هەژموون و ژن، ژیان و ڕاستیی پیلانگێڕی لە فیلمی (چاوە تەواو داخراوەکان)دا
هەژموون و ژن، ژیان و ڕاستیی پیلانگێڕی لە فیلمی (چاوە تەواو داخراوەکان)دا
بوون و نەبوونی واتا بۆ هەرشتێك کە لەسەر زەمینەی واقیع و ئەندێشەدا هەیە، پەیوەستە بە دەستپێکی بوون و ژیانکردنەوە. بۆ هەمووشتێك "سەرەتا و کۆتایی" بوونیان هەیە، هاوسات بۆ دەستپێکی مێژوو و پەیدابوونی دەسەڵاتیش هاوشێوەیە. کەواتە لە بووندا هیچ شتێك بێ هۆ و واتا نییە، بۆ هەر واتا و هۆیەکیش ڕێژەی کاریگەریی دەگۆڕێت. بە یەکەمین دەرکەوتەی بەکۆمەڵایەتیی-بوون و دامەزراندنی مرۆڤ لەنێو بازنەیەکی هاوژیانیی و دروستکردنی کاریگەری لەسەر تاکەکانی بەرانبەردا، هۆکارەکانی وەرگرتنی دەسەڵات زەقبوونەوە. یەکێك لە گەورەترین هۆکارەکانی باڵادەست بوون و دەستکەوتنی هێز و دەسەڵاتێکی کاریگەر بریتیبوو لە داتاشینی خودا و چەمکی ئاین وەك دوو هۆی ڕۆحی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە و تاکەکان.

بەپێی بیر و باوەڕی ئاین و لە چوارچێوەی مەودای فراوانی ئاینناسیی و (Theology)دا، ژیانی مرۆڤ و بوونی لەسەر خاکێك کە پێی دەگوترێت "زەوی" دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارێکی سەرەکی کە بریتییە لە تاوان و بەزاندنی سنووری قەدەغەکراو و ڕێگەپێدراو. بە باوەڕی یەکتاپەرستیی و مۆنۆثیزم لە زۆرینەی ئاینەکاندا، بە گەڕانەوە بۆ بنەڕەتی بوون و دەستپێکی خەلقێکی تایبەت کە بە مرۆڤ ناسراوە، دەچینەوە سەر بنەڕەت و باسی (ئادەم و حەوا/ئادەم و ئیڤ) و ئەو تاوانەی کە بەرانبەر بە خودا ئەنجامیاندا لەگەڵ هێزی تاریك یاخود هێزی شەڕانگێزدا کە بە "ئەهریمەن" ناودەبرێت. باوەڕبوون بە هێزی چاکەخواز هاوشانی باوەڕبوونە بە هێزی خراپەخواز، ئاوها بۆ جیاکردنەوەی باشە لە خراپە کردارە باش و خراپەکان بەسەر چەند بنەمایەکی پاکخوازیی و بێتاوانییدا دابەشکران، بەڵام لایەنی دەسەڵاتدار و خاوەن شکۆ لە هەموو تاوانبارییەك بێبەری بوو; بەو مانەیەی خۆی خاوەن ماڵ بوو. لەم باسەوە ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە، لە دیدی ئاینەوە گەر ئەسڵ و بنەڕەتی تاوانکردن بەرانبەر بە خودا نەبوایە ئێمە دووچاری وەهمێکی وەها گران و بێنرخ نەدەبووینەوە کە پێیدەگوترێت "ژیان" یاخود "ژیانی پێش مردن" یان هەر لە بنەڕەتەوە بوونمان نەدەبوو. ئەوەی ئێمە ئێستا تیایدا خولدەخۆین و لە پرسیارگەلێکی بێوەڵام تەندراوە، پێیدەگوترێت ژیان و ژیانکردن. گەرچی ئێمە بەهۆکاری تاقە تاوانێك لێرەدا بوونمان هەبێ و غەم بخۆین یاخود بەبێ هۆکار و لە ئاکتێکی کۆزمۆسی و لەپڕدا هاتبێتینە بوون، جێی گومان و پرسیارکردنن. هاوسات ژیان هێندە نامۆ و بێسەنگە بۆ مرۆڤایەتی، زۆرکات پێویستی بەوە بووە خۆمان نرخی پێبدەین و ئێمەبین کە چەرخی بەردەوامبوونیمان گرتبێت و لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا لە جووڵە نەکەوتبێت؛ ئەوەی واتا دەبەخشێت بە ژیان ژیری و بیری خودی مرۆڤ خۆیەتی، گەر نا ژیان هەڵگری هیچ واتایەکی ڕاستی و حەتمی نییە. کاتێك ئێمە خاوەنی خودین و خودا غایب دەبێت، هەمووشتێك جگە پەرجوو ئەگەری ڕوودانی هەیە. پێچەوانە ئەرێنییەکەیشی ڕاستە؛ بە بوونی خودا جگە پەرجوو هەمووشتێك لە ئەگەری ڕوونەداندایە بە هۆکاری بوونی هێزێکی کاریگەر و چاودێر. لەم ساتەدایە باڵادەستی و هێز بەسەر تاکەکاندا بە ناڕێکی دابەشدەبێت و کردەوە و بڕیارەکان مەحکومی دەسەڵات دەبن، دەسەڵاتیش مەحکومی ژینگە و هەڵکەوتە، و بە نەبوونی خودا تاکی باڵادەست بە یاساکانی خودا هێزی خۆی دەسەپێنێت. شیکاری ئەم جارە خۆی لە بابەتێکی زۆر هەستیار و وروژێنەر و گراندا دەبینێتەوە، لەژێر سایەی چەمکی هەریەك لە تێمەکانی: (ثیۆلۆجی، مۆنۆثیزم، سێکشواڵیتی، سیمبوڵیزم، ڕیاڵیزم، سوڕیاڵیزم، جادوو، ئەکۆڵتیزم، دەسەڵات، سامان، سێکس، قوربانییدان، خۆشەویستی، وەهم، ژیان) ڕوونکردنەوە بۆ مانا و دەلالەتە شاراوەکانی نێو فیلمەکە کراوە و هەوڵدراوە بە لێکدانەوەیەکی پوخت واتاکان بخرێنە ڕوو. دەکرێت ئەم شیکارییە بۆ زۆرکەس نەگونجاو و بێزارکەر بێت، بەهۆی بوونی باس و دیمەنی سێکشواڵی زۆر توند، هەر بۆیە لە خوێندنەوەیدا ئاگاداربن کە بۆ هەموو تەمەنێك گونجاو نییە، هاوشانی سپۆیڵ لە شیکارییەکەدا. ستانلی کوبریک سەرچاوەی تێڕامانە

هونەر و شاکارێکی دیکەی (ستانلی کوبریك) لە هەوڵی نیشاندانی سەمەرە و نهێنییە پەنهانییەکانی نێو ناخی مرۆڤدا دووبارە دیمەنەکانمان بۆ دەخولقێنێتەوە و بە هێمنی پێماندەڵێت تراجیدیای ژیان جێی پێکەنینە. لە چوارچێوەی مانا بەخشیندا لە فیلمی (Eyes Wide Shut) کوبریك زیرەکانە حەقیقەت تێکەڵی هونەر و تراجیدیا دەکات، و جەنگی دەروونی مرۆڤ لەگەڵ خود و ژینگەدا نیشاندەداتەوە. کوبریك هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە کارەکانی لەژێر سایەی سیمبول و نادیارییدا بخولقێنێت و ڕێگە بە بینەر بدات خۆی خاوەن بڕیار و تێگەیشتن و گەیشتن بە ئەنجام بێت. خەون و فانتازیا لە کارەکانی کوبریکدا هەمیشە تێکهەڵکێشی ریاڵیزم و حەقیقەت بوون، ئەو هەمیشە ویستویەتی ڕووە نەبینراوە خەیاڵییەکان بەرجەستە بکات و بینەر پێیان سەرسام ببێت و لە هەوڵی دۆزینەوەیاندا ئەرك بکێشێت. لەم بارەیەوە کوبریك دەڵێت: "نواندنی ڕاستیی، ناگەزێت. هیچ تێپەڕاندن و سنوورشکاندنێکیشی نییە. لە ڕۆژانی ئێستادا من زیادتر ئارەزووی هەڵدانەوەی چیرۆکە نایاب و چاوەڕواننەکراوەکان دەکەم.... من هەمیشە چێژم لە نواندنێکی نەرمونیانی خەیاڵیی بارودۆخەکان دیوە لەسەر ڕێبازێکی ڕاستەقینە. هەمیشە مەیلم بۆ چیرۆکە خەیاڵی و داستانی و سیحرییەکان هەبووە. لای من ئەوان وا دەردەکەون کە لە ئەزموونکردنی حەقیقەتی ئێستای ئێمە نزیكتربن وەك لە چیرۆکە ڕاستەقینەکان، کە بە شێوازێکی بنچینەیی هەمان شێواز لەخۆ دەگرن." کوبریك هەمیشە لە هەوڵی کردنەوەی بیرێکی فراوان بووە بۆ بینەر و هێندەی کاری بۆ هەستە قووڵەکانی نێو ناخی مرۆڤ کردووە هێندە نەیویستووە لەسەر بابەت و باسێکی دیاریکراودا بینەر هەستەوەر بکات بە دیمەن و ڕووداوەکان. ئەوەی کوبریك هەمیشە ویستوویەتی ئەنجامی بدات بریتیبووە لەوەی بینەر پێویستە چی بزانێت و چی ببینێت تاوەك بتوانێت لە چەمك و واتاکان تێبگات. لەنێوەندی هەموو ئەو پرسە گرنگانەی کوبریك ڕووناکی خستووەتە سەریان، پرسی (سێکس و ڕەگەز و دەسەلات) و جەنگی نێوان ڕەگەزەکان و بەکارهێنانی سیاسەتی جودا لە بەرانبەر یەکترییدا بابەتێکی سەرەکی و خوازراو بووە. حەزی باسکردنی سیاسەتە سێکشواڵییەکان وەك هۆکارێکی سەرەکی ململانێکان لە سنووری شارستانییەتی ڕۆژئاوادا لەلای کوبریك دەگەڕێتەوە بۆ پێش بەرهەمهێنانی فیلمی (Eyes Wide Shut) بە دەیان ساڵ، لە فیلمی (Dr. Strange Love 1964) کە باس لە دەسەڵاتی ڕەگەزی نێر دەکات بەسەر بەرپابوونی جەنگی ناوەكی و هێنانی وێرانکاری بەسەر جیهاندا، و فیلمی (Full Metal Jacket's 1987) کە باس لە مەشقە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات بۆ داگیرکردنی ڤیەتنام وەك سیمبولی کپکردنی دایکایەتی و مێینە بوون، غەریزەی نێرینە بۆ لەناوبردنی خود، هەموو ئەمانە بوون بە بەشێك لە بەرهەمەکانی کوبریك لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٠ و بەرەوپێش.

سەرەتا و کۆتا دیمەنی فیلمی (Eyes Wide Shut) بەخشەری واتایەکی گشتییە بە ناوەڕۆکی فیلمەکە. وەك هەمیشە و بە شێوازە هونەریەکەی، کوبریك پشت بە (mise-en-scène) و دیمەنی گشتی دەبەستێت بۆ گەیاندن و ڕوونکردنەوەی مانا ئاڵۆزەکان و کردنەوەی ئەو گرێیانەی کە تەنها بە چاو دەبینرێن. فیلمەکە یەك بە دوای یەك خۆی لە کۆمەڵێك دیمەنی بە کۆدکراو و مانای شاراوەدا دەبینێتەوە کە پێویستیان بەوەیە بینەر زیاد لە جارێك بیانبینێتەوە. سەرەتاییترین دیمەنی فیلمەکە، بریتییە لە ماڵێکی ڕێك و دڵگیر و هاوساتی مۆسیقاکەی (Dmitri Shostakovich - Waltz No. 2) ئەو ژوورە بەدی دەکەین کە (Alice) خۆی تیادا دەگۆڕێت. لێرەدا چاو و نەستی بینەران هەموو لەسەر دیمەنی ڕووتبوونەوەی (Nicole Kidman)ن کە ڕۆڵی ئالێس دەبینێت، و بەو چێژەوە هەمووان لە تێگەیشتنی مەبەستی سەرەکی دووردەکەونەوە. ڕووتبوونەوەی ئاڵێس وەك مێینە، لە یەکەمین دیمەندا و بەبێ وتنی هیچ وشەیەك پێمان دەڵێت کە چۆن چاوەکان هەموو لەسەر حەز و خولیایەکی دیاریکراون و تێڕوانین لە مێینە وەك (ئامڕاز)ی حەز و چێژ و سێکس پەیامێکی سەرەکی فیلمەکەیە. بینینی ئالێس بە ڕووتی وەك ئۆبجێکتی سەرەکی تێماکەی فڕۆید دەردەکەوێت بە ناوی (scopophilia) کە پشت بە وەرگرتنی چێژ دەبەخشێت لە ڕێگەی سەیرکردنی دیمەنە ڕووتەکانەوە، بەمانای بە ئامڕازکردنی مێینە وەك سەرچاوەی چێژ. تەنانەت یەکەمین وتەی سەرەتای ئالێس بەوە دەستپێدەکات کە بە هاوسەرەکەی دەڵێت: "چۆن دەردەکەوم؟" بەو مانایەی پێویستی بەوەیە هاوسەرەکەی کە تاکێکی نێرینەیە لە جوانی و لەبارییەکەی دڵنیای بکاتەوە، ئەمەش زیاتر دەچێتەوە سەر سیمبولە لاکانییەکە لە دیاریکردن و پێناسەکردنی جیهان لەڕێی نێرینەوە. هەرچی دیمەنی کۆتایی فیلمەکەیشە ئالێس و بیڵ (Tom Cruise) لەگەڵ کچەکەیاندا لە فرۆشگایەکی یاری منداڵانن و دەربارەی ئەو ڕووداوانە قسە دەکەن کە لە ناوەڕۆکی فیلمەکەدا ڕوویانداوە. ئالێس بەبێ دوودڵی و هیچ گرفتێك ئەوە نیشانی بیڵ دەدات کە ژیانیان دەکرێت وەك دوو خۆشەویست بەردەوامبێت و هەرگیز لەیەکتر جودا نەبنەوە، بەڵام ئالێس لەژێر دەسەڵاتی چێژ و خۆشەویستییدا گوماناوییە و دوودڵە لەوەی ئاخۆ دەتوانێت بە چ شێوازێك هەموو ڕاستییەکان قبووڵ بکات و بەردەوامی بە ژیانی بدات. ڕوو لە بیڵ دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەتوانن تاهەتایەك پێکەوە بەردەوام ببن، بەڵام تاکە شتێك کە پێویستە ئێستە ئەنجامی بدەن بریتییە لە (Fuck)؛ سێکسکردن بەبێ بوونی هیچ خۆشەویستییەك لەو نێوەندەدا، بەمانای بەکارهێنانی یەکتری.

کاریگەری دەسەڵاتەکان لەسەر خۆشەویستی تاکەکان بۆ یەکتری وخۆشەویستییان بۆ خود و مۆڕاڵ، و ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و ئابورییانەی ڕوو لە تاکەکان دەکەن، بە شێوازێکی چاوەڕواننەکراو دەست وەردەدەنە بەردەوامی و دەبنە هۆکاری ڕوودانی ڕووداوەکان لەنێوان تاکە نزیکەکاندا. لێرەدا دەپرسین چی وای لە ئالێس کرد ببێتە ئامڕازێکی چێژ و ڕووبەڕوی ڕاستییەکان ببێتەوە و چاوپۆشی لە چیرۆکە سەمەرەکەی بیڵ بکات؟ چوارچێوەی یەکەمی پڵۆت

[بیڵ دکتۆرە و هاوسەری ئالێسە لەگەڵ کچە حەوت ساڵانەکەیاندا ژیانێکی چینی مامناوەندی بەرز دەژین. ئالێس پێشووتر وەك بەڕێوەبەری پێشانگایەکی هونەری کاری دەکرد و ئێستا بێکارە. دوو هاوسەرەکە بانگهێشتی ئاهەنگێکی قەشەنگ دەکرێن لەلایەن ڕێکخەری ئاهەنگەکەوە بەناوی (زیگلەر) کە هاوڕێی نزیکی بیڵە. زیگلەر پیاوێکی دەوڵەمەند و خاوەن سەرمایەیەکی زۆرە، لە چینی بەرز و ناودارەکانە، بیڵ وەك پزیشك چاودێری تەندروستی دەکات. بە گەیشتنیان بە ئاهەنگەکە دوو هاوسەرەکە لەیەکتر جیادەبنەوە دوای ئەوەی بیڵ هاوڕێیەکی کۆنی خۆی دەبینێتەوە بە ناوی (نیك) کە پشووتر لە کۆلێژی پزیشکی پێکەوە بوون. نیك وازی لە خوێندنی پزیشکی هێناوە و بە شێوەیەکی ئازاد کاری ژەنینی پیانۆ دەکات. ئالێس ڕووبەڕووی پیاوێكی دەوڵەمەند دەبێتەوە بەناوی (ساندۆر سزاڤۆست) کە بزنزمانێکی هەنگارییە و دەیەوێت ئالێس بەوە ڕازی بکات کە چەند هاوڕێیەکی خاوەن پێشانگان و دەتوانێت هەلی کارکردن بۆ ئالێس بدۆزێتەوە، بەڵام ئالێس جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاوسەری هەیە و ناتوانێت لێی نزیک بکەوێتەوە، بەڵام ساندۆر سوورە لەسەر ئەوەی بتوانێت ئالێس بەدەست بهێنێت و بۆ تەنها یەك جاریشبێت سێکسی لەگەڵدا ئەنجام بدات.] لێرەدا مەیلی نزیکبوونەوە لە ئالێسدا بەدیدەکرێت، سەرکەوتنی دەسەڵات بەسەر خۆشەویستییدا لەو ساتەدایە کە تاك لە بەکاڵابوونی خۆی ناتوانێت دەربازی ببێت و فەراهەمکردن و بەخشینی ئەو چێژە ساتییانەی کە سامان لە توانایدا هەیە بیانهێنێتە بوون گەورەن. ڕاستی ئالێسیش لەم نێوەندەدا و سەرسامبوونی بە قسەکانی ساندۆر، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئەو خۆشەویستییەی کە دەبوو لەنێوان خۆی و بیڵدا بوونی هەبێت. چوارچێوەی دووەمی پڵۆت

[هاوسات بیڵ لەگەڵ دوو خانمە مۆدێلی قەشەنگ خەریکی قسەکردنە و دەیانەوێت بیڵ ڕازی بکەن بەوەی لەگەڵیاندا بچێت بۆ ئەو شوێنەی پەلکەزێڕینەی تیادا کۆتایی دێت. وتووێژەکانی نێوان بیڵ و دوو خانمەکە بەوە دەپچڕێت کە زیگلەر پاسەوانێکی تایبەت دەنێرێت تاوەك بیڵ ڕەوانەی ئەو ژوورە بکات کە تیایدا زیگلەر لەگەڵ کچێکی (سۆزانی) سێکسی کردووە. دوای ئەوەی بیڵ دەگات بە زیگلەر، کچێك بە بووراوەیی و ڕووتی لەسەر قەنەفەیەکی ژوورەکە بدی دەکات کە بێهۆش کەوتووە. بیڵ داوا لە زیگلەر دەکات تێیبگەیەنێت چی ڕوویداوە؟ زیگلەر پێی دەڵێت کە زیاد لە پێویست مادەی هۆشبەری بەکارهێناوە و لەهۆش خۆی چووە. دوای ئەوەی بیڵ هەوڵی بەئاگاهێنانەوەی کچەکە دەدات بە ناوی (ئابیگەیل) و پێی ڕادەگەیەنێت کە پێویست دەکات چیتر ماددەی هۆشبەر بەکارنەهێنێت گەر نا ژیانی لەدەست دەدات. زیگلەر داوا لە بیڵ دەکات ئەم نهێنییە بۆ کەس نەدرکێنێت و تەنها لەنێوان خۆیاندا بمێنێتەوە، بیڵیش پێی ڕادەگەیەنێت کە غەمی بۆ نەخوات. دوای گەشتنەوەی دوو هاوسەرەکە بۆ ماڵەوە، دەکەونە نێو مشتومڕێکی قووڵ دەربارەی حەز و ئارەزووەکانی یەکترییەوە. ئالێس بە بیڵ دەڵێت کە چۆن ساندۆر ویستوویەتی بە دەسەڵات و سامان فریوی بدات و سێکسی لەگەڵدا بکات، پرسیاریش لە بیڵ دەکات ئاخۆ چی لەو دوو کچە ویستووە کە لەگەڵیاندا قسەی کردووە؟ لە بیڵ دەپرسێت: "دەتویست سێکسیان لەگەڵدا ئەنجام بدەیت؟" بیڵ بەم پرسیارە سەرسام دەبێت و پێی دەڵێت کە هەرگیز شتی وا ناکات، چونکە ئەم هاوسەری هەیە و ناتوانێت خیانەت لە هاوسەرەکەی بکات. دووبارە ئالێس پرسیاری لێدەکاتەوە و پێێدەڵێت: "هەرگیز غیرەت لێکردووم؟" بیڵ لە وەڵامدا دەڵێت: "هەرگیز خیانەتم لێ ناکەیت و متمانەی تەواوەتیم پێت هەیە." ئالێس دەکەوێتە نێو حاڵەتێکی هیستریای پێکەنین و حەزێکی نهێنی کۆن بۆ بیڵ دەدرکێنێت.] هەرچەندێك نێرینە خۆشەویستی تەواوەتی خۆی بۆ مێینەیەك دەرببڕێت، و چەندێكیش باوەڕ و متمانەی پێی هەبێت، ئەو هەمیشە بە پێویستی دەزانێت غیرەی لەسەر بکرێت. غەریزەی مێینە بوون لە بەردەوامی پەیوەندی خۆشەویستییدا بەندە لەسەر گرنگی پێدان و پرسیارکردن، لە پێویستی و غیرەکردن لێی. ئەو هێزانەی وایان لە مێینە کردووە باوەڕیان بە ڕاستگۆیی خودی خۆیشیان نەبێت، وای کردووە لەو متمانە توندانەش گومان بکەن کە پێیان دەکرێت. جێی باوەڕە و گومان لەوەدا نییە کە مێینە هەمووکات ئارەزووی ئەوە ناکات تاکی نێرینە وەك خۆشەویست متمانەی تەواوەتی بە هەستەکانی هەبێت، ئەوەی زۆر دڵتەنگیان دەکات متمانەی تەواوەتی نێرینەیە و دیانخاتە گومانکردن لە ئاکت و هەڵسوکەوتەکانی خۆیانەوە؛ ئەمە بۆ پەیوەندییەکی دوور و درێژ و بەردەوام کە بە چەندین هێزی ئاڕاستەکراو بە ڕوویاندا بۆ جیابوونەوە کاریگەرن، ڕاستە. چوارچێوەی سێیەمی پڵۆت

[ئالێس بە غەمێکی نادیارەوە بە بیڵ ڕادەگەیەنێت کە چەند ساڵێك لەوەوەبەر کاتێك لە هۆتێلێك دەمانەوە ئارەزووی ئەوەی کردووە لەگەڵ پیاوێکی سەربازدا سێکس بکات کە لەهەمان هۆتێلدا ئامادە بووە، و حەز و چێژێکی زۆری بۆی هەبووە، بە ڕادەیەك بەلایەوە ئاسایی بووە بیڵ و کچەکەی و هەموو سەروەت و سامانەکەی دابنێت لەپێناو تەنها خەوتنێك لەگەڵ ئەو پیاوەدا]. بە درکاندنی ئەم خەونە نەدرکاوە بیڵ دەکەوێتە حاڵەتێکی غەمبارییەوە و دونیا لەلای دەبێتە بیرکردنەوە لەو دیمەنە خەیاڵییەی ئالێس کە بە بەردەوامی سێکس لەگەڵ پیاوێکی نامۆدا دەکات. ژیری بیڵ لێرەدا دەوروژێت و چیدی توانای بیرکردنەوەی دروستی نامێنێت. دەکەوێتە نێوان هەردوو باری ڕاستی و وەهمدا و ناتوانێت ئەو خەیاڵ و بیرکردنەوانەی ئالێس باسیکردن لە خەیاڵی خۆیدا دەربکات. مۆڕاڵ لە پەیوەندی خۆشەویستی دروستدا، لەوپەڕی شکۆدارییدایە. بە شکاندنی ئەم شکۆیە، چیدی متمانە و پەیوەستبوون بە خۆشەویستی و خۆشویستنەوە نامێنێت. ئەوەی دەمێنێتەوە لە بەردەوامی ئەم پەیوەندییەدا، دەچێتە ژێر سایەی چێژوەرگرتنێکی وەهمی و بەکارهێنانەوە. چوارچێوەی چوارەمی پڵۆت

[ئەم نهێنییە ژیانی بیڵ بەرەو نائارامی و ناسەقامگیری دەبات، بیڵ ڕووبەڕووی چەندین ڕووداو و بەسەرهاتی جیاواز دەبێتەوە، سەرەتا چاوی بە کچێك دەکەوێت کە ناوی (دۆمینۆ)یە. دۆمینۆ بیڵ بانگهێشتی ماڵەکەی خۆی دەکات و لەوێ لەسەر نرخێك ڕێکدەکەون بۆ سێکس کردن، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار بیڵ لەم کارە دەوەستێت و لە بەرنابەردا بڕێك پارە دەبەخشێت بە دۆمینۆ. دوای ئەوەی بیڵ ماڵی دۆمینۆ جێدەهێڵێت بیری دەکەوێتەوە کە (نیك)ی هاوڕێی لە باڕی (Sonata Jazz) کار دەکات، بەرەو باڕەکە ڕێدەکەوێت تاوەك چاوی پێی بکەوێت. لە کۆتا ساتەکانی ژەنیندا بیڵ دەگاتە سۆناتا و لەوێ چاوی بە نیك دەکەوێت. پێکەوە قسە دەکەن و نیك پەیوەندییەکی بۆ دێت. پەیوەندییەکە لە وشەیەکی نهێنی پێکهاتووە کە نیك پێی دەتوانێت داخڵی ئەو شوێنە ببێت کە تیایدا لە درەنگانی شەودا ژەنین ئەنجام دەدات. بیڵ پرسیاری لێدەکات کە وشەی نهێنی (Fedilio) مانای چی دەگەیەنێت و بۆچی بە تەلەفۆن ئەمەیان پێی وتووە؟ نیك لە وەڵامدا پێی دەڵێت کە بە چاوبەستراوی ژەنین بۆ کۆمەڵە کەسانێك ئەنجام دەدات کە خاوەن دەسەڵاتن و بە ماسکی جیاوازەوە کۆدەبنەوە و بە کۆمەڵێك ئافرەتی ڕووت و سەرنجڕاکێش ئاهەنگە نهێنییەکەیان بەڕێدەکەن.] فیدیڵیۆ لە ڕاستییدا پارچەی ژمارە ٧٢ی کمپوزەری بەناوبانگ (بیتهۆڤن)ـە، چیرۆکی ئەم پارچەیەش پەیوەستە بە ڕزگارکردنی زیندانییەك لەلایەن هاوسەرەکەیەوە. ئەمە دەکرێت ئاماژەیەکی بچوکبێت بۆ ڕزگارکردن یاخود بەخشینی بیڵ لەلایەن ئالێسەوە دەربارەی ئەو کارانەی لە داهاتوودا ئەنجامیان دەدات. بەکارهێنانی ئەم ناوە وەك وشەی تێپەڕ و نهێنی بۆ داخڵبوونی کۆمەڵگەیەکی داخراو ئاماژەیە بۆ ئاستی دەسەڵات و ئەو کارانەی لە توانایاندا هەیە بیکەن. چوارچێوەی پێنجەمی پڵۆت

[بیڵ داوای لێدەکات ناونیشانی شوێنەکەی پێبڵیت و پەیمان بە نیك دەدات هیچ شتێك دەربارەی ئەمە نەدرکێنێت. دوای ئەوەی بیڵ ناونیشانی شوێنەکە بەدەست دەهێنێت پێویست دەکات ماسك و جلوبەرگی تایبەت بە ئاهەنگەکەی دەستبکەوێت، لە فرۆشگای (پەلکەزێڕینە) چاوی بە خاوەن فرۆشگاکە دەکەوێت و بە بڕێك پارە جلەکان بە کرێ دەگرێت.] بوونی فرۆشگایەك بەم ناوەوە ئاماژەیە بۆ خاڵی نێوان وەهم و واقیع لەناو ژیان و ئەو ڕووداوانەی ڕووبەڕووی بیڵ دەبنەوە. لە سەرەتای فیلمەکەدا دوو خانمە مۆدێلەکە بە بیڵ ڕادەگەیەنن کە لەگەڵیاندا بچێت بۆ کۆتایی پەلکەزێڕینە بۆ گەیشتن بەئاوات و خەونەکانی. لە ژیانی واقیعدا گەیشتن بە کۆتایی پەلکەزێڕینە بوونی نییە، بەڵام لە خەیاڵدا ئەم جێگایە گەیشتنە بە ئاوات و خەونەکان و لێرەدا دەسەڵات بە ڕەهایی توانای گەیاندنی هەموو خەونەکانی بە واقیع هەیە. هەر ئەم فرۆشگایەشە دەبێتە کلیلیلی کردنەوەی دەرگا گەورەکان بەڕووی بیڵدا بۆ چوونە نێو ڕووداوگەلێك و ژیانێکی سەمەرە. چوارچێوەی شەشەمی پڵۆت

[بە تاکسییەك بیڵ دەگاتە کۆشکێکی شاهانەی گەورە و بە شۆفێری تاکسییەکە دەڵێت گەر چاوەڕێ بکات ئەوا جگە پارەی گەیاندنەکە سەد دۆلاری زیادەیشی پێدەبەخشێت. دوای ئەوەی بیڵ دادەبەزێت، ڕووبەڕوی دوو پاسەوانی بەردەرگاکە دەبێتەوە و بە پێدانی وشە نهێنییەکە، بیڵ دەگەیەننە بەردەم دەرگای کۆشکەکە. دوای ئەوەی بیڵ ماسك و جلەکانی لەبەردەکات دەچێتە ژوورەوە و بینەری مەڕاسیمێکی جیاواز و سەمەرە دەبێت. قەشەیەکی جل سوور و کۆمەڵێك ئافرەت کە بە شێوازی بازنەیی دەوریان لێی داوە، خاڵکانێکی زۆریش کە چاودێری چالاکییەکان دەکەن، هەموو بە ماسکێك دەموچاویان شادراوەتەوە و لەو شوێنەدا بوونیان هەیە. بیڵ کاتێك سەیری نهۆمی سەروو خۆی دەکات پیاوێک کە بە ماسکێکی تایبەت دەمووچاوی شاردراوەتەوە سەری بۆ دەلەقێنێت و ئەمیش وەڵامی دەداتەوە. لەگەڵ بەردەوامبوونی مەڕاسیمەکە، کە زیادتر لە مەڕاسیمێکی ئاینی-تایبەت دەچێت، کچە ڕووتەکان هەریەكەو دەستی کەسێك دەگرن و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن. یەکێك لەو کەسانە بیڵە، و کچێکی خاوەن بەژن و باڵایەکی سەرنجڕاکێش دەستی بیڵ دەگرێت و بەدوای خۆیدا دەیبات. دوای دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵەکە ڕوودەکاتە بیڵ و پێی ڕادەگەیەنێت کە هەنگاوی ناوەتە شوێنێکی زۆر مەترسیدارەوە و پێویستە هەرچی زووە ئەم شوێنە جێبهێڵێت. بیڵ سەرسام دەبێت بەوەی چۆن دەزانێت ئەم کێیە و بۆچی دەیەوێت ئاگاداری بکاتەوە؟ بەڵام کچەکە لەلایەن پیاوێکی دیکەوە دەبرێت و لە بیڵ دووردەخرێتەوە. بیڵ بەنێو کۆشکەکەدا دەگەڕێت و بینەری ئەو سێکسە بە کۆمەڵانە دەبێت کە لەئارادان. کەسایەتییەکان، وەك ئاژەڵ و بەبێ گوێدانە یەکتری خەریکی سێکس کردنن و بەکۆمەڵ کەسانی دیکە سەیریان دەکەن. دوای ئەوەی بۆ دووبارە کچەکە تووشی بیڵ دەبێتەوە، ئاگاداری دەکاتەوەکە چیدی کات نەماوە و دەبێت ڕابکات، بەڵام بیڵ لەلایەن پاسەوانێکەوە بەرەو هەمان ئەو شوێنە دەبرێتەوە کە یەکەمجار تیایدا قەشەکە چالاکییەکانی ئەنجام دەدا. لەوێ بە ئامادەبوونی چەندین کەس داوا لەبیڵ دەکرێت وشەی نهێنی نێو کۆشکەکەیان پێبڵیت، بەڵام بیڵ نایزانێت و ئاشکرا دەبێت کە بە نهێنی هاتووەتە نێو کۆشکەکەوە و ئەندامێك نییە لە کۆمەڵەکە. داوا لە بیڵ دەکەن کە خۆی ڕووت بکاتەوە و بیڵ بەمە شەرم دایدەگرێت، هەر لەم کاتەدایە ئەو کچەی کە ئاگاداری دەکردەوە لەوەی ئەم شوێنە مەترسییدارە، خۆی دەدات بە دەستەوە و ڕایدەگەیەنێت کە لە بری بیڵ ئەم خۆی دەکات بە قوربانی و پێویستە بیڵ ئازاد بکەن.] بوونی دیمەنێکی وەها، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دەسەڵاتدارانی جیهان چەندێك توانای کۆنتڕۆڵکردنی کەسانی دیکەیان هەیە و دەسەڵات بە تەنها دەتوانێت هەموو مەحاڵەکان بهێنێتە بوون. هاوسات هەستی گەورەی مرۆڤایەتی توانای ڕزگارکردنی هەیە و بەسەر هەستی خۆشەویستییدا سەردەکەوێت. هەر تاکێك لە ئێمە خاوەنی دونیابینی و ڕووانینی جیاوازە بەرانبەر بە بەردەوامی، بەڵام لای نوخبەیەکی دیاریکراو ئەم ڕووانینە بە ڕێککەوتن هاوشێوەیە، لەژێر سایەی سوودگۆڕینەوە و بەها و یاسا ڕێکخراوەکان. هێزی دەسەڵات توانای ئەنجامدانی مەحاڵی هەیە، ئەم ڕاستییەش لە فەراهەمبوون و خاوەندارێتی کردنی سامانی مرۆیی و ماددیدا بەرجەستە دەبێت. لاوازی لە هێزدایە؛ ڕێژەی دەسەڵات و سامان گەمە بە ڕێژەی هێز دەکەن. چوارچێوەی حەوتەم و کۆتایی پڵۆت

[دوای ئەوەی بیڵ ئازاد دەکرێت، باری دەروونی تێکدەچێت و بەدوای (نیك)دا دەگەڕێت. بەڵام نیك چیدی لە شوێنی خۆیدا نەماوە و ون بووە، بە گەڕانەوە بۆلای (دۆمینۆ)یش بۆی دەردەکەوێت کە توشی نەخۆشی (HIV) بووە و چیدی ناتوانێت بیبینێتەوە. گەڕانەکانی بیڵ بەردەوام دەبن، دەگەڕێتەوە بۆ هەمان کۆشك و لەوێ زەرفێکی نامەی دەدەنێ کە تیایدا نووسراوە پێویست دەکات لە گەڕان بووەستێت گەر نا ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە. بیڵ تێبینی ئەوە دەکات کە چاودێری دەکرێت و بەمە زۆردەترسێت، هاوسات لەلایەن زیگلەرەوە بانگهێشت دەکرێت و چاوی پێی دەکەوێت. زیگلەر بۆی ڕوون دەکاتەوە کە خۆی ئەندامێکە لەو کۆمەڵەیە و پێویست دەکات بیڵ لێیان دوور بکەوێتەوە. چونکە ئەو کۆمەڵەیە لە کەسانێك پێکهاتووەن کە بیڵ نایەوێت ناویشیان بزانێت، چونکە تەنها بە زانینی ناویان خەوی پیادا ناکەوێت و ژیانی تاریك دەبێت. هەواڵی مردنی شاجوانێکی پێشوویش دوابەدوای ئەو قوربانییە دێت کە لە پێناو بیڵ درا. بیڵ پرسیار لە زیگلەر دەکات کە ئایا ئەم شاجوانە هەمان ئەو کچەیە کە بووە قوربانی لە پێناو ئەمدا؟ زیگلەریش پێی ڕادەگەیەنێت کە بەڵێ ئەوە، و ئەو کچەیە کە لە شەوی ئاهەنگەکەدا بە هاوکاری بیڵ هۆشی هاتەوە بەر خۆی. بیڵ بەوە دڵتەنگ و بێزار دەبێت کە چۆن دەکرێت ڕاستییەکی وەها بە بێبایەخانە سەیر بکرێت و وەك وەهمێکی شکاوە لێی بڕوانرێت؟. دوای ئەوەی بیڵ دەگەڕێتەوە ماڵەوە، ئەو ماسکە بەدی دەکات کە لە شەوی گەشتەکەیدا لە دەموچاوی کردبوو وا لەسەر سەرینەکەی و لەپاڵ ئالێسدا دانراوە. بیڵ بەمە دەکەوێتە گریان و لەباوەشی ئالێسدا پەیمانی ئەوە دەدات کە هەموو ڕاستییەکەی بۆ بگێڕێتەوە. دوای گێڕانەوەی ڕاستییەکان و لە کۆتا دیمەنی فیلمەکە و لەنێو فرۆشگای یارییەکاندا، هەردوو هاوسەرەکە ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و بریاری ئەوە دەدەن پێکەوە بەردەوام ببن و تاکە شەوێك یاخود خەون و خەیاڵێك توانای ئەوەیان نیە دەسەڵاتیان بەسەر ژیانێکی تەواوەتی بشکێتەوە و بڕیار دەدەن یەکتریان خۆشبوێت.]

فیلمەکە خۆی لە چەندین ڕووداوی دیکە و دیمەنی سەرسامکەر دەبینێتەوە و جێی پرسیار و بەدواداچوونن. باسکردنێکی وردی فیلمێکی وەها پێویستی بە سازدانی بەرنامەیەکی تایبەتی هەیە کە بە شێوازی زنجیرە لەسەر هەریەك لە ڕەگەزەکانی نێو فیلمەکە قسە بکرێت و سیمبول و کۆد و نهێنییەکان شی بکرێنەوە، هەروەك (ناونیشان، دیمەنەکان، بەکارهێنانی ڕەنگ، ناوی کەسایەتییەکان، ناوی شوێنەکان، کات و زەمەن لەنێو فیلمەکەدا، پەیوەندییەکان). هەربۆیە بە مەبەستی زیادتر بەدواداچوون و گەڕان، ڕووداوە زەق و سەرەکییەکان لەم شیکارییەدا باسکران، هێشتا ئەم نووسینەیش نیوەی نهێنییەکانی فیلمەکە پێکناهێنێت. زەمینە

بەڵام کێشەکان لێرەدا بە کۆتایی ناگەن، ئەوەی کوبریك هێشتییەوە بۆ تێگەیشتن، لە دیوە نادیارەکەی فیلمەکەدایە. فیلمەکە لەوپەڕی هێماسازی و ئاڵۆزییدایە و هەموو گرتەکان بە تایبەتی پێویستیان بە ڕوونکردنەوە و لێکدانەوەیە. باسکردنی ڕیکخراوێکی وەها نهێنی و مەترسییدار بە درێژایی مێژوو، هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئیمپراتۆرییەتی یۆنانی و ڕۆمانییەکانەوە هەبووە. لە سەردەمی ڕۆمانییە کۆنەکاندا چالاکی و کۆبوونەوەکان کە تایبەت بوون بە ماسك و دەمامکی جیاواز و سەرنجڕاکێش بە (bacchanalia) ناوبراوە و لەسەر بنەڕەتی ئیڤێنت و ئاهەنگی یۆنانییە کۆنەکان ساز کراوە کە بە (Dionysia) دەناسرێت. لە دەستپێکی سەدەی بیستەمدا و تاوەك ئەم ساتەیش، گەورە دەسەڵاتدارانی جیهان بێبەش نین لە سازدانی ئاهەنگێکی ئاوها نهێنی و سەرنجڕاکێش و مەترسییدار. ئەوەی ئێمە نایزانین دەکرێت ڕاست بێت، مەرج نیە هەرچی نەبینرێت ڕاست نەبێت. بنەماڵەی (RothChild)ی جوولەکە، کە بە دەوڵەمەندترین بنەماڵەی جیهان دادەنرێن و سەروەتەکەیان لە نیوەی سەروەتی جیهان نزیک دەبێتەوە، لە ساڵی ١٩٧٢ ئێوارە خوانێكیان بۆ کۆمەڵە هونەرمەند و ناودارێك سازکرد بە ناوی (Surrealist Dinner Party) و تیایدا زۆرینەی میوانەکان بە ماسکی جیاواز و سەرنجڕاکێشەوە گەیشتبوونە جێ. لە بەناوبانگترین میوانەکانیش، هونەرمەند و نیگارکێشی بەناوبانگ (Salvador Dali) بوو. وێنەکانی ئاهەنگەکە بزێو و سەرسوڕهێنەرن، ئەو قسە و باسانەی دەربارەیشی باسدەکرێت لە ڕووداوەکانی نێو فیلمەکەوە نزیکە. بەقوربانی کردنی مرۆڤ بۆ سێبەری شەڕانگێزی و هێزی ڕەش، لە سەردەمە زۆر دێرینەکانەوە بۆ ئێستای مرۆڤایەتی ماوەتەوە. لە سەردەمی مایاکاندا بەقوربانیکردنی مرۆڤەکان، بە واتای ڕازیکردنی خوداوەندەکان هاتووە. ئەم چالاکییە گواسترایەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینێکی نوێ لەسەر دەستی (Anton Szandor LaVey) کە دامەزرێنەری (کڵێسای شەیتان) و (ئینجیلی شەیتانی) دادەنرێت. لە بیر و باوەڕی ئەماندا شتەکان بەڕووی هێزی چاکەدا پێچەوانەیە. خراپە باشەیە، مردن ژیانە، تاریکی ڕووناکییە. بەکارهێنانی جادوو، قوربانی و سێکس کاری سەرەکی ئەم ئاینە نوێیە بوون. لە (سیحری سێکس)دا جووتبوونی بە کۆمەڵ و نهێنی و تایبەت بە بەکارهێنانی چالاکی دیاریکراو، دەبێتە هۆی چالاکبوونی هێزی ڕەش و پێدانی توانای لە ڕادەبەدەر و چێژ و خۆشی و دەسەڵات بە مرۆڤەکان. ئەم جۆرە لە چالاکییە پەرەی سەند و زۆرینەی کەسایەتییە ناودارەکانی لە هەموو بوارەکاندا گرتەوە و لە پێناو ئاشکرا نەبوونیاندا، کۆمەڵەیەکی نهێنیان سەبارەت بە جێژوەرگرتن لە سێکسی بەکۆمەڵ و بەقوربانی کردنی مرۆڤ دامەزراند و بەکارهێنانی ماسك و دەمامکیان کرد بە هۆکارێك بۆ شاردنەوەی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان. بۆچوونی من

لەساتی باوەڕبوون بە هێزی چاکەدا پێویست دەکات هێزی خراپەیش بوونی هەبێت (As Above so Below). بە گەیشتن بە دەسەڵات و هێز، مرۆڤ چیدی لەسەر نەژادی ڕەسەنی خۆیدا نامێنێت و هەنگاو بەرەو ئەهریمەن بوون دەنێت. گەر ئەهریمەن و شەیتانێك لەم نێوەندەدا بوونیان هەبێت، هیچ نین جگە مرۆڤە خراپەکارەکان. دەسەڵات و سامان گەیشتووەنەتە ئەوەی ببنە هۆکاری بازرگانیکردن بە مرۆڤ و تیژکردنەوەی چاوی برسی بەڕووی خواردنی گۆشتی یەکترییەوە. گەر تەماشای ئەو ڕووداوانە بکەین کە بەسەر کارەکتەری بیڵدا هاتن و لەگەڵ ناونیشانی فیلمەکەدا بەراوردیان بکەین، دەبینین بیڵ پێویست دەکات وا خۆی لەقەڵەم بدات کە هیچی نەدیوە و چاوەکانی بەتەواوەتی داخراون؛ (Eyes Wide Shut). بەو مانەیەی بیڵ هیچ تاوانێکی نەدیوە و پێویست ناکات هیچیش دەربارەی لە خەیاڵدا هەڵبگرێت؛ (You Have Seen No Sin) تۆ هیچ (تاوان/گوناهـ)ێك‌ت نەدیوە، و پێویست دەکات چاوەکانت بەباشی دابخەیت. بەڵام گەر بپرسین بۆچی بیڵ توشی وەها کارەساتێکی گەورە بوویەوە؟ وەڵامەکەی بۆ ئێوە جێدەهێڵم. دەسەڵات و سامان بە ڕووکەش هەمیشە سەردەکەون، بەڵام خۆشەویستی لە کۆتاییدا دەیباتەوە.

ئەوەی لە کۆتاییدا جێی باس و ئاماژەپێدانە، ستانلی کوبریك خودی خۆی فریای بینینی ئەم فیلمە نەکەوت و بە کۆتا فیلمی کوبریك لەقەڵەم دەدرێت. بەکارهێنانی ڕەنگی شین وەك هەموو ئەو مەترسییانە بەکارهێنراوە کە ڕووبەڕووی خێزانە خنجیلانەکەی بیڵ دەبنەوە. ڕۆڵی ئەکتەرەکان لەجێی خۆیاندا بوون بەتایبەتی ڕۆڵی (Nicole Kidman). جێی سەرسامی و پرسیارە مردنی کوبریك لە بەرواری March 7, 1999 کە دەکاتە 666 ڕۆژ پێش هاتنی ٢٠٠١، نیشانەیەك بێت بۆ کوشتنی لەلایەن ڕێکخراوێکی نهێنییەوە کە تاکەکانی کۆمەڵگەکانی جیهان بە (Illuminati) ناوی دەبەن. باس لەوەش دەکرێت ٢٤ خولەکی نێو فیلمەکە بڕدراون و چەندین دیمەن و واتای دیکە دەرهێنراون بەبێ ئاگاداربوونی کوبریك، لێرەدا مردنی کوبریكیش دەچێتە ژێر گومان و پرسیارەوە؟. بەڵام کوبریك هەمیشە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە و گاڵتەجاڕییەوە لە ململانێکان ڕووانیوییەتی و ئەوەی بەرهەمی هێناوە لە هونەرێکی جوان و شاکارێکی مەزن زیادتر هیچی دیکە نییە. ئەم فیلمە پێویستە بۆ ئەو کەسانەی کار لەسەر دۆز و پرسی سێکشواڵیتی و مێینە بوون و فێمینیزم و دەسەڵات و ئاین و نێرسالاری دەکەن. بە هیچ شێوەیەك بینینی بۆ منداڵ گونجاو نییە و فیلمێکی خێزانی نییە. Eyes Wide Shut دراما/نهێنی ساڵی ١٩٩٩ دەرهێنەر: ستانلی کوبریك مۆسیقای سەرەکی: Waltz no.2 IMDb rate: 7.3/10 Rotten Tomatoes: %73 Metacritic: %68 My rate: 8.0/10