Image-Description
پاڵه‌وان وه‌ك كوڕه‌ گه‌وه‌رى نووسه‌ر
پاڵه‌وان وه‌ك كوڕه‌ گه‌وه‌رى نووسه‌ر
پاڵەوانەکان چین؟ کوێی نووسەرەکانیانن، چی نووسەرەکانیانن، کوڕیانن؟ لە هەمان گۆشت و خوێنی خۆیانن؟ هەڵگری هەمان خەسڵەتی سایکۆلۆژی و نیرۆسی ئەوانن یا بە پێچەوانەوە یۆتۆپیاکانیانن، ئومێدە قرتێنراو و و ئارەزووە وەستێنراوەکانیان؟ ئایا هەموو پاڵەوانێک ڕەنگدانەوەی نەستی نووسەرەکەیەتی، بەو مانایەی کە خۆی هیچ نەستێکی نەبێت لە دەرەوەی خوڵقێنەرەکەی؟ کلیلی سەرەکی خوێندنەوەی من بۆ ئەم فیلمە دەگەڕێتەوە بۆ تێزەیەکی زۆر سانا و ئاسایی کە ئەویش یەکێکە لە گرفتە سەرەکیەکانی خودی دیدی دەروونشیکاری بۆ پەیوەندی نێوان نووسەر و پاڵەوانەکەی، ئەوەی ئەرنستۆ ساباتۆ پێیدەڵێت نووسەر و خێوەکانی، لە کاتێکدا لای ماریۆ پارگاس دەگۆڕێت بۆ نووسەر و واقیعەکەی. گریمانەکە لەسەرەتاوە لەسەر ئەو پرەنسیپە گەڵاڵەبووە کە بریتیە لە ڕەتکردنەوەی ڕۆمان و بەرهەمی ئەدەبی یان کاری هونەری وەک هەر چالاکیەکی سایکۆلۆژی نائاگایانە هاوشێوەی خەون، خەون وەک کانگا و مەڵبەندی ئارەزووە چەپێنراوەکان کە لە فرۆیدیزمی کلاسیکیدا بە بەردەوامی جەختی لەسەر دەکرێتەوە. واتە پتر سووربوونە لەسەر ئەو باوەڕەی کە دەروونشیکاریکردنی دەق بۆ ئەوە نیە کە لە شیتەڵکردنی پاڵەوانێکەوە بگەینەوە بە مناڵی نووسەر بۆ نمونە، یا کۆی دەقێک وەک مێژووی دەقچنەکەی، کوڕەکەی کە لە گۆشت و خوێنی خۆیەتی، بخوێنینەوە. بۆیە لە سەرەتاوە زۆر گرنگە کە دوو چەشن خوێندنەوە بۆ کاری ئەدەبی یا هونەری لە ڕوانگەی دەروونشیکاریەوە، لەیەکتری جیابکەینەوە: یەکەمیان، ئەو دیدە پاتۆلۆژی و ئۆتۆبیۆگرافیەیە کە پێیوایە پاڵەوان ڕەنگدانەوەی کارەکتەری خودی نووسەرەکەیە، کتومت هاوبەرگ و هاوشوناسی نیرۆس و نەخۆشی و دەردە سایکۆلۆژی و ویژدانیەکانی. پاڵەوان هیچ نیە لە شکستە واقیعیەکانی نووسەر و لادان و شکانەوەیان بۆ ناو نەست کە ئەمەیش وا دەکات کۆی پڕۆسەی ڕەخنە و ڕاڤەکانمان ببێت بە بەراوردکردنی نێوان شوناسی پاڵەوانەکە و شوناسی نووسەرەکەی، لەمەیشدا شارەزایی لە ژیاننامەی نووسەرەکە دەبێتە پێشمەرج بۆ ناسینی پاڵەوانەکەی و جۆرێک لە دیاگنۆس و ڕەچەتەنووسین بۆ نووسەر: واتە پاڵەوانەکەی وەک ڕەنگدانەوەیەکی میکانیکیانەی خودی خۆی، وەک فۆتۆکۆپیەکی وشک کە هەر زوو تاقەتمان لە چاودێریکردنی جیهانەکەی دەچێت و بێزمان نایەت بیخوێنینەوە. دووەمیان ئەو دیدەیە کە پێی وایە کاتێک پاڵەوانێک دەخوڵقێنرێت، لەدایکدەبێت و لە زماندا دادەڕێژرێت و لە کۆنتێکستەکاندا دەردەکەوێت، کە ڕەگەزە چاوەڕواننەکراو و نادیار لێوەی فیچقەدەکات و بەر بژاردەی ئاڵۆز، پەیوەندی و ململانێ دەکەوێت، ئیدی لەوە دەکەوێت کە کوڕی گەورەی نووسەرەکەی بێت، ئیدیاڵێک بێت لە گۆشت و خوێنی خۆی، چونکە مەحاڵە هەردووکیان هەمان نەستیان هەبێت، یان گەر بە زمانە فرۆیدیەکە خۆی بڵێینەوە، ناکرێت پاڵەوان بەرهەمێکی نائاگایانەی نەستی خودی نووسەر بێت، چونکە نەستی پاڵەوان نەستی نووسەر نیە و لە کاتشوێنێکی تردا فۆرمەلەدەبێت جیاواز لە کۆنتێکستی مێژوویانەی خودی نووسەر. بەوەدا کە پاڵەوان (مەبەستمان لە کارەکتەری سەرەکی دەقێکی ئەدەبی یان بەرهەمێکی هونەریە) بەرهەمێکی ئاگایانەی نائاگایی نووسەرە، دەبێت زۆر وریایانە مامەڵە بکرێت، گەر نا بە دەردی نووسەرێکی وەک ئالڤارۆ دەچێت کە ڕۆڵی سەرەکی لەم فیلمەدا دەگێڕێت. ململانێی ژن و مێردێک یا ئەدەبێکی ڕژد/ ئەدەبێکی بازاڕی بەچاوپۆشین لە زنجیرەبەندی ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە، هەر سەرەتاکەی بە دوو شکست بۆ ئالڤارۆ و دوو سەرکەوتن بۆ هاوسەرەکەی دەستپێدەکات کە تا کۆتایی هارمۆنی ململانێکە ڕادەگرێت. یەکەم شکستی ئالڤارۆ ئەوەیە کە لەگەرمەی کۆرسێکدایە دەربارەی نووسینی دراما، تەلەفونێکی بۆ دێت و بیری دەخەنەوە کەمێکی تر ژنەکەی خەڵاتێکی گەورەی نووسینی ئەدەبی پێدەبەخشرێت کە دوای پەلەپەلێکی زۆر، فریای ئامادبوونی مەراسیمەکە دەکەوێت. ئەلڤارۆ شۆک دەبێت کاتێک ژنەکەی دەڵێت: ((سوپاسی ئالڤارۆ دەکەم بۆ پاڵپشتی کردنی لێم، بەڵام لەو زیاتر سوپاسی سەگەکەم دەکەم کە هاوکارم بووە و بە بەردەوامی هاوەڵم بووە و کەلێن و بۆشاییەکانی تەنیاییەکەمی بۆ پڕکردوومەتەوە)). ئەمە شۆکە بۆ ئالڤارۆ، بەس شۆکە گەورەترەکە کە دەبێتە جەزرەبەیەکی دەروونی بۆ ئالڤارۆ ئەو چرکەساتەیە کاتێک شەو دێتەوە بۆ ماڵەوە، سەگەکەیان دەوەڕێت و ڕاستەوخۆ دەیبات بۆ سەر ئۆتۆمبیلێک و پیایدا هەڵدەزنێت! ئالڤارۆ دەبینێت هاوسەرەکەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو خانەیەدا سێکس دەکات کە خەڵاتەکەی پێ بەخشیوە. ئالڤارۆ دەتاسێت، ماڵەکە بەجێدەهێڵێت، دەچێت لە گەرەکێکی ئاساییدا شوقەیەک بە کرێ دەگرێت و لەوێ دیسانەوە بە نووسینی فانتازیەکانیەوە سەرقاڵ دەبێت. ئالڤارۆ چونکە لە ململانێی نووسیندایە لەگەڵ ژنەکەی، تازەیش بەر ئەو جەزرەبە سێکسیە کەوتووە، واتە لە دوو لاوە هەست بە خەساندن و نەمانی شکۆی نێرینەییانەی خۆی دەکات، هەر بۆیە ڕای وایە کە ئەو خەڵاتەی ژنەکەی وەریگرتووە زۆر سووک و کەمبایەخە، لە کۆشی پیاوێکی تردا (بەڕێوەبەری دەزگای ئەندلوس) وەریگرتووە، تەنها شایستەیشە بەو نووسەرانەی کە ئەدەبی سادە و بازاڕی بۆ لاوان دەنووسن، نەوەک خودی کارەکەی ئەو، ئەدەبی ڕاستەقینە بێت. بەڵام داخۆ پێناسەی ئالڤارۆ بۆ ئەدەبی ڕاستەقینە و خاوێن، بەمانای وشە ئەدەب، چی بێت؟
ئەدیب وەک هاوژینی واقیع وەک چاودێریکەر و خوڵقێنەریشی ئایا دەتوانیت بە شکستێکی واقیعی، سەرکەوتنێکی دەستکرد دروستبکەیت؟ ڕەنگە ئەمە مەرام و پوختەی گوتاری فیلمەکە بێت بۆ قسەکردن لەسەر نووسین کە ناتوانین بەبێ ڕەخنەکردنی دیدە کلاسیکیەکەی فرۆیدیزم بۆ پاتۆلۆژیای خوڵقاندنی پاڵەوان، وردەکاریەکانی هەڵکۆڵین. ئالڤارۆ کە کارمەندێکی ئاسایی حکومیە و بە ئێواران وەک خولیای خۆی بۆ ماوەی سێ ساڵ زیاترە لە کۆرسێکی فێربوونی نووسینی داهێنەرانە و ئەدەبی دەخوێنێت، لەیەکێک لە وانەکانیدا لایەن مامۆستاکەیەوە خراپ دەشکێندرێت، دەشکێنرێت لەسەر ئەوەی کابرایەکە ئاگای لە دنیای چواردەوری خۆی نیە، هەر لەخۆیەوە شت دەنووسێت، بەبێئەوەی هیچ هەستێکی بۆ ئەوە هەبێت کە دەینووسێت. مامۆستاکەی تەریقیدەکاتەوە کە ئیدی سەردەمی ئەوە نیە بچێت لە ژێر کاریگەری کتێبەکاندا بنووسێت، بەڵکو دەبێت خۆی دنیا ببینێت، گوێبکرێت، چاودێریبکات و کارەکتەر بخوڵقێنێت. ئەو هەموو ئەو ئامۆژگاری و تێبینیەکانی مامۆستاکەی بە حەرفی وەردەگرێت و هەوڵدەدات کتومت وەک ئەوەی کە ئەو پێی وتووە، بەکاریانبهێنێت. مامۆستاکەی ڕای وایە کە نووسەری ڕاستەقینە بەخۆدا شکاوە نیە، ئەوە نیە کە لەسەر بەرهەمەکانی ئەوانی تر کڕکەوتووە یا کەسێک بێت کە هەموو تێشووی نووسینەکەی، بەتەنها ناوەوەی خۆی بێت، بەڵکو دەبێت بەسەر واقیعیشەوە چاودێریکەر بێت، بتوانێت دۆخ و ژیانی ئەوانی تریش بژی و بگوزەرێنێت، باڵی لێبکاتەوە، لە نزیکەوە تەماشایان بکات و لە وردودرشتی کێشەکانیان ڕابمێنێت. ئەدەب وەک ڤۆیەریزمێکی تاکتیکی قسەکانی مامۆستاکەی، وا لە ئالڤارۆ دەکەن کە بەردەوام لەوانی تر ڕابمێنێت، بە دزیەوە سەیریان بکات، گوێیان بۆ هەڵبخات، دەنگیان ریکۆرد بکات تا بزانێت لەچی دەدوێن و چی نائارام یان شادیان دەکات. ئەم خولیای چاودێریکردن و دزەنیگاییە کە بە زمانی فرۆیدی جۆرێکە لە ڤۆیەریزم (واتە چاودێریکردنی ئەوانی تر لە کاتی ڕووتبوونەوە و بێبەرگیەکانیاندا بە مەبەستی چێژبینینی سێکسی)، لای ئەلڤارۆ دەگۆڕێت بە تاکتیکێک کە لە ڕێگای گوێگرتنەوە لە دراوسێ مەکسیکیەکەی هێندەی تر واقیعەکەی لێ دەشێوێنێت. ئالڤارۆ خۆی لە بەڕێوەبەری ئاپارتمانەکە نزیکدەخاتەوە کە ژنێکی قەڵەوی عەوداڵی سێکسە لە ژیانی تایبەتی خۆیدا، تا زانیاری لەسەر نیشتەجێکانی ئەو کۆمەڵە شوقەیە وەربگرێت. بەڕێکەوت ڕۆژێک ئالڤارۆ کە لە توالێتی شوقەکەیەتی، گوێی لە دەنگی ژنومێردێکی دراوسێی دەبێت کە پەنجەرەی موبەقەکەیان کراوەتەوە و باسی کێشەکانی خۆیان دەکەن وەک خێزانێکی مەکسیکی. گرفتی خێزانەکە ئەوەیە کە بەڵێنی کارکردن و مۆڵەتی تازەکردنەوەیان بۆ پیاوەکەیان تازەنەکردۆتەوە و دەبێت ئیسپانیا بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ مەکسیک. ئالڤارۆ کە ئەم گرفتە دەزانێت، دەخوازێت بیقۆزێتەوە تاوەکو وەک کەرەستەی ئەدەبی، سوود لە تەنگژە و گرفتەکانیان وەک ماتەریاڵ بۆ نووسینی ڕۆمانەکەی ببینێت، وەک چۆن ئاگاداریشە لەوەی کە یەکێکی تر لە دراوسێکانی کە کۆنە پلەدارێکی سەربازی خانەنشینکراوەی دەوڵەمەندە و خاوەن پارەیەکی دانراوی زۆرە لە قاسەکەیدا و بە هۆی یاری شەترەنج و نزیکبوونەوەی لێیەوە، کۆدی قاسەکەی دەزانێت. سەرەتای ڕۆمانەکەی ئەلڤارۆیش لە بەدبەکارهێنانی ئەو کۆدەوە دەستپێدەکات، بەس سەرەتا نازانین چۆن تەواو دەبێت. پاڵەوان وەک ئەو فرانکشتاینەی کە سەری نووسەرەکەی دەخوات نووسین لای ئەلڤارۆ دەگۆڕێت بۆ نەخشەدانان و پیلانگێڕی لە واقیعدا نەک فراوانکردنی جیهانیبینی خۆی بۆ تێما جۆراوجۆرەکان لەناو واقیعدا، دەبێتە بەکارهێنانی تەکنیکی دیجیتاڵی و هەڵبەستنی درۆ و دەلەسە و جۆرێک لە چنین و داڕشتنی حیکایەتی کریمناڵی، بەبێ هیچ جۆرە بەشداریکردنێکی فانتازییانە. ئەو تەنها بۆئەوەی کۆتایی ڕۆمانەکەی بەو شێوەیە بێت کە خۆی دەیەوێت، وەک ئەوەی کە لە سەریدایە و پیلانی بۆ داناوە، سەری خۆی لە قوڕدەنێت. ئالڤارۆ کە پرسیار لە هاوڕێیەکی نزیکی خۆی لە بەڕێوەبەرایەتی کار، دەکات، بۆی دەردەکەوێت کە هەر بەیاسا دەکرێت ئەو مەکسیکیە لە دەرکردن بپارێزرێت و بگەڕێندرێتەوە بۆ سەر ئیشەکەی خۆی، لێ ئەم دەخوازێت ڕیتمی ڕۆمانەکەی تێکنەچێت، چونکە ئەمجارەیان ڕێک پێچەوانەی تەکنیکی سەرەتای خۆی، بەس لەڕێی چاودێریکردن و پلانچنینەوە دەخوازێت ڕۆمانەکەی بنووسێت نەوەک هیچ رەگەزێکی تری داهێنانی وەک هەستی خۆی بۆ ناڵە و گرژیەکانی ئەو خێزانە، تێدابێت. ئالڤارۆ خۆی، خۆی لە ماڵە مەکسیکیە نزیکدەکاتەوە، تەواو تووشی نائومێدیان دەکات لەوەی کە مانەوەیان لە ئیسپانیا هیچ ئومێدیکی بۆ ئەوان تێدا بێت. بەس هەر خۆیشی کلیلی ژیانێکی تریان دەداتێ کە ڕەنگە شانسێک بێت بۆ مانەوەیان لە ئیسپانیا تا شیرازەیان تێکنەچێت. ئێوارەیەک ئالڤارۆ دەچێت بۆ ماڵی ئەوان، لەسەر نانخواردنەکە (دیارە هەمووی پلان بۆ دانراوە) باسی دراوسێکەی سەرەوەی خۆیانیان بۆ دەکات کە ژەنرالێکی خانەنشینە، پارەیەکی زۆری هەیە، تەنانەت کۆدی قاسەکەیشیان پێ دەڵێت، بەس بۆئەوەی وایان لێبکات قاسەکە ببڕن و ئەم چاوەڕێی ئەنجامە واقیعیەکەی بکات و وەک کۆتایی ڕۆامانەکەی بەکاریبهێنێت. لێ کۆی ڕووداوەکە لە دوا چرکەساتدا هەڵدەگەڕێتەوە و بەسەر خودی ئالڤارۆدا دەشکێتەوە بەبێئەوەی هیچ حسابێکی بۆ ئەوە لە نەخشەڕێگای ڕۆمانەکەیدا کردبێت. ئالڤارۆ خەریکی نووسینی ئەو وردەکاریانەیە کە چاودێرییان دەکات تا وەک کەرەستە بەکاریانبهێنێت، لەپڕ لە دەرگا دەدرێت. کە دەیکاتەوە، دەبینێت دوو پۆلیسن و پێی ڕادەگەیەنن کە بە تۆمەتی کوشتنی دراوسێکەی داوای لەسەر تۆمارکراوە و دەبێت بۆ لێپێچینەوە لەبەردەم لێکۆڵەردا ئامادە بێت. ئەو خۆی گاڵتەی بە مەسەلەکە دێت، چونکە هەستدەکات کۆی ڕووداو و کارەکتەر و دیمەنەکانی وا داڕشتووە کە بەس خۆی دەزانێت چۆن کۆتایی دێت. ئالڤارۆ بە کەلەپچەکراوی لەبەردەم دراوسێکانیدا لەلایەن دوو پۆلیسەوە بۆ سەنتەرێکی پۆلیس پەلکێشدەکرێت، لەوێ بۆی ڕووندەکەنەوە کە ئەو دەڕنەفیزە گەورەیەی دراوسێکەیی پێ کوژراوە، هی ئەمە و جێپەنجەکانی ئەوی لەسەرە، هەر بۆیە تاکە گومانلێکراو بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە ئەوە، ئەمە جگەلەوەی کە سەرەتا خۆی نکوڵی لەوە ناکات کە کۆدی قاسەی دراوسێکەی دەزانێت. دواجار ئالڤارۆ بۆ زیندان ڕاپێجدەکرێت، لەو ئۆتۆمبێلی پۆلیسەدا کە دەیبەن بۆ زیندانی سەرەکی سڤیلیا، پاش قاقایەک ئینجا بیری دەکەوێتەوە کە ماڵە مەکسیکیەکە رۆژێک پێش ئەوە بەناوی ماڵگواستنەوەوە و هەڵوەشاندنی کەلوپەلەکانیانەوە، سندوقی پێداویستیەکانیان لەم قەرزکردووە، سندوقێک پڕ لە ئامرازەکانی وەک دەرنەفیز و چەکووش و پلایس و ئەو پێداویستیانە، هەر بۆیە دەبێت هەر ئەوانیش بەو دەڕنەفیزە گەورەیە کابرایان کوشتبێت و پارەکەیان بردبێت. ئالڤارۆ کە نمونەی نووسەرێکی ناداهێنەر و کاڵفامە، نووسەرێک کە ناتوانێت باڵانسی نێوان ناوەوە و دەرەوەی خۆی ڕابگرێت، لە زیندان توند دەکرێت، ئەو چاڵەی کە بۆ ئەوانی هەڵکەندووە تا ڕۆمانەکەی پێ تەواو بکات، خۆی تێدەکەوێت. بەکورتی، بەر لەوەی ئەم دەست لە پاڵەوانەکەی بکاتەوە، پێشوەخت لەلایەن پاڵەوانەکەی خۆیەوە دەکوژرێت، لێ لە جیاتی ئەوەی پەشیمان بێت لەو دۆخە فرانکشتاینیەی کە لە بری پاڵەوانەکەی، بەسەر خۆیدا هاتووە، هەر عار نانێت. تەنانەت لەناو ئەو هەموو تاوانکار و چەقاوەسوو، شەلاتی و پیاوکوژەی زیندانیشدا هەر خەریکی چاودێریکردنی ئەوانی ترە و لە دووی خوڵقاندنی ململانێیەک دەگەڕێت، گروپ و دەستەوتاقمی دژ بەیەکتری دەدات بە شەڕ، تەنها لەبەرئەوەی کە کەرەستە و ماتەریاڵی بۆ نووسینەکانی خۆی دەستبکەوێت. دواجار چارەنووسی ئالڤارۆ لەو زیندانەدا نازانرێت، چونکە فیلمەکە بەوە کۆتاییدێت.
ئالڤارۆ وەک بەد-ئیدیاڵێکی ئەدەبی کوردی گرنگیەکانی ئەم فیلمە بۆ من لە کۆنتێکستە کوردیەکەدا تەنها دەمباتەوە سەر ئەو پرسیارەی کە داخۆ ڕەخنەی ئەدەبی کوردی، چۆن دەقێکی هەڵسانگاندووە و چۆن نووسەرێک/پاڵەوانێک دەبینێت؟ بەبەردەوامی جەختکردنەوە سەر پاڵەوان وەک کوڕێکی دەستەمۆکراوی نووسەر لە ئەدەبیاتی کوردیدا، واتە نووسەر وەک یەزدان و خوڵقێنەری پاڵەوان و هاوکات بکوژەکەیشی، کە لەبنەڕەتدا ئەمە بۆ خۆی دیدیێکی زۆر لاهوتیە بۆ نووسین، کۆی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بەو دەردە بردووە کە ئێستایش لەو زەلیلی و پارانەوەیەی مەحویدا، بۆ فریادرەس، چاکەکار و سۆفیگەرێک نەک ستایشکارێکی ئایینی و کەسێکی کۆنزەرفەتڤ و بەدکاریگەر لەسەر مێنتاڵتی چەندین نەوە، دەگەڕێت، ئێستایش لە وەسفی چاوی خێلی مەحبوبەدا بۆ ڕابردووی برینداری نالی دەگەڕێت، هێشتا پێی وایە کە شێرکۆ بێکەس گوزارشتی لە کەسێتی سەرکوتکراوی نەتەوەیی ئێمە کردووە نەوەک ڕەوایەتی بە کۆمەڵێک چەکلەشانی شکستە و تاڵانچی بەناوی پێشمەرگەوە، دابێت. سیامەندی باڵندە و دالیا سیراجەدینی بەختیار عەلی لێ بووە بە کێشەکانی ناو دونیای ئێمە نەوەک تەنها وەک کۆمەڵیک دەستکردی خورافی کە قوربانی دەستی نووسەرەکە خۆیانن، بیانبینێت. گرفتی ئەم ڕەخنەیە و ئەم دیدە بۆ نووسین ئەوەیە کە ناتوانێت پاڵەوان یا دەق وەک سترەکتورێکی سەرلەنوێ دارێژراوە لە دەرەوەی بایۆگرافی نووسەرەکەی و ژیانە گوایە واقیعیەکەی ببینێت، بۆ نمونە ناتوانێت خێوەکانی، ترۆر و تۆقاندنەکانی نووسین و هەڕەشەی پاڵەوانەکانیان وەک بوونیان بە بەد-ئیدیاڵ، بۆ سەر فانتازی ئێمە ببینێت، کاریگەری وڕێنە و نائومێدی و دیدە خورافیەکانیان بۆ ژیان لەسەر سایکۆلۆژی ئێمە، ئێمەی خوێنەر و وەرگر، هەڵبسەنگێنێت، چونکە لەبنەڕەتدا پێی وا نیە کە دەق جگە لە زمانی نووسەر، لە گۆشت و خوێنی نووسەر خۆی زیاتر، نیرۆس و نەستێکی تری هەبێت و دەکرێت بەس زادەی نەستی ئەو بەتەنیا خۆی بێت. ئەمەیش بۆ خۆی دیسان دەمانباتەوە سەر ئەو کێشەیەی کە هێشتا لە زانکۆکانی کوردستاندا بەناوی پەیینکردنەوە، نامەی ماستەر و دکتۆرای پێ ژەهراویدەکرێت، کێشەیەک کە وەک لە فیلمەکەدا دەیبینین، ئالڤارۆیەکت بۆ دروستدەکات کە بڕوای وا بێت تەنها بە خوێندنی چەند کۆرسێکی ئەدەبی، ئەدەبی ڕاستەقینە بەرهەم بهێنێت، یان هاوشێوەی ژنەکەی، لە کۆشی دەزگای ئەدەبی و ئەدیباندا، خەڵات بەدەستبهێنێت و تەنها لەبەر ئەوەی ئەو خەڵاتەی وەرگرتووە ئیدی شایستەیە کە بۆ تا ئەبەد وەک ئەدەبی بەرز و باڵا، نەمربکرێت و بمێنێت. .