لە مێنتاڵتی و هزری مرۆڤی تورکیدا بە چەشنێک ئامادەیە کە لە کینە و بوغزی مرۆڤی ئاسایی لایداوە و گۆڕاوە بۆ ئایدیۆلۆژییەکی قڕکەر و سڕەرەوە، کە ململانێ و جیاوازیەکان تەنها بە فەرمانی دەرکردن و هەڵکەندن لە زێد و گورزی میلیتاری و هێرشی سەربازی یەکاڵادەکرێتەوە. هەر لەم ڕوانگەیشەوەیە فیلمی (خۆرم بینی) کە لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند (مەهسون قرمزی گول)ە، بۆ من شایستە بە ئاوڕدانەوە و خوێندنەوەیە لە کۆنتێکستەکەی خۆیدا، چ وەک گوتارێک لە دەرەوەی هەژموونی ئەو پەیامە ئایدیۆلۆژیە زاڵەی کە هەیە و کورد وەک هەڕەشە دەبینێت بۆ سەر شوناسی پاکوبێگەردی تورک، چ وەک ئەو کەرتکەرتبوونە ناوەکیەی گوتاری کوردییش کە تەواوی ئەندامەکانی و گرفتەکان وەک یەک پارچە و یەکەی یەکگرتوو دەبینێت. گرنگی فیلمەکە لای من ئەو چەشنە دژایەتیکردنە نەرمەی ئەو دوو سترەکتورەیە کە هەردووکیان بەناوی هەستیاری جوگرافی و هەژموونی ئایدیۆلۆژیای یەکپارچەییەوە تا دێت تاکەکەسەکان، یەکە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان پارچەپارچەتر و ئەتۆمیتر دەکەنەوە، لێکهەڵوەشاندن و ئاوارەبوون و بێگانەبوون بەرهەمدەهێنن، بەناوی هەرچی زیاتری یەکگرتوویەوە، درزوکەلێنی زیاتر دەخەنە فانتازیای ئەو یەکە یەکگرتەیەوە کە دەیخوازن، جا ئەفسانەی ڕەگوڕیشەی دێرین بێت، بوونی مرۆڤ بێت وەک دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەیەک یان مرۆڤ وەک خاوەنی دوو ڕەگەز لەیەک کاتدا (ترانزسێکسوێڵ).
پابەندبوون بە پابەندنەبوونەوە دەستپێک و دیمەنەکانی سەرەتای فیلمەکە (پەلاماردانی ئەشکەوت و شاخەکانی مرۆڤی کورد و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە کۆپتەری سەربازی) ئەو پەیامەمان پێ دەگەیەنێت کە مرۆڤگەلێک هەن دەبێت ئەو ناوچە یاساغ و سوورە بەجێبهێڵن یا دەبێت بکوژرێن: دەبێت ئەو خاکە لەوانە پاکبکرێتەوە و بەسزا بگەیەنرێن، لەکاتێکدا هەموو ئەوانەی دەکەونە بەر هێرشەکە و خێزانەکانیشیان کە لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە دەژین، دەبێت ڕابگوێزرین. ئەم سەرەتا خوێناویە ناچاریەی ڕاگواستن و بۆردومانکردن، ڕاستەوخۆ دەمانبەستێتەوە بەو دوو پێناسە باوەی کایەی ئەنترۆپۆلۆژیای کۆمەڵایەتیەوە کە ئەنترۆپۆلۆژێکی وەک (تۆماس هیلاند ئێرکسن)ی نەرویجی بە ململانێی نێوان ڕیشە/پێ ناوی دەبات: ڕیشە وەک سیمبول بۆ پابەندبوون بە جێگە و سروشتەوە، پێ وەک شانسی گەشەی کولتوری و دەرچوون لە سروشت وەک ڕیشە و بنچینە یا ژینگەی یەکەم. (ئێرکسن) خاوەن دوالیزمەیەکی یەکاڵاکەرەوە و گرنگە لە دروستبوونی شوناسی مرۆڤدا کە بریتیە لە (خاوەنڕیشە/خاوەنپێ): واتە ئەوانەی کە پێیان هەیە و دەتوانن بگوێزنەوە، سەفەر و ڕێبکەن، پابەستەی یەک ژینگە نەبن و لە تاقە پنتێکی جوگرافی و کۆمەڵایەتی/کولتوریدا نەمێننەوە، هەروەها ئەوانەیشی کە خاوەن ڕەگوڕیشەی توندن بە خاک و ترادسیۆن و ڕابردوویانەوە و زۆر ئاسان ناتوانن دەستبەرداری ببن و شوناسێکی نوێ وەربگرن: بەری جیاواز و نوێ بگرن. بەڕای (ئێرکسن) دیالەکتیکی دواکەوتن پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مرۆیی لە نێوان دوو وێنەی جیاوازدایە بۆ مرۆڤ: مرۆڤ وەک درەختێکی ڕەگداکوتاو و وەک بوونەوەرێکی پێڕەو! مرۆڤ چەندە لە درەخت دەچێت، چەندە گرێدراوی ئەو ڕەگوڕیشە سروشتی و خوێنینەیە کە سەرچاوەی یەکەمی هاتنەبوونیەتی وەک خاکوخۆڵ و زێدی خێزانەکەی، هێندەیش پابەندە بە پابەندنەبوونەوە: بە پێیەکانیەوە. مرۆڤ تا گەشە بکات و دۆخێکی کولتوری و سیاسی یا ئابوور جێبهێڵێت، تا شوناسی دیکە وەربگرێت و بەتەنها بەو قەوارەیەوە نەوەستێت کە هەیەتی وەک بونیادێکی نەگۆڕ، پێیەکانی یارمەتی دەدەن کە بڕوات، سەرهەڵبگرێت، نامۆ ببێت، سەفەربکات و زێدی خۆی بەجێبهێڵێت: ئاوارە و دەربەدەر و بێ ڕیشە بێت. لە دیدی (هیلاند ئێرکسن) دا ململانێی نێوان ڕیشە/پێ وەک دوو ڕەگەزی دیالێکتیکی و پێکهێنەری شوناسی مرۆڤ، لەبنەڕەتدا میتافۆرێکە بۆ ململانێی نێوان سروشت/کولتور یش. چونکە بەڕای ئەو، شوناسی ئێمە بەتەنها زادەی ژینگە، کەشوهەوا، جوگرافیا و سروشتی فیزیکیمان نیە، بەڵکو بەشە سەرەکیەکەی لەژێر کاریگەری چواردەورە کولتوریەکەماندایە وەک پێکدادان، وەک کۆمەڵێک شوناسی کولتوریی کە تەوقیان داوین، وەک کۆمەڵە ئەوانێکی تر، ئەوانی بە ئێمە بێگانە کە هەمان زمانی ئێمە قسەناکەن و هەمان ئاین و شوناسی نەتەوەیی ئێمەیان نیە. ئێرکسن ڕای وایە کە باست لە شوناس کرد، ناچاریت هاوکات باسیش لە گۆڕان بکەیت، وەک چۆن قسەکردن لەسەر شوناس هیچی جیاواز نیە لە فۆرمەلەبوونی کەسێتی مرۆڤ: کەسێتی وەک تێمایەکی کۆمەڵایەتی کە پتر پەیوەستی پلەوپایەی کۆمەڵایەتی و ئەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتیانەیە کە سترەکتورێک یان شێوازێکی دیاریکراو لە خەلک لێمانی چاوەڕێ دەکەن. شوناس شتێک نیە پێوەی لەدایکبووبیت و پێوەی بمریت، واتە ڕیشەیەکی پیرۆز و وێنەیەکی باوی بۆماوە نیە لە پشت و خێزان و خێڵەکانمانەوە، بەڵکە چەمکێکە، یان ڕاستر پرۆسەیەکی بەردەوامی سەرلەنوێ خوڵقاندنەوە و گۆڕانکاری و گەشەکردنە لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی تر (گەر بکرێت سیمبولیانە چەمکی پێ و هەنگاونانی بۆ بەکاربهێنین وەک ئەوەی لای ئێرکسن هەیە). گۆڕان یان پێکدادانی شوناسە شلۆقەکان پوختکردنەوەی ئەو دیدە ئەنترۆپۆلۆژی.کۆمەڵایەتیانەی(هیلاند ئێرکسن) سەبارەت بە شوناسی مرۆڤ و هاوکات شلۆقانیشی، بەو ئامانجەیە تا ئەو سێ چەشنە لە تێمای سەرهەڵگرتن، شوناسگۆڕینی جێندەریانە و نامۆکەوتەی شارە گەورەکان و پایتەختی وڵاتان وەک گوتاری سەرەکی فیلمەکە ببینین. گوتاری فیلمەکە هەمووی پەیوەستە بە هەڵاتن، دەرکردن و بەجێهێشتنەوە: 1. هەڵاتن لە ڕەگەزی نێرانەی خۆت و گۆڕانت بۆ کچ وەک لە ژیانی کوڕە بچکۆلەی ماڵەکەدا (قەدۆ) دەردەکەوێت، کاتێک دەگەنە ئیستەنبوڵ 2. دەرکردن لە زێدی دایکوباوکت و خۆت و گۆڕانت بۆ کرێچی شارە گەورەکان وەک ئەوەی لە ژیانی سێ براکەدا دەیبینین و پتر بە برا خێزاندارەکەوە (مەهسون) دیارە، کە بەر مۆدێرنە دەکەون و جلشۆرێکی ئۆتۆماتیکی دەکڕن، کچە بچکۆلەکانی لەبەرئەوەی دایکیان لەخەستەخانە کەوتووە برا کۆرپەلەکەیانی پێ دەشۆن و دەمرێت، هەر بۆیە مناڵەکان لە باوکەکە دەسەننەوە و دەزگایەکی کۆمەڵایەتی سەرپەرشتکاری کۆمەڵایەتی سەر بە دەوڵەت بەخێویان دەکات! 3. بەجێهێشتنی وڵاتی خۆت و بوونت بە پەنابەر لە وڵاتانی ئەوروپی وەک لە خزمەکانیاندا دەیبینین، کاتێک کوڕە گەورەکەیان وەک گەریلای پەکەکە دەکوژرێت کە هاوکات براکەی سەربازە لە سوپای تورکیادا و برا بچکۆلەکەی قاچێکی نیە. بە قاچاغ دێنە نەرویج و دوای بگرە و بێرەیەکی زۆر دەبن بە شاگرد و کرێکار لە فرۆشگەیەکدا. چەختی زۆری چیرۆکەکە و زوومەکە زیاتر لەسەر ئەم دوو خێزانەیە کە لەناویاندا دابەشبوون هەیە، لەناویاندا خواستی پێچەوانە و دژە ئارەزوو هەیە، وەک چۆن خواستی دژ بە دەوڵيت و سیاسەتەکانیشی بۆ ناوچەکانی دەرەوەی شارە گەورەکان دەبینین: هەیانە دەخوازێت بۆ کوردستان بجەنگێت و شەهید دەبێت، هەیشیانە سەربازی سوپای تورکە و لە خزمەتکردن هەڵدێت، هەیشیانە پێویستی بە قاچێکە تا دارشەقەکانی فڕێبدات و لەسەری بووەستێت، کە بەس نەرویج ئەو خەونەی بۆ دەهێنێتە دی. وەک چۆن لە خێزانەکەی تردا باوکێک هەیە نابینا کە بەردەوام نۆستالژی گەڕانەوەی هەیە بۆ لادێکەی خۆی، ژنێک هەیە ئەوەندە هەوڵی داوە کوڕی ببێت، ئیدی لە توانای مناڵدروستکردن کەوتووە و دەبێت بیری لێنەکاتەوە و بوەستێت. مێردێک هەیە شەش مناڵی بەسەردا کەوتووە و کە پێنجیان کچن و تاقە هیوای ئەوەیە کە کوڕەکەی پارێزراو بێت تا گەورەببێت، برا بچکۆلەیەکیش هەیە کە ڕەفتارەکانی ناسک و مێیینانەن و پاش بوونی بە هاوڕێ لەگەڵ هەندێک نێرەموکدا لە خێزانەکە هەڵدێت و دواجار لەلایەن برا ناوەنجیەکەیەوە دەکوژرێت. دەوڵەت وەک ئەڵتەرناتڤێکی ساردی پەیوەندیە گەرموگوڕەکان
جگە لە دیالەکتیکی ڕیشە/پێ، ئەوەی وەک تێما سیاسیەکە لەم فیلمەدا سەرنجڕاکێشە، نەمانی قەوارە بچکۆلەکانی دەرەوەی دەوڵەتە: نەمانی گوندنشینە وەک بوونەوەرێکی سەرسنووری دەرە دەوڵەت، نەمانی لادێیە وەک جوگرافیایەکی چەپەکی ناو هەناوی دەوڵەت، نەمانی باوک و برایە وەک بڕیاردەر لەخێزان و هەژموونی دەزگای کۆمەڵایەتیەکانی سەر بەدەوڵەتە، نەمانی ڕەگەزی نێرینەیە و بوونیەتی بە ڕەگەزێکی دوو جەمسەر، بە هەویرێکی شل بە دەستی شاری گەورە و دیسکۆ و باڕەکانیەوە وەک یەکێک لە سیماکانی مۆدێرنبوونی دەوڵەت، نەمانی هاوڵاتی کوردی/تورکیە و کۆچکردنیانە بۆ دەرەوەی دەوڵەت و بوونیان بە هاوڵاتیی لە نیشتمانی تردا. بە کورتی، هەژموونی دەوڵەتێکی زەبەلاح دەبینین کە بەناوی مەترسیەوە بۆ سەر ئارامی دەوڵەت لە زێدی خۆت دەرتدەکات، لە ڕیشەوە هەڵتدەکێشێت و تا دوا سنوورەکانی دەرەوەی خۆی ڕاوت دەنێت، بە بێئەوەی وەک هاوڵاتیەک ئامێزت بۆ بکاتەوە و چارەسەرێک بۆ کێشەکانت بکات. دواجار ئەم فیلمە لە سادەترین ڕستەدا، زەقکردنەوەی لەکارکەوتنی وزەکانی دەوڵەتی تورکیایە وەک دەزگایەکی بەڕێوەبردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زیاد لە ٢٠ ملیۆن کورد لە تورکیا و پوچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێکی ئاشتیخوازانە بۆ دانوستان و ڕێکەوتن کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ئەتاتورکیزم و تا ئەردۆگانیزمیش هەر درێژەی هەیە، هەروەها نیشاندانی دڵڕەقیی فانتازیەکانی دەوڵەتەکەیە بۆ هاوڵاتیبوون، بەتایبەتی کوردەکان وەک گوندنشین و نەخوێندەوار، وەک چەتە، کرێگرتە و دەستدرێژیکار. وروژاندنی هەموو ئەم پرسە سیاسی، ئابووری-کۆمەڵایەتی و جێندەریانە بەو سادەییە و لە زمانی دانیشتوانی گوندێکی بچووکەوە، هەروەها دۆزینەوەی لینکی پێکەوەبەستەری نێوانیان لە کێشەیەکی ناوخۆییەوە بۆ گرفتێکی گەورەی دەوڵەت و دواجار بوونی بە قەیرانێکی نێودەوڵەتیش (وەک لە کێشەی پەنابەراندا خۆی بەرجەستەدەکات)، وامان لێدەکات کە کەمنرخ و بێبایەخ سەیری نەکەین و پێمان وا نەبێت کە بەتەنها سیناریۆیەکی دووبارەی هەندێک وێنەی جێگیرە لەسەر کورد، بەڵکو قسە لەسەر لێکەوتەکانی ئەو شوناسەیشە کە نازانیت داببڕێیت لێی باشترە یان پێوەی بلکێیت، وەک درەختێکی ڕەسەنی ڕەگداکوتاو ببیت بە لقێک لێی، یان هەر قاچێکت بکەیت بە سەد قاچ و هەرچی زووترە وەک خاکێکی وێران و سوتماک لێی هەڵبێیت! Günesi Gördüm (2009) Director: Mahsun Kirmizigül Writer: Mahsun Kirmizigül Stars: Mahsun Kirmizigül, Demet Evgar, Murat Ünalmis |