فیتزجێڕاڵد و پووچ بوونی خەونی ئەمریکایی لە نێو فیلمی (The Great Gatsby)
فیتزجێڕاڵد و پووچ بوونی خەونی ئەمریکایی لە نێو فیلمی (The Great Gatsby)
ئەم ڕانانە، خوێندنەوەیەکی گشتگیری دیوی نادیاری پڵۆتی سەرەکی فیلمەکەیە. بە هیچ شێوەیەکی سپۆیڵ لەنێویدا نییە، و گەر فیلمەکەت نەدیوە ئەم شیکردنەوەیە هاوکارێکی باش دەبێت بۆ تێگەیشتن لە فیلمەکە.

ڕۆمانی گاتسبی مەزن، لە ساڵی ١٩٢٥ بڵاوکرایەوە و چەندین پێداچوونەوەی جیاوازی بەخۆوە بینی، ژمارەیەکی کەمی لێ فرۆشرا؛ لە ساڵی یەکەمیدا، تەنها بە ڕێژەی ٢٠ هەزار دانە. فیتزجێڕاڵد لە ساڵی ١٩٤٠ کۆچی دوایی کرد و بەو باوەڕەوە جێیهێشتین کە لەم کارە فەرامۆشکراوەیدا لە شکستخواردوویەک زیادتر هیچی دیکە نەبووە. ڕۆمانەکە لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا زیندووبوونەوەی ئەزموون کرد و بوو بە بەشێک لە مەنهەجی خوێندن لە قوتابخانە ناوەندییەکانی ئەمریکادا، دواتریش بوویە باس و پڵۆتی سەرەکی چەندین فیلم.

بیردەکەینەوە و ورددەبینەوە، بەبێ گرفت چارەسەر بوونی نابێت؛ لیبڕاڵیزم لەژێر سایەی نەبوونی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقییدا لە ئامڕازێکی زیانبەخش زیادتر هیچی دی نییە. من هەمیشە باوەڕم بەوە بووە مرۆڤ وەک بوونێکی سەربەخۆ و خاوەن بڕیار، هیچکات دەرهاویشتەی ژینگە و دۆخێکی لەبار و ئارام نەبووە. دۆخی میانڕەوی لە هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی مرۆڤدا خۆڕسک نییە؛ ئێمە لێرە نین تاوەک بژین، بەڵکو لێرەین تا ڕزگارمان ببێت *(Role of Surviving). لێرەدایە سەرەتاییترین کرداری مرۆڤایەتی بە کوشتن لەپێناو ڕزگاربوون دەستپێدەکات. بووینە جەنگاوەر، گیانی یەکتریمان دەگرتەوە، پێشپڕکێمان بۆ پێشخستنی مەرگ و گەیشتن بە دەسەڵات دەکرد، ئێستایش خەونمانە ببینەوە نێچیر و ڕەهەندەکان فەراهەم بکەین. دوای ڕزگاربوون و لەناوچوونی مەترسی، ژینگە پووچ دەبێت؛ لێرەدا گەیشتنەوە بە پەیوەندییەکی مرۆڤانەی دوور لە توندیی کارێکی گرانە. ژینگەی دوای جەنگ هەمیشە وا دەخوازێت بێدەنگ و بێکەس بێت، ئەمە دۆخێکە ئاوێتەی جەنگاوەرانی ڕزگاربوویش دەبێت. نۆستاڵجیا یاخود ڕابردوو و یادەوەرییەکان، دەستێکی باڵا و کارایان دەبێت لە دۆزینەوە و گرتنەوەی ڕێچکەی گەیشتنەوە بە خۆشەویستن و کۆمەڵایەتیی بوون، بەبەرداکردنی بەرگی بیرچوونەوەی تاڵایی ڕووداوە تراجەدییەکانی جەنگ و ململانێ. بەڵام گەورەترین هۆکار بۆ دوورکەوتنەوە و داگرتنی ترس لە کۆمەڵ، ترسە لەو کارانەی کراون و بەرۆکی تاک بەرنادەن، ئەمە دەبێتە هۆی دڵنیانەبوون لەو هەست و بڕیارە دروست و ڕاستەقینانەی بەرانبەر تاکە بێتاوانەکانی کۆمەڵ دەدرێن.

سیستەمی ئەمریکی لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی ئابوری وڵاتدا، یەکێکە لە زەقترین هۆکارەکانی دروستبوونی (Aristocracy)، لە ڕاستییدا دیوی نادیاری ئیدیۆمی لیبڕاڵیزم بە واتای کپکردنی دەنگی راستی و یەکسانی دێت. ئەمە دەکرێت درۆیەکی گەورەبێت بۆ شاردنەوەی خانێکی توند، دۆخێکی خوازراو لە کۆنتڕۆڵکردنی ویست و داوای کۆمەڵگەدا، بە ئامانجی سەرکەوتن بەسەر ڕکابەردا، بۆیە دوو ڕوویی (hypocrisy) لە پرۆسەی لیبڕاڵیزم و دیمۆکراسییەتدا زەقە. بەڵام کێشەی گەورەی لیبڕاڵیزم لە بەسووتکردنی چینی خوارووی هەڕەمەکەدایە، وا باوە و ناسراوە سەروەت و سامان چینی هەژار لەناودەبات؛ بەو مانایەی لە خزمەتی خۆیاندا کاریان پێدەکەن و بەکاریاندەهێنن. مرۆڤەکان دەبنە کاڵای شتومەک و سامان، ئاڵۆزی لە تێگەیشتنی ڕاستی پووچ دەبێتەوە و بیرکردنەوە لە ژینگەی واقیعی دەپووکێتەوە. خەونی ئەمریکی لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی پێشوودا، لە فەراهەمکردنی موڵکی شاهانە و ئۆتۆمۆبیلی خێرا و بەکاربردنی بەرزترین ڕێژەی مادە لەپێناو بەدەستهێنانی خۆشی و کەیفدا خۆی دەبینییەوە و تاکەکان دابەش ببوون بەسەر چەندین چینی جیاوازدا. ئەمە بوویە دەستپێکی داکشانی ئابووری ئەمریکا و هاتنی (The Great Depression) و لەناوچوونی چەندین وەبەرهێنی گەورە لە (Wall Street)، کەوابێت دەتوانین بڵێین خەونی ئەمریکی سەرەتایەکە بۆ دەستپێکی کابوسێک (کابوسی ئەمریکی/American Nightmare). فیتزجێڕاڵد، لەگەڵ ئەوەی لەنێو ئەم ماوەیەدا دەژیا، ئەزموونی لەگەڵ گەورە ئاهەنگ و خۆشی ئەرستۆقراتەکان هەبوو، بەڵام دەیویست ئەم ئاڵۆزی و ناڕێکییە بکاتە ژینگەی دۆزینەوەی شتێکی نوێ، ڕوویەکی جوان بدۆزێتەوە و بەدوایدا بچێت. لەڕاستییدا خۆشەویستی و هیوا، دوو هۆکاری گەورەبوون بۆ داڕشتنەوەی گاتسبی مەزن. لەو باوەڕەدام فیتزجێڕاڵد ویستوویەتی خۆشەویستی بەسەر سامان و تەنانەت ژیانیشدا سەربخات. گرنگ نییە چەندێک هەست بەوە دەکەین مردووین و ژیانمان لەدەست داوە، خۆشەویستی هەرگیز لەنێوماندا نامرێت. تاکە شتێک هیوا دروستبکات خۆشەویستییە. ئەوە کارەی دەیکەین، پەیوەندییەکانمان، بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت، شێوازی ژاینکردن و بەردەوامبوونی ژیانکردن پەیوەستن بە خۆشەویستییەوە. بەڵام هاوسات، خۆشنەویستن دەکرێت دیوێکی دیکەی دروستبوونی هیوابێت لەناخماندا یاخود چەرخی ڕووداوەکان بدات زیادتر لە خۆشویستن، من ئەمەم بە دروستیی ئەزموون کردووە و باوەڕم پێیەتی، بەڵام لە ئێستادا ئەوەی گرنگە باس بکرێت ئەوەیە هیوا لە خۆشنەویستنیشدا پێکدێت. *(بیرتان نەچێت تاکە سەرچاوەی هیوا خۆشویستنە، خۆشنەویستنیش ڕوویەکی دیکەی هیوایە).

فیلمی (The Great Gatsby 2013) فیلمێکی جوان و قەشەنگە، پڵۆتی سەرەکی فیلمەکە لە شاڕۆمانی ئەمریکی هەمان ناونیشان وەرگیراوە. لەڕاستییدا ئەو فیلمانەی لەم ڕۆمانەوە بەرهەمهێنراون ژمارەیان زۆرە، بەڵام ئەم وردەکارییانە بۆ فیلمەکەی ساڵی ٢٠١٣یە. ڕۆڵبینینی ئەکتەرەکانی نێو فیلمەکە لە پلەی بەرزدایە و بەکارهێنانی دیمەن و هەڵبژاردنی ژینگەی تایبەتی نزیک لە ڕۆمانەکەوە کارێکی سەرنجڕاکێشە. هەرچی لەڕووی سینەماتۆگرافییەوەیە چاو خراوەتە سەر دیمەنگەلێکی هونەری و جوان و توانراوە بە شێوەیەکی تایبەتی ڕەنگەکان وەک سیمبول و واتای شاراوە بەکاربهێنرێن، هەروەک ڕەنگەکانی (سەوز، زەرد، ئاڵتوونی، سوور). دوو ڕەنگی سەرەکی نێو فیلمەکەش کە سەوز و زەردن، واتای گشتی دەبەخشن بە فیلمەکە. ڕەنگی سەوز بە مانای گەیشتن بە ئامانج و هاتنەدی خەونە ڕاستەقینەکان دێت، زەرد و ئاڵتوونی لە ژیانی ڕاستیی و ئەدەب و نووسینیشدا بە مانای سەروەت و سامان و دەسەڵات دێن، بەڵام فیتز جێڕاڵد لێرەدا ئەم ڕەنگانە هەڵدەگێڕێتەوە و بەرگی مەرگ و لەدەستدان و نەمان و ناخۆشییان بەبەردا دەکات. هەرچی ڕەنگی سووریشە، وەک باوە بە مانای ڕۆمانس و حەز و خولیا و کوشتن دێت لەنێو فیلمەکدا. لە کۆتاییدا ئەوەی جێی باسە بریتییە لەوەی فیلمەکە خۆی لەنێوان سامان و نۆستاڵجیا و خۆشەویستییدا دەبینێتەوە. The Great Gatsby 2013 دراما/میلۆدراما/تاوان دەرهێنەر: Baz Luhrmann خاوەنی ٤٩ خەڵاتی جیاواز IMDb: 7.3/10 Rotten Tomatoes: 49% Metacritic: 55% My rate: 7.8/10 نووسین و ئامادەکردن: شا شێوەکار (حسن فلاح)