ستانلی کوبریك لە خولقاندنی ئیرۆتیکزم لە فیلمی (لۆلیتا)
ستانلی کوبریك لە خولقاندنی ئیرۆتیکزم لە فیلمی (لۆلیتا)
ستانلی کوبریك لە خولقاندنی ئیرۆتیکزم لە فیلمی (لۆلیتا) واقیعی "لۆلیتا" لە نێوان (نیمفێت - nymphet) بوون، و بوون بە قوربانییدا پێشەکی جێی باسە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر، فیلمی (لۆلیتا ١٩٩٧)م بینی کە لە دەرهێنانی دەرهێنەری ئینگلیزی (Adrian Lyne)ـە. ئەوکات ئەکادیمییانە و ثیۆرییانە لە فیلمەکان ورد نەدەبوومەوە، ئێستاش کە لەمەڕ خوێندنەوی زانیاری دەربارەی نۆڤڵەکەی (Vladimir Nabokov) کە (توانا حەمەنووری) وەریگێڕاوەتە سەر کوردی، تیادا ماوم ئاخۆ هەڵە لە پێشخستنی ئەم دوو فیلمەی (لۆلیتا)دایە، یاخود بوونی جیاوازی لە پڵۆتی نێوان ڕۆمانەکە و هەردوو فیلمەکەدایە کە زۆر شتم لێ تێکەڵ بووە. جێی باسە هێشتا ڕۆمانەکەیم نەخوێندووەتەوە، بەڵام سەرباری ئەو گەڕان و بەدوداچوونانەی دەربارەی ڕۆمان و هەردوو فیلمەکە کردوومە، دەرکەوتووە جیاوازییەکی زۆر لەنێوانیاندا بوونی هەیە. شیکاری ئەم جارە لەژێر سایەی هەریەك لە چەمکەکانی: (Self-consciousness، Reflexivity، Pedophilia، Satyriasis، Nympho، Nemphet، Predatory) داڕێژراوەتەوە و خوێندنەوە بۆ فیلمەکە کراوە. تۆی خوێنەر پێویستە ئاگاداربیت لەوەی کە خوێندنەوەی ئەم بابەتە دەکرێت لای هەندێك کەس توند و نەخوازراو، و قبووڵ نەکراو بێت. وە هەروەها بەشێکی بچووكی پڵۆتی فیلمەکە سپۆیڵ کراوە کە ڕێگە خۆشکەر نییە بۆ نەبینینی فیلمەکە، بە هۆکاری تێگەیشتن و گەیشتن بە دەرئەنجام ئەم سپۆیڵە کراوە. بەشێکی بچووکی پڵۆتی فیلمەکە ١- بۆچی "لۆلیتا"؟ ٢- هۆشداریی خودیی لە پێکهێنانی (خۆبەدەستەوەدان)دا ٣- ژیری لە واقیعی (nymphet)بوون دا ٤- گۆشەگیریی یان تەنیایی، لە دروستبوونی حەزدا ٥- ڕۆمانی لۆلیتا و کوبریك و چەند ڕاستییەك ٦- کوبریك و وێناکردنەوەی (لۆلیتا) ٧- ئیرۆتیکیزم لەنێو (لۆلیتا)کەی کوبریکدا ٨- ڕای من دەربارەی (لۆلیتا) ٩- زانیاری دەربارەی فیلمەکە کورتەیەک لە پڵۆتی فیلمەکە

شارلۆت هەیز بێوەژنێکی نائومێد و بێزارە لە ڕووی سێکشوەڵییەوە، کە وا دەچێت بۆ حەوت ساڵە مێردەکەی کۆچی دوایی کردووە. کچێکی هەیە بە ناوی دۆلۆرێس کە بە "لۆلیتا" ناسراوە. لۆلیتا هەرزەکارێکی بزێو و جوان و لاسارە، لەگەڵ دایکیدا لە (Ramsdale, New Hampshire) دەژین. هەمبەرت کە پڕۆفیسۆرە لە بواری ئەدەبی فەڕەنسییدا، دەیەوێت لە کۆلێجی (Beardsley) لە ئۆهایۆ دەست بە کارکردن بکات وەك وانەبێژ. هاوینێك بەر لە دەستپێکردنی کارەکەی، دەیەوێت کاتەکەی لە ڕامسدێل بەسەر بەرێت و لەوێ خانوویەك بە درێژایی هاوین بە کرێ بگرێت. کاتێك بەدوای خانوودا دەگەڕێت، ماڵەکەی شارلۆت دەبینێتەوە و بە مەبەستی پشکنین و سەیرکردنی خانووەکە سەردانی شارلۆت دەکات. دوای ئەوەی کە شارلۆت زۆربەی ژوورەکانی نیشان دەدات، لەگەڵ ئەو ژوورەی کە تایبەت کراوە بە هەمبێرت خۆی، نا ئومێدییەك لە هەمبێرتدا دەردەکەوێت دەربارەی ئەم ماڵە و وای بۆ دەچێت کە پێویست دەکات بەدوای ماڵێکی دیکەدا بگەڕێت. شارلۆت هەر لە قسەکردن بردەوام دەبێت بەڵام هەمبێرت هیچکام لەو قسانە کاریگەریی تێناکەن، تاوەك ئەو ساتەی چاوی بە لۆلیتا دەکەوێت. هەر لەو ساتدایە کە هەمبێرت بڕیاردەدات لەو خانووەدا بمێنێتەوە و حەز و خولیایەکی توندی بەرانبەر بە لۆلیتا لەلا دروستدەبێت. دوابەدوای ڕووداوگەلێکی زۆر، لۆلیتا و هەمبێرت لە پەیوەندییەکی نهێنیدا خۆیان دەدۆزنەوە و سەڕەڕای جیاوازییەکی زۆری تەمەن لە نێوانیاندا و بچوکی تەمەنی لۆلیتا، بەردەوام دەبن. پەیوەندییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبن تاوەك دەگەن بە پەیوەندییەکی سێکشوەڵی لە نێوان لۆلیتا و هەمبێرتدا، هەموو ئەم پەیوەندییانەش بە تراجیدیا کۆتاییان دێت. ئەوەی جێی باسە، بریتییە لەو خاڵەی کە تیایدا پەیوەندییەکان لەنێوان لۆلیتا و هەمبێرتدا دروست دەبن. پرسیار گەلێك دێنە ئاراوە و دەپرسین: چی وای کرد لۆلیتا لە هەمبێرت نزیك ببێتەوە؟ لۆلیتا هەڵخەڵەتێنرا؟ بۆچی لۆلیتا؟ بۆ دەستکەوتنی وەڵامی ئەم پرسیارانەش، پێویست دەکات ڕووی سایکۆلۆجی کارەکتەرەکان دەربخەین و تێبگەین لەوەی چۆن و بۆچی پەیوەندییەکی سێکشوەڵی لەنێو هزری هەرزەکارێکدا بەرانبەر بە پیاوێکی بەتەمەن دروست دەبێت. بۆچی "لۆلیتا"

هەروەك لە ناویشانی نۆڤڵەکە و هەردوو فیلمەکەدا دەردەکەوێت، ناوی "لۆلیتا" بە تەنها هاتووە. جێی باسە ناونیشان چ لە چیرۆک و نۆڤڵ و فیلمدا بێت بە یەکێك لە ڕەگەزە سەرەکییەکان لەقەڵەم دەدرێت، وەڵامێکی سەرەتایی بە خوێنەر یان بینەر دەبەخشێت کە ئایا باس و ڕووداوەکان لە چییەوە سەرهەڵدەدەن، یاخود ناونیشان ڕەمز و نیشانە و دەبێتە هۆی دروست بوونی پرسیار لەلای خوێنەر و بینەر دەربارەی نووسین یاخود فیلم، و خوێنەر بەرەو قوڵایی بابەتەکە ڕاکێش دەکات. لێرەدا "لۆلیتا" ناونیشانی سەرەکی هەریەك لە ڕۆمان و فیلمەکانە، سەرنج و ڕووناکی خراوەتە سەر کارەکتەرێکی نێو فیلمەکە، ئەویش لۆلیتایە. دەپرسین بۆچی لۆلیتا؟ لۆلیتا نیشانی چییە و چیمان پێدەڵێت؟ کارەکتەری لۆلیتا کچێکی تەمەن سیازدە ساڵانە و خۆشەویستییەکی خەیاڵیی توندی بەرانبەر بە بەرهەمهێنەرێکی تێلیڤیزیۆنی هەیە بە ناوی (کویڵتی). سەرکەوتنەکانی کویڵتی و هەموو ئەو ناوبانگەی هەیەتی لەنێو خەڵك لۆلیتای وەك هەموو کچە هەرزەکارەکانی دیکە سەرگەرم کردووە و بە ناڕاستەوخۆیی لۆلیتای خستووەتە جیهانێکی توند لە خۆشەویستییەکی نادروست و گیرۆدەی خەیاڵێکی ناڕاستی کردووە. بوونی بۆشاییەکی گەورەی ناپەروەردەیی و چاودێرییەکی تەندروست لەسەر لۆلیتا، هۆکاری لاچوونی لۆلیتایە لەسەر ڕێی ڕوون و پڕ دانایی. ئەوەی دەبینرێت کچێکی منداڵە کە هێشتا خۆیشی ناناسێت و لە فاتاسیا و بیرکردنەوەیەکی ناڕێکدا دەژی کە لەنێوان قۆناغی منداڵیی و هەرزەکارییدا لەسەر بنەمای ناڕاست و دوور لە لۆجیك دروست بووە. لە بەرانبەردا کارەکتەری هەمبێرت کە پیاوێکی گەورە و بەتەمەنە، لە پەیوەندییە سۆزدارییەکانی پێشوویدا سەرکەوتوو نەبووە، وەك خۆی باسی دەکات "بە دڵخۆشییەوە کۆتایی هاتووە" بەردەوامیی بە ژیانی دەدات وەك پرۆفیسۆر. هەمبێرت سەڕەڕای ئاستە ڕۆشنبیرییەکەی، بە یەکەمین نیگا دەکەوێتە داوی کچێکی سیازدە ساڵانەوە کە هێشتا بە ڕاستییەکانی دونیا نەگەیشتووە. لێرەدا دەبێت لەوە تێبگەین کە هەمبێرت لە ژێر باری دوو ئەگەرییدا لە لۆلیتا نزیك دەبێتەوە، یان لۆلیتا کچێکی (نیمفێت- Nemphet)ـە و بە نەبوونی سەرپەرشتییەکی باش ڕووی سێکشوەڵی ئاکتیڤ بووە، وە یاخود هەمبێرت کەمی تەمەنی لۆلیتا بە هەل دەزانێت تاوەك لێی نزیك ببێتەوە و پەیوەندییەکی سۆزداریی پێکیان ببەستێتەوە. لە وەڵامی پرسیاری بۆچی لۆلیتا؟ بۆ هەمبێرت نا؟ دەڵێین لۆلیتا وەك ئامرازی جوانی و سەرنجڕاکێشان و هەستی سێکشوەڵی نیشاندراوە و هەموو چیرۆکەکە بەوە مەحکووم دەکات کە لۆلیتایە سەرچاوەی دروستبوونی هەموو ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزانەی لەنێوان هەر کارەکتەرێکی چیرۆکەکەدا ڕوودەدات و کچێکی نیمفێتە و ئاڵوودەی سێکس بووە. لە هەمان ساتدا دەکرا قواستنەوەی کەمی تەمەنی لۆلیتا و نەگەیشتنی بە تەمەنێك کە ئاستی ژیریی تیایدا جێگیر و دروست بێت بۆ هۆکاری سەرەکی بگەڕێنینەوە، و خاڵی سەرەکی چیرۆکەکە بریتی بێت لەوەی کە هەمبێرت کەسێکە ئارەزووی دەستدرێژی کردنە سەر منداڵ دەکات و لە ڕووی دەروونییەوە نەخۆشە. هۆشداریی خودیی لە پێکهێنانی (خۆبەدەستەوەدان)دا

شەرمنیی و تەریقبوونەوە زۆرکات پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە هۆشداریی خودییەوە هەیە، کە دەبێتە هۆکاری دروست نەبوونی (شانازی کردن بە خۆ)، و (Self -esteem) کەم دەکاتەوە، بە پێچەوانەی ئاگایی خودیی کە پێکهاتووە لە ناسینی خودیی و درك کردن بە خودی مرۆڤ خۆی بەدەر لەو کۆمەڵگە و ژینگەیەی کە تیایدا دەژی. شارلۆت کە دایکی لۆلیتایە، هەست بەوە دەکات کە دایکێکی باش نییە و هێشتا لە ژیان تێنەگەیشتووە، ڕوو لە وێنەی مێردە کۆچکردووەکەی دەکات و دەڵێت: "هاڕۆڵد سەیرکە چی ڕوویداوە! من بەوەفا نەبووم لەگەڵتدا. نەمتوانی ئەمە چارە بکەم. حەوت ساڵ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژە، بۆچی جێتهێشتم و مردیت؟! من هیچم دەربارەی ژیان نەدەزانی. من زۆر لاو بووم..." دوای ئەوەی بە پەیوەندییەکەی نێوان لۆلیتا و هەمبێرت دەزانێت، خۆی تاوانبار دەکات بەوەی ڕوودانی هەموو ئەم هەڵانە لە ئەستۆی ئەمدایە و نەدەبوایە شوو بە هەمبێرت بکات. هەموو ئەمانە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە شارلۆت هەست بە بوونی خۆی ناکات وەك دایکێکی ژیر کە توانیبێتی کچە هەرزەکارەکەی بە شێوەیەکی دروست پەروەردە بکات، و ئەم خۆبەدەستەوەدانەی دەرهاویشتەی ئەو کەمیی باوەڕبەخۆبوونەیە کە لە هەڵەکانی دەوروبەریدا بەدی دەکات. نەبوونی دەسەڵاتی ڕەها و بوونی ئازادییەکی زۆر وا دەکات کە لۆلیتا لەژێر چاودێری سەرپەرشتیارەکەیدا دەربچێت و ڕووبەڕووی ئەو ژیانە ببێتەوە کە کوێرانە دوای کەوتووە. ژیری لە واقیعی (Nemphet)بوون دا

تێگەیشتن لە چەمکی ئاڵوودەبوون، کارێکی گرانە و پێویستی بە تاقیکردنەوە و ئەزموون هەیە. وشەی (Nemphet) لە وشەی (Nempho)وە هاتووە کە چەمکی هەردوو وشەکە بۆ ئەو ژنە یاخود مێینەیە دەگەڕێتەوە کە ئاڵوودەی (سێکس) بووە، بوونی ڕاستیی و دروستیی ئەم چەمکە بۆ سەردەمی (ڤیکتۆریی) دەگەڕێتەوە، بە پێی کتێبی (Nymphomania, A History) کە (Carol Groneman) نووسەرەکەیەتی هاتووە و دەنووسێت: "لە سەرەدەمی ڤیکتۆرییدا، ئەو دکتۆر و نەخۆشانەی بەدوای چارەسەری پزیشکییدا دەگەڕان هەردوولا باوەڕیان وابوو کە چالاکییەکی توندی سێکشواڵی لە مێینەدا نیشانەی نەخۆشییە. کۆنتڕۆڵ کردنی-خود و میانڕەویی وەك حاڵەتێکی تەندروستیی لەلای هەردوو ڕەگەزدا بە شێوەیەکی ماناوەندی هەبوو، بەڵام حەزی سێکشواڵی چاوەڕوانکراوی مێینە مانای بوونی نەخۆشییەکی مەترسییدار و نزیكبوونەوە لە لێواری شێتبوونی سێکشواڵیی دەردەخست." وە لەم سەردەمەشدا باوەڕ وایە ئەو تاکانەی گیرۆدەی جۆرێك لەم نەخۆشییەن، زۆرکات دەبنە قوربانی دەستی پزیشکەکانیان و کەسانی نزیك و کۆمەڵگەکەیان. ئەمە لە کاتێکدایە ئەو مێینانەی ئەم جۆرە حاڵەتەیان تیادا ڕوودەدات، بەهیچ شێوەیەك ئارەزووی ئەوە ناکەن بە تەواوەتیی و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەگەڵ کەسی بەرانبەردا لە پەیوەندییدا بمێننەوە. لە ڕەگەزی بەرانبەردا و بۆ نێرینە، چەمکی (satyriasis) بوونی هەیە، کە بۆ ئەو جۆرە بوونەوەرە دانراوە کە پێیەکانی لەسەر شێوەی قاچی بزنە و بەشی سەرەوەی لەشی پیاوە، حەزێکی زۆری سێکشواڵیتییان هەیە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم حەز و ئارەزووە لە ڕەگەزی نێرینەدا وەك نەخۆشی دیاریی نەکراوە و بە شێوەیەکی تەندروست لەقەڵەم دەدرێت. هەموو ئەمانە دەمانگەیەنێت بەوەی کە نەبوونی سەرپەرشتییەکی دروست و ڕێنمایی تەندروس لەڕێی سەرپەرشتیار و بەرپرسێکی ژیرەوە، وایان کرد لۆلیتا بەڕێیەکی هەڵەدا ببرێت و ببێت بە قوربانی دەستی هەم خواستەکانی خۆی و حەزەکانی بەرانبەرەکەی. ڕۆڵی گۆشەگیریی یان تەنیایی، لە دروستبوونی حەزدا

دەزانین کە هەمبێرت کەسێکی بەتەمەنە و خاوەنی ئاستێکی ئەکادیمی بەرز و بیرێکی ڕۆشنە، لەهەمان ساتدا پەیوەندیی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەماوە و بەتەنیا دەژی. ئەمە مانای وایە هەمبێرت بەر شاڵاوی هێرشی دوو هۆکاری گەورەی سێکشواڵی دەکەوێت کە بریتین لە: گۆشەگیریی و تەنیایی. لە کۆمەڵگە پێشکەوتوو و کراوەکاندا، ئازادی بە شێوەیەك فەراهەم دەبێت کە تاکەکانی بە خواست و بە هەڵبژاردنی خۆیان ژیانیان بەڕێدەکەن. گۆشەگیریی و تەنیاییش وەك دوو هەڵبژاردە زۆرکات دەکەونە بەردەم تاکەکان لەو ساتانەی لە پەیوەندییەکی دیارییکراو یاخود کارێکی جددیدا سەرکەوتوو نابن. هەریەک لەو دوو هەڵبژاردەیە، هۆکاری ڕاستەوخۆ و بەردەوامیان بە سایکۆلۆجی تاکەکان و ڕەفتار و کردەوەکانیان هەیە لە گشت ڕوویەکانەوە، و بەتایبەت ڕووی سێکشواڵی. کاتێك مرۆڤ گۆشەگیریی هەڵدەبژرێت، ئەوکاتەیە کە ژینگە و دەورووبەر بە شێوازێکی نەرێنی کاریگەرییان لەسەر دروست کردووە، ڕێیان بۆ دوورکەوتنە و کەبت کردنی بیروڕا و حەز و ئارەزووەکانی خۆش کردووە. لەم ساتەدایە حەزی سێکشواڵییەکی توند (Pedophilia) دەست بە گەشەسەندن دەکات لەنێو بیرکردنەوە و خەیاڵەکانی تاکدا. ئەمە وادەکات لە خاڵیکی دیاریکراو و هەلێکی زەقدا، کەسانی تووشبوو بەم حاڵەتە هێرشی جەستەیی و دەروونی بکەنە سەر ئەو کەسانەی کە کەلێنێك لە دەروون و گەشەسەندنیان هەیە لەڕووی تەمەنەوە، بە تایبەتیی بۆسەر منداڵ و هەرزەکاران. تەنیاییش وەك هۆکارێکی لاوازتر لەم نێوەندەدا دەردەکەوێت، چونکە تەنیایی زۆرکات ستراتیجی نییە و ماوەیەکی زۆر ناخایەنێت و تاکەکان ناگەن بە لوتکەی تێکەڵبوونی ڕق و حەزی سێکشواڵی لە ناخیاندا. جێی باسە دروست بوونی بیری (sadism)یش ڕوویەکی دیکەی ئەو حەزە سێکشواڵییەیە کە دەرهاویشتەی گۆشەگیریی و دوورەپەرێزییە. ڕۆمانی لۆلیتا و کوبریك و چەند ڕاستییەك

لۆلیتا ڕۆمانی نووسەری ئەمریکی-ڕوسی (Vladimir Nabokov)ـە لە ساڵی ١٩٥٥ نووسیوییەتی. ڕۆمانەکە سەبجێکتێکی زۆر هەستیاری لەخۆگرتووە کە جێی مشتومڕ و باسێکی زۆرە: پڕۆفیسۆرێك لە ناوەڕاستی تەمەنی ژیانییەتی بە ناوی (هەمبێرت) ئاڵوودەی کچێکی هەرزەکار دەبێت کە تەمەنی ١٢ ساڵانە بە ناوی (دۆلۆرێس) کە نازناوەکەی (لۆلیتا)یە، بەجۆرێك دوای ئەوەی هەمبێرت دەبێت بە زڕباوکی لۆلیتا پەیوەندییەکی سێکشواڵی پێکەوە کۆیاندەکاتەوە. ڕۆمانەکە لە بنەڕەتدا بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و یەکەمجار لە شاری پاریسی وڵاتی فەڕەنسا بڵاوکرایەوە، دواتر وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ڕووسی لەلایەن نابۆکۆڤ خۆیەوە و لە ساڵی ١٩٦٧ لە شاری نیو یۆرك بڵاوکرایەوە. سەبارەت بە چاپە کوردییەکەیشی، توانا حەمەنووری وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس- بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەیە. بیرۆکەی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی فیلمی لۆلیتا سەرەتا لەلای دەرهێنەری بەتوانا (ستانلی کوبریك) بە شێوەیەکی جددی هاتە کایەوە لە مانگە سەرەتاییەکانی ساڵی ١٩٦٠. هاوینێك پێش ساڵی ١٩٦٠ هاریس و کوبریك داوایان لە نابوکۆڤ کرد بێت بۆ هۆڵیوود و سکرێپتی فیلمەکە بنووسێتەوە. سەرەتا نابوکۆڤ ڕەتی کردەوە هیچ سکرێپتێك بۆ فیلمەکە بنووسێت، دواتر و لە کۆتاییەکانی هەمان ساڵدا نابوکۆڤ بینەری "ڕووناکیدانەوەیەکی شەوی بچووك" بوو، هاریس و کوبریكیش بۆ دووبارە داواکەیان پێشکەشی نابوکۆڤ کردەوە و لە کۆتاییدا ڕەزامەندیی خۆی دەرخست لە نووسینەوەی سکرێپتی فیلمەکەدا. لە بەرواری ١ ی مانگی چواری ساڵی ١٩٦٠ نابوکۆڤ بۆ یەکەمین جار چاوی بە کوبریك دەکەوێت لە (Universal City) کاتێك کوبریك خەریکی دەرهێنانی فیلمی (Spartacus) بوو. نابوکۆڤ لە هۆڵیوود و بۆ ماوەی شەش مانگ خەریکی نووسینەوەی سکرێپتی فیلمەکە بوو، لە نیوەی وەرزی هاویندا نابوکۆڤ سکرێپتێکی ٤٠٠ لاپەڕەیی پێشکەشی کوبریك کرد، لە هەمان کاتدا کوبریك داوای کرد ڤێرژنێکی کورت و پوختی پێبدات. ئەوەبوو لە مانگی "نۆ"دا نابوکۆڤ سکرێپتەکەی کرد بە نیو ئەوەندەی سکرێپتەکەی سەرەتا. دوای دوو ساڵ و لە مانگی شەشی ساڵی ١٩٦٢ نابوکۆڤ بۆ یەکەمین جار چاوی بە فیلمی لۆلیتا کەوت بە شێوەیەکی تەواو و بەرهەمهێنراو. ئەوەی جێی ئاماژەپێدانە ئەوەیە کە زۆربەی دیمەنەکانی نێو فیلمەکە لە وڵاتی (England) گیراون وتەنها چەند دیمەنێکی سەر ڕێگا خێراکان و سەر شەقامەکان نەبێت لە وڵاتی ئەمریکا گیراون. جێی باسە نابوکۆڤ ئاستی دەرهێنان و ئاکتەرەکانی زۆر بەرز نرخاند و پێی وابوو کارێکی مەزنیان ئەنجام داوە. ئەمە لەکاتێکدایە کوبریك تەنها لە سەدا ٢٠ی ئەو سکرێپتەی بەکارهێنا کە نابوکۆڤ نووسیبوویەوە. ئەمە بەو مانایە دێت کە فیلمەکە بەو شێوازە ورد و پڕ زانیارییانە نییە کە لەڕۆمانەکەدا یان سکرێپتی سەرەتا و دووەمی نابوکۆڤدا بوونیان هەیە. کوبریك و وێناکردنەوەی (لۆلیتا)

توانا بەرز و بەنرخەکەی دەرهێنەر (ستانلی کوبریك) هۆکارێکی گەورە بوو بۆ سەرکەوتنی فیلمەکە بەو جۆرەی کە ئەوکات و بگرە ئێستاش بوونی هەیە. کوبریك توانی بەو شێوەیەی نابوکۆڤ لە سکرێپتی فیلمەکەدا ئاماژەی پێداوە، سەرنج و تێبینییەکان بەهەند وەربگرێت و بتوانێت ڕۆڵێکی دروست و باش بکات بە بەری ئاکتەرەکاندا و بەرهەمێکی بێگەرد بە سینەمای ئەمریکی ببەخشێت. ئەوەی جێی سەرنجە بریتییە لە هەڵبژاردنی هەریەک لەو ئاکتەرانەی لەنێو فیلمەکەدا بوونیان هەیە، بە شێوازێك هەردوو ئەکتەری سەرەکی (Sue Lyon) لە ڕۆڵی "لۆلیتا" و (James Mason) لە ڕۆڵی "هەمبێرت" توانایەکی باشیان پێشکەش بە ڕۆڵەکەیان کرد، ڕۆڵی هەمبێرت لەنێو فیلمەکەدا زیاتر میانڕەو دەردەکەوێت وەك ئەوەی لەنێو ڕۆمانەکەدا بوونی هەیە، بە هۆکاری ئەوەی (James Mason) خاوەن کەسایەتییەکی بەرز و ویقاری کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر و پڕۆفیسۆری هەیە. ئەوەی زۆر هەڵبژاردنی کوبریك لە پێدانی ڕۆڵ بە ئاکتەرەکان بەرز دەنرخێنێت بریتییە لە هەڵبژاردنی ئاکتەر (Peter Sellers) بۆ ڕۆڵی کەسایەتی یاریدەدەری نێو فیلمەکە کە کەسایەتی (کویڵتی)یە. پیتەر زۆر ناوازە بوو لە ڕۆڵ بینینەکەیدا و دواتر و لەلای ڕەخنەگرانی سینەما دەرکەوت کە ڕۆڵەکەی وەها ئاستی بەرز بووە کە پێشی ڕۆڵی (James Mason)ی داوەتەوە. ئیرۆتیکیزم لەنێو (لۆلیتا)کەی کوبریکدا

ئەوەی جێی سەرنجدانە، نەبوونی دیمەنگەلێکی وەها ئیرۆتیکییە کە بینەر بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، وە یان زۆرێک لە بینەران لە فیلمەکە دووربخاتەوە. ڕاستە کە ڕۆمانی لۆلیتا لە هەناوی حەزێکی زۆر گەورەی سێکشواڵی و دیمەنی نیمفاتیکییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام کوبریك زۆر زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆزەدا دەکات و بە وریاییانەوە یاری بەم سەبجێکتە دەکات. دەبینین لە سەرەتا تاوەك کۆتایی فیلمەکە هیچ دیمەنێکی وەها توندی سێکشواڵی بوونی نییە و بینەر ناخاتە بەردەم دیمەنێکی توندی سێکشواڵی و حەزەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانە لە نرخی چیرۆکەکەی کەم نەکردووەتەوە و بە شێوەیەکی دروست واقیع و باسی سەرەکیی چیرۆکەکە لەنێو دیمەنەکان و ڕووداوەکانی نێو فیلمەکەدا بەرجەستە بووە. هاوسات لە فیلمی لۆلیتا ١٩٩٧ زیاتر دیمەنی سێکشواڵی بەدی دەکرێت. هۆکاری ئەمانە دەکرێت بۆ چەند شتێك بگەڕێندرێنەوە، لەوانە: تەمەنی ئەوکاتەی ئەکتەر (Sue Lyon) کە ڕۆڵی لۆلیتا گێڕاوە، بە شێوەیەك لەکاتی بڵاوبوونەوەی فیلمەکە نەهێڵدرا بینەری ببێت بە هۆکاری ئەوەی تەمەنی لە ١٨ ساڵ تێپەڕی نەکردووە. یەکێکیتر لەو هۆکارانە مەبەستی قازانجکردن و پێشکەشکردنی هونەرییە، بەشێوازێك سینەمای کلاسیك و کۆن ئەوەندەی کاریان بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمی ناوازە و دەوڵەمەند کردووە هێندە کاریان بۆ کۆکردنەوەی پارە و ناوبانگ نەکردووە، خاڵی چڕی کارکردن بۆ سینەما لەسەر پێشکەشکردنی بەرهەمێکی پاك و خاوێن بووە نەوەك دیمەنی سێکشواڵی و پێشکەشکردنی "ئارت فیلم" (Pornography). ڕای من دەربارەی (لۆلیتا)

کەسایەتیی لۆلیتا و هەمبێرت لەنێو ژیانی واقیعدا بوونێکی ڕاستەقیینەیان هەیە و نکووڵی لە نەبوونیان ناکرێت. ئەوەی جێی باسە ئەو کاریگەرییە کۆمەڵایەتییانەیە کە هۆکارن لە دروستبوونی کەسایەتییەك لە شێوازی ئەماندا. دەبێت هەموو لەو مەترسییانە تێبگەین کە هەر لەنێو خێزانەکانەوە تاوەك گەورەترین یەکە و کۆمەڵەکان، هۆکارەکان لە ئاڕاستەکردنی تاکەکان و بەو شێوازە پەروەردەیان دەکەن کە خۆیان ویستیان لەسەریەتی. گەورەترین هۆکارەکانیش لە تێکچوونی شیرازەی خێزان و ئازادییەکی ڕەها لەسەر شێوازی لەدەستدانی ژیری و گۆشەگیری و بێزارییەکی توند خۆیان دەبیننەوە. گەر نا هەموو مرۆڤێك توانای ئەوەی هەیە کۆنتڕۆڵی حەز و ئارەزووەکانی بکات و ژیریی ببێتە هۆکاری ئەوەی کۆنتڕۆڵی خود بکات و بەو ئاڕاستەیە نەڕوات کە بەرانبەری نیشانی دەدات. لێرەدا دەگەم بەو باوەڕەی، دروست بوونی کەسایەتییەکی وەك لۆلیتا یاخود هەمبێرت پەیوەندی بەو هۆکارە کۆمەڵایەتییانەوە هەیە کە کاریگەریی لەسەر دەروونی تاکەکان دروست دەکەن و تاکەکان دەبنە قوربانیی دەستی سەرمایەداریی و حەز و ئارەزووەکانی سەروو دەسەڵاتی خۆیان. بەڵێ هەم لۆلیتا هەم هەمبێرت، قوربانیین و گیرۆدەی دەستی دەردێکن کە کۆمەڵگە هەڵی ڕشتووەتە نێو دەروون و ناخیانەوە. لۆلیتا دراما/کوشتن/ڕۆمانس بەرهەمهێنان: ١٩٦٢ دەرهێنەر: Stanley Kubrick نووسین و سکرینپلەی: Vladimir Nabokov ٢کاتژێر ٣٣خولەك خەڵاتی گۆڵدن گڵەوبی باشترین ئەکتەری میینە IMDb rate: 7.6/10 My rate: 8.0/10 Rotten Tomatoes: 95% نووسین و ئامادەکردنی: شا شێوەکار (حسن فلاح)