خوێندنەوەیەکى خێرا دەربارەی زنجیرە درامای (Chernobyl)
خوێندنەوەیەکى خێرا دەربارەی زنجیرە درامای (Chernobyl)
تەقینەوەى زنجیرە دراماى Chernobyl وەک بۆمبێک بە جیهاندا!

بە شێوەیەکی گشتى (GOT: Game of Thrones) بەناوبانگترینى ئەو زنجیرە درامایانە بوو تۆڕى ميديايی (HBO) پێشکەشى کردبوو، بێگومان بە وەرزی هەشتەم: سەرەڕای ئەو لێشاوى ڕەخنانەى ڕووبەڕووى بوونەوە. بەدەر لەوە پاش کۆتایی زنجیرەکە چەند ماوەیەکی نەبرد و لەپڕ تۆڕەكە زنجیرەیەکى دیکەى بۆ پەخشکردین کە وەک بۆمبێک لەنێو کایەى خەڵکى تەقیوەتەوە و لەلایەن بەناوبانگترین سایتى جیهانی بۆ هەڵسەنگاندنى دراماو فیلمەکان imdb یەکەمی گرتووەو ڕەیتى (9.7/10) پێ بەخشیوە. بەمەش پێش هەریەک لە (GOT) و (Breaking Bad) کەوتووە لەگەڵ ئەوەى ئەو دوو زنجیرە درامایە خۆی لەخۆیاندا لیجێندن. زنجیرەکە 5 ئەپسۆدە و دواهەمینیان بەروارى (3/6/2019) پەخشکراو لەگەڵیدا TV-Mini Series دەربارەى تاوتاو لەلایەن تۆڕی ميديايي HBO پەخشدەکرێت. - ئایا هۆکارى ئەو تایبەتمەندێتیە چیە ئەم زنجیرە درامایە بەدەستى هێناوە؟ *پێداچونەوە بێ ـهیچ سپۆیل کردنێکى...

چیرۆک: چیرۆکى ڕووداوەکە کەسی خوێنەر بەتایبەت ئەوانەى حەز بە کایەی سیاسەت دەکەن زانیارییەکی ڕووکەشی ـیان دەبارەى ڕووداوەکە هەیە ئەوکاتەى لە ناوچەى #چێرنۆبڵ لە ووڵاتى ئۆکرانیا Ukraine ڕوویدا لە یەکێتى سۆڤیەتى جاران پێش ئەوەى ئەو یەکێتیە هەڵبوەشێنرێتەوە و چەندین نەتەوە سەربەخۆیی خۆیانى لێ وەربگرن. ڕوودانى ئەو کارەساتە هیچکات وەک خۆى نەگەیەنرا بە جیهان بەڵکو ڕووداوەکانى پەردەپۆشکران بەشێکى، بەشێکى دیکەشی بە دۆکیومێنتارى سەلمێنراو پشتڕاست کرايەوە. هەر ئەو دۆکیومێنتاریە لەلایەن سیناریست و نووسەرەوە بە ڕێگەیەکى زیندوو بە ئێمەى بینەر لەسەر بینگەکانەوە دەگەیەنرێت، کەواتە دەبێت ئەکادیمیانە بین و لەلایەنى چیرۆکیەوە حوکمى پۆزەتیڤ یاخود نەگەتیڤی بەسەردا نەدەین. چیرۆکەکەش ئەوکاتە دەست پێدەکات کە یەکێک لە (کارتیاکەرەکانى ژمارە چوارى وێستگەى چێرنۆبڵ بۆ بەرهەمهینانى ووزەى ناوەکى(نەوەویی) دەتەقێتەوە). سەداى کارەساتەکە نەگەشت بە گوێی بیسەر تەنها دوای تێپەڕبوونى چەند کاتژمێرێک نەبێت، حکومەتى سۆڤێت لەگەڵ ئەوەى هەوڵى دەدا کێشەکە پەردەپۆش بکات و هەڵەکەى چاکبکاتەوە بەڵام سوودى نەبوو چون بابەتەکە پەیوەستبوو بە لەناوچونى کیشوەرێک لەماوەیەکى کەمداو جیهان لە ماوەیەکى دواترو درەنگتر!.

جیاوازى ئەم درامایە: جوڵەو مامەڵەى حکومەتى سۆڤێتى لەگەڵ کارەساتەکە بەشێوەیەکى خاوو هێمنانە بوو بەراورد بە قەبارەى ڕوداوەکە، چونکە لێرە ئێمە باسی لەناوچوون و خاپورکردنى کیشوەرێک دەکەین نەک تەنها شوێنێکى دیاریکراو. بەڵام ئەو خاو مامەڵەکردنە تەكتيكێكى ڕووکەشیانەبوو، گەرنا لەپشت پەردەو لەژێر مێزەکانەوە گەر بەشێوەیەکى جیاوازتر لەسوچێکى دیکەوە تەماشا بکەین شتەکە خێرا دەگوزەرا. مامەڵەکردن لەگەڵى و پیشاندانى ئەو خاو بەدەمەوە چوونە تەنها بۆ ڕەواندنەوەى ترسی ناخی خەڵکى و جیهان بووە کە شتەکە بەو شێوەیە نییە جێى ترس بێت ئەمەش هەنگاوێکى زیرەکانە بووە چونکە ڕوداوەکانى کارەساتەکە خۆی لەخۆیدا خێرا دەگوزەران هەربۆیە کات زۆر گرنگە و پێویستە زۆر بەخێرایانە ڕێگەچارەى بۆ بدۆزیتەوە، ئەوەش وایکردووە کە دراماکە سەرکەوتووانە ووردودرشتى کارەساتەکە و ئەو داستانانەى ڕووی دەدا دوور لە گوێى بیسەر و چاوی بینەرى ئەوکاتە دەرهێنەر بەئێمەی بگەیەنێت و گێژاوەکانى دیمەنە بەرجەستەکراوەکانى ئەوکات و ساتى ڕووداوەكانمان بۆ بخاتەڕوو.

لێهاتوویی لەپیشاندانى دیتەیڵەکانى: لەڕاستىدا، دراماکە پشتى بەچەندین دیتەیڵى واقعى بەستووە و ویستویەتى زۆرترینى ڕاستیەکان بۆ بینەر بخاتەڕوو. ئەوەش وایکردووە لای من بەرهەمێکى هونەرى مەزن بێت چونکە پاپەندبوونى بابەتیانەى خۆی بەرامبەر لایەنە زانستى و مرۆڤایەتیەکان پاراستووە. وەک بڵاوبوونەوەى ناوکە خانە ئەتۆميەکان بەجۆرێک گەر نەشتەقێتەوە ئەوا تیشکە کوشندەکانى تەشەنە دەکات، لە نموونەى: (ئەلفا و بێتا و گاما). وە کاریگەرى دواترى لەسەر لاشەى مرۆڤەکان، کە سەرەتاکەى تێکچونێکى سادەى جینەکانه، تاکو دەگاتە پڕۆتینەکانى کە لەپاشماوەى ترشەڵۆکەکان دروست دەبن، و هۆکاری سوتان و تێکچونى پێستە بەشێوەیەکى زۆر خراپ و قێزەون. هەروەها زنجیرەکە لایەنى چۆنێتى دروستکردن و کارپێکردنى چەکە ئەتۆمەکانمان بۆ دەکات ، بەمەش بینەر ئاشناى لایەنە فێرکارى و زانستیەکەى ئەم جۆرە چەکانە دەبێت. دراماكە دەيەوێت پێمان بڵێت: کە هەڵەیەکى ئاسان و سادەى بەڕێوەچوونى کارەکانى ئەم وێستگانە چۆن کارەساتێکى وەک #چێرنۆبڵ دروستدەکەن.

ئاکتین و کارەکتەرەکان، دایرێک ــکردن: نوسینى کەسایەتیەکان بە سەرەکى و لاوەکیشیەوه تاکو بڵێیت ناوازەیە، هەندێکیان پەلەخوازن هەندێکى دیکەیان لەسەرخۆو لێهاتوو لەچۆنێتى جوڵانەوە لەگەڵ بارودۆخەکە هەندێکی تر لەنێوان کەسایەتیە پەلەخواز و لەسەرخۆکانن. پاڵەوانى زنجیرە دراماکە (Jared Harris) لە ڕۆڵى پسپۆڕى دروستکردنى چەکى ناووکی (Valery Legasov)، و (Stellan Skarsgard) لە ڕۆڵى کەسایەتى ئەرستۆکراتى (Boris Shcherbina) هەردوکیان پێکەوە ڕۆڵگێڕانەکەیان تەواو پڕ لە بەتوانایی و داهێنان. بیرم نەچێت ئەکتەرى گەورە (Donald Sumpter) هه رخۆی ئامادەبوونى قورساییەکى ترى بە زنجیرە دراماکە بەخشیوە. دەرهێنەر: (Johan Renck) هەرچی بڵێم بڕواناکەم حەقى خۆی پێ بدەم، خۆى دیمەنە نزیکەکان بەسبێ تاکو حاڵەتە دەرونیەکانى کارەکتەرەکانت تەواو بۆ بخاتە پێش چاو بەجۆرێک هەستێکى وەهات بداتێ وەک ئەوەى تۆش کەسێکى بەشداربووى ناو کارەساتەکەيت. ئەوەشى دیمەنە #دەرەکیەکانە زیاتر پشتى بە کامێراکان بەستووە بە گۆشەى 90/پلە لەبەرزاییەکانەوە، ئەویش تەنها بۆ پیشاندانى شوێنى ڕوودانى ڕووداوەکان.

چەند ڕاستیەک دەربارەى -چێرنۆبڵ و یەکێتى سۆڤێت: ١- ساڵى (1922) یەکێتى سۆڤیەت دوستبوو بەسەرکردایەتى (جۆزێف ستالین) و ساڵى (1991) لە ماوەى فەرمانڕەوایی (میخایل گۆرباچۆف) کۆتایی پێهات و يەکەم سەرۆک وەزیران (ڤلادیمێر لینین) بوو، دواهەمین سەرۆک وەزیران ـیش (ئیڤان سێلایڤ) بوو. ‎٢- ڕووبەرى جیۆگرافى یەکێتیەکە بەشێکى زۆرى لە جیهان گرتبووەوە بەجۆرێک (ئۆکرانیا- بیلاڕوسیا- لیتوانیا- ئەرمینیا- ئیستۆنیا...هتد) بەشێكى بوو. ‎٣- کارەساتى (چێرنۆبڵ ساڵى 1986) لە UKRAINE ڕوویدا و یەکێکبوو لە گرنگترین هەرێمەکانى ئەوکاتەى یەکێتى_سۆڤێت، ڕووداوەکەش وەک پەڵەیەکى ڕەشى لێهات لەم مێژووى یەکێتیەکە بەجۆرێک دەوترێت یەکیک بووە لە گرنگترین ئەو هۆکارانەى بوونە هەڵوەشانەوەى یەکێتی سۆڤێت ساڵى 1991 . ‎٤- ڕووداوەکە بووە کوشتنى (36کەس) و برینداربوونى زیاتر لە (2000کەسى) دیکە. لەگەڵ زیانی ئابورى ووڵات خەمڵێنراو بە (3ملیار دۆلارى ئەمریکى). سەرەڕاى زیانلێدان لە ملیۆنان_کەس لە دانیشتووانى زەوى بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ هەرلەو کاتەوە تاکو سەردەمی ئێستا و تەنانەت تاکو ئەوکاتەى تەمەنى پێشبینیکراوى #تیشکى کۆتایی دێت کە خۆی دەدات لە (24هەزار) ساڵى دیکە. ‎٥- دواى کارەساتەکە سەرجەم دانیشتووانى ناوچەى Prypyat ڕاگوێزران بۆ شوێنێکى دیکە لەگەڵ دابینکردنى سەرجەم پێداویستیەکان بەو پێیە شوێنەکە چیتر بەکەڵکى ژیانکارى نایەت هەرلەبەرئەوە ناوچەکە بە دوورى 30/کم تەلبەندکرا. سەرجەم تەنە ئەتۆمیەکان لەگۆڕنران و دواتر بە چیمەنتۆ داپۆشران. پاشان حکومەتى ئۆکرانى پاش ئەوەى زانى خەریکە چیمەنتۆکارى ئەو ناوچەیە قڵیشاندن و درزتێبەربوونى زۆردەبێت، پارەیەکى باشى بۆ دووبارە چیمەنتۆکردنى ئەو ناوچەیە دژی دەرهاویشتە تیشکیەکان بەگەڕخست و نۆژەنی کردەوە.