خۆشەویستی؛ وەک بوارێکی نەبینراوی تری گەردوون!
خۆشەویستی؛ وەک بوارێکی نەبینراوی تری گەردوون!
نووسینی: لێزان فاخیر

فیلمی Interstellar یەکێکە لە دیارترین ئەو فیلمانەی لە چەشنی زانستیدان چونکە لەتەواوی فیلمەکە یاسا و گریمانە فیزیاییەکان بەکارهاتوون کە لەلایەن زانای براوەی نۆبڵ ( Kip thorne)ەوە لە فیلمەکەدا ڕێکخراون. کیپ بەو مەرجەی یارمەتیدەری نۆڵان بوو کە لەهیچ دیمەنێکدا ڕێسایەکی هەڵە و خەیاڵیی بەکار نەهێنرێت بەو مانایەی هەموو دیمەنەکان بەپێی یاسا فیزیاییەکان بجوڵێنەوە!. وەهەروەها ئاوازدانەری زرنگ (هانس زیمەر) بە ئاوازە گەردوونیەکانی فیلمەکەی ڕازاندۆتەوە. لەم نووسینەدا وەسفی کۆمەڵە باسێکی بژار دەکەین و هاوبەشی فیلمەکەی دەکەین بۆیە وا باشترە سەرەتا بینەری فیلمەکە بیت و گەر هەڵگری پێشکۆیەکی زانستی بیت بێگومان چاکتر تێدەگەیت.

| خۆشەویستی وەک بوار و ڕزگارکەرێک! لەم گەردوون و دنیای ئێمەدا جیا لەو شتانەی دەیانبینیت بە چەندان شتی تر هەن کاریگەری و ئاکام لەسەر تۆ و هەمووان دروستدەکەن، وەک بوارەکانی گەردوون (کێش، موگناتیس و وزەی ناوەکی…) کە کاریگەری لەسەر تەن دروست دەکەن ئینجا زیندوو بێت یان نازیندوو. بەڵام گەر لە دیدەیەکی تر بڕوانین مرۆڤ، گەردوونێکی ترە! کەواتە لەو گەردوونەش دەبێت بواری جیا هەبەن؟ بۆنا. دەشێت ئەوەی تا ئێستا ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین لە بیردۆزی فرە-گەردوونیدا وەڵامێکی سانای هەبێت. نۆڵان بەیارمەتی Kip Thorne لەم فیلمەدا بەرسڤێکی سەیرمان پێدەدات. نۆڵان لە Interstellarـدا خۆشەویستی دەکات بە بوارێک کە گەشت بەنێو کات و شوێندا دەکات! یان دەتوانین بڵێین گەشت بە نێو دنیای ماددی و کاتدا دەکات و یەخەی مرۆڤ دەگرێت. کووپەر (ئەکتەری سەرەکی) کچەکەی لەتەمەنێکی منداڵیدا جێدەهێڵێت کەچی خۆشەویستی کچەکەی وادەکات کووپەر بگەڕێتەوە کاتێک مۆرفی بچووک لەسەرە مەرگدایە. نۆڵان زیرەکانە مانای خۆشەویستی دەهێنێتە گۆ و وای لێدەکات ئاکام و کاریگەری جێبهێڵێت ئەوەتا لە فیلمەکەدا هیچ زانایەک باوەڕ بەوە ناکات کە پێگەیەک و شوێنێکی تر هەبێت بۆ ژیان جیا لەزەوی بەڵکو تاکە باوەڕ و ئامانجیان ئەوەیە ڕەچەڵەکی مرۆڤ لە گەردوون بهێڵن نەک ئەوانەی هەن ڕزگاریان بکەن بەڵام تاکە کەس کە باوەڕی هەیە دەرچەیەک هەبێت و هەم ڕەچەڵەک وە هەمیش مرۆڤە هەبووەکان ڕزگار بکات مۆرفە ئەو مۆرفەی ئێستا لە تەمەنی باوکیدایە! باوەڕی بە باوکی هەیە و کووپەریش باوەڕی بە کچەکەی، ئەمە لە گەردوونی مرۆڤدا پێیدەڵێن خۆشەویستی و هەر ئەمەشە دەبێتە ڕزگارکەری ئەو مرۆڤانەی کە هەبوون لە فیلمەکەدا! ئەمە نموونەیەکی بچووکە، هەموو فیلمەکە بەم پەیوەندی خۆشەویستیە بواری و نەبینراوە بەستراوە.

| ئەوان گەر بەهزرێکی هاکەزایی لە فیلمەکەت نەڕوانی بێت، بێگومان دەبێت لە هەندێک شوێنی سەیردا بیسەری ووشەی ئەوان بوو بیت. زۆربەی ئەوانەی بینەری فیلمەکە بوون لەم مەبەسەتە نەگەشتوون کە کووپەر بۆ دەڵێت: ئەوان بۆ ئێمەیان دروست کردووە! ئەوان منیان هەڵبژاردووە! ئەوان کونە ڕەشەکەیان لەنزیک زوحەل ساز کردووە! ئەوان کێن؟ یا چین؟ کووپەر بۆ وادەڵێت؟ مەبەست لە ووشەی ئەوان خۆیانن! مرۆڤە بەڵێ مرۆڤە هۆشمەندەکان. ئەوان هەر کووپەر و مرۆڤن! بەڵام چۆن؟ بەنموونەیەک ڕوونی دەکەمەوە: وای دابنێ تۆ دەتوانیت بەخێرای ڕووناکی لەساڵێکدا بڕۆیت، گریمان تەمەنت ۲۰ ساڵ و سێ مانگ و شەش ڕۆژ و چوار کاتژمێر و بیست خولەک و پەنجا چرکەیە. تۆ لەبەردەم ماڵتان وەستاویت و دەردەچیت بۆناو گەردوون بەئاڕاستەی تەقینەوە مەزنەکە، تا تۆ لە دووری ۲۰ ساڵ و سێ مانگ و شەش ڕۆژ و چوار کاتژمێر و بیست خولەک و پەنجا چرکەی ڕووناکی دەوەستیت، ئینجا تۆ خاوەنی تەلسکۆبێکی کە دەتوانێت دووری ۲۰ ساڵ و سێ مانگ و شەش ڕۆژ و چوار کاتژمێر و بیست خولەک و پەنجا چرکەی ڕووناکی ببینێت و ڕووی تەلسکۆبەکەت بەرەو زەویە. دەزانیت، تۆ دەتوانیت لەدایکبوونی خۆت ببینیت! هەمان کردار لە فیلمەکەی نۆڵان دووبارە دەبێتە بەڵام بە ئاڕاستەی دژ بە تەقینەوە مەزنەکە! کووپەر دەڕوات بۆ دوور لەزەوی و لەئایندە کاریگەری لەسەر ڕابردوو دروستدەکات.

| کونە ڕەشەکان کونە ڕەشەکان یان چاڵەکانی گەردوون بریتین لە پاشماوەی ئەستێرەکان بەهۆی تەقینەوەیەکی مەزنەوە کە هێزی کێشکردن لە کڕۆکدا زۆر دەبێت و دەبێتە هۆی هەڵووشینی هەموو گەرد و ماددە و ئەتۆمەکان تەنانەت ڕووناکیش، بۆیە وەک چاڵێک لە گەردووندا شوێنی خۆیان کردۆتەوە. لە فیلمەکەی نۆڵاندا دوو کونی ڕەش بەدیار دەکەون یەکەمیان وەک یارمەتیدەر و ئەوەی دووەمیان وەک خێوێکی مەترسیدار. یەکەم کونی ڕەش کە کووپەر و دەستەکەی بەلایدا تێپەڕ دەبن کە لەنزیک زووحەلدا جێگیر بووە و لە گەلەئەستێرەی کاکێشان و کۆمەڵەی خۆری ئێمە دایە، یارمەتیدەر دەبێت وەک گەیەنەرێکی تەواو ناوازە بۆ گەلە ئەستێرەیەکی تر. ئێمە دەڵێین کونە ڕەشەکان هەموو شتێک هەڵدەمژن بەڵام چۆن دەکرێ بەلایدا تێپەڕ ببن! کونە ڕەشەکان لەدنیای ئێستاماندا هەتا دیاریکردنی شوێنیان لە گەردوون زۆر کارێکی قورسە چونکە ئەو ڕووناکیانەی ئاڕاستەی کونی ڕەش دەکرێن نادرێنەوە! بەڵام هەندێک جار ڕووناکیەکان لەلێواری کونی ڕەشدا دەرباز دەبن! کووپەر و دەستەکەی وزە بەکار دەهێنێن لەو شوێنەی پێی دەڵێن لێواری کونە ڕەشەکان! گەر بێت و بە وزەیەکی تەواو بەگوێرەی بارستەی کونە ڕەشەکەی و بارستەی ئەو فڕۆکەی بەدەوریدا دەسوڕێتەوە گونجاو بێت دەکرێت پێچێک بەدەوری دا بکەیت و لەوبەرەوە لەشوێنێکی تری گەردوون خۆت ببینیتەوە! چونکە لەناو کونە ڕەشەکان شوێن و کات تێکدەشکێن یان کات لەدۆخی فیزیک لا دەدات بەڵام لەلێواری کونی ڕەشدا بەهۆی کەمی هێزی کێشکردن لەچاو کڕۆکدا کات خاو دەبێتەوە و تەنها شوێن دەگۆڕێت. وە دووەم کونی ڕەش ئەو کونە ڕەشەیە کە کووپەر لەناویدا نوقم دەبێت! و زۆربەی تەمەنی بەپێی زەوی لەدەستدەدات (سەرنج بدە بژاری: میلەر)، ئەو کاتەی کووپەر دەکەوێتە نێو چاڵەکە، دووبارە ئاڵۆزیەکی تر ڕوو لە چاوی بینەر دەکات کە تێدا کووپەر خۆی لەدنیای چەند ڕەهەندیدا دەبینێت! لە گەردووندا کات؛ فیزیک نیە وەک شوێن (فیزیک: واتە دوو ئاڕاستەی پێش و پشتەوە) کات هەمیشە بۆ پێشەوە دەچێت، بەڵام لە نێو کونە ڕەشەکاندا بەپێی گریمانەکان کات وەک ئەتۆم و ڕووناکی تێکدەشکێت و دەتوانیت مەلە بکەیت بەناو کاتدا یان تۆ لەو دیووەی تری کاتدا دەبیت! کووپەر کاتێک چاوی هەڵدێنێت کەوتۆتە نێو دنیای کونە ڕەشەکەوە کەتێدا مەلە دەکات و دەگات بە یادوەریەکان و ژوورەکەی مۆرف ((لەڕاستیدا کووپەر کەوتۆتە نێو دنیای چوار ڕەهەندیەوە، کە نۆڵان بەپێنج ڕەهەند وێنای کردووە، چوار ڕەهەندەکە بەم شێوەیە: کات و شوێن بۆ پێشەوە و پشتەوە دەچێت وەک ڕاستەهێڵێک بیهێنە هزرت کە بیچەمێنیتەوە چوارگۆشەیەکت دەستدەکەوێت ئینجا ئەم چوارگۆشەیەش بکەیت بە شەش دانە چوارگۆشە و بەشێوەیەک ڕیز ببن کە سێ دانەیە لەدوای یەک و چوارم دانە لەسەرووی دووەم دانە و پێنجەم و شەشەم لەژێرەوەی دووەم دانە ئینجا دووبارە بیچەمێنەوە شەشپاڵوێک دێتە وێنات! ئەمجارە هەشت شەشپاڵوی کات و شوێن وێنە بکە بەهەمان شێوازی چوارگۆشەکان و دووبارە بیچەمێنەوە ئەمجارە هەمان دنیای کووپەرت لەلا دروست دەبێت کە کەوتۆتە ناویەوە وە پێنجەم ڕەهەند خۆشەویستی مۆرفە! کە لەدواوەی کتێبەکان دەیبینێت)) دواتر بەهۆی کۆدی (مۆرسە) دەرچەی ڕزگار بوون دەنێرێت بۆ کاتژمێرەکەی مۆرف. بەڵام چۆن، ئەو کەوتۆتە نێو ئەو دنیا سەیرەوە چۆن دەتوانێت دەستکاری شوێنێکی تر لە کاتێکی تردا بکات؟ لەفیزیا کوانتەمدا هەر ئەتۆمێک بەنموونە گەر لەسەر نینۆکی دەستت بێت دەتوانیت هەر هەمان ئەتۆم لە نزیکی مەریخ بدۆزیتەوە! کووپەر نەیدەتوانی بە ئاشکرا دیاربێت بەڵام بوونی هەبوو لە ژوورەکەی مۆرفدا تەنها بەهۆی هێزی کێشکردن و ئەتۆمەکانەوە دەیتوانی هەندێک کاریگەری دروستبکات واتە وەک خێوێک، خێوێکی مرۆڤ! کەواتە کووپەر لەناو کونە ڕەشەکەدا قسەی لەگەڵ کووپەری زەوی دەکرد! و دەشێت هەر کووپەریش کونەڕەشەکەی لەو شوێنە دانابێت کە کووپەر بێت و بتوانێت قسە لەگەڵ کووپەر بکات!.

| هەسارەی میلەر هەسارەی میلەر ئەو هەسارەیەی کە لەفیلمەکەدا پێیان وایە بەهۆی بوونی ئاوەوە گونجاو دەبێت بۆ ژیان! بەڵام لەدوای گەشتنیان درکیان بەوە کرد کە نەگونجاوە بەهۆی لافاوە بەردەوامەکانی، هاوکات هەسارەی میلەر لەنزیک کونی ڕەشی دووەمەوە بوو. کە کاریگەری خستبووە سەر میلەر و هێزی کێشکردنی ئێگجار زۆر بوو بوو. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ٢٣ ساڵ و ٤ مانگ و ٨ ڕۆژ لەتەمەنی کووپەر و براند کەم بکات بەبەراورد بە هەموو مرۆڤێک چونکە یەک کاتژمێر لەسەر هەسارەکە بەرامبەر حەوت ساڵ بوو لەسەر زەوی واتە 3600 چرکە بەرامبەر بە 9,198,000 چرکە، ئەمەیان چۆن مەگەر دەکرێ؟ بەپێی گریمانەکانی ئاینشتاین کات هەرگیز بۆ دواوە ناچێت بەڵام دەکرێ خێراتر یان خاوتر بڕوات بەهۆی کاریگەری هێزی کێشکردنەوە! لەهەسارەی میلەر بەهۆی زۆری هێزی کێشکردنەوە کات لەلای کووپەر و براند خاوتر دەڕۆشت بەراورد بەکاتی گەردوونی وە بەلای کاتی گەردوونیەوە کات خێراتر دەڕۆشت بەگوێرەی کووپەر و براند ئەمەش بیردۆزی ڕێژەیی ئاینشتاینە! کە دەڵێت هەموو شتەکان ڕێژەیین.

| میوزیک بەهۆی ئەوەی کە تۆ بینەری دیمەنی زۆر سەرنج ڕاکێش دەبیت لە Interstellar بێگومان گوێگری ئەو میوزیک و ئاوازە گەردوونیانەی هانس زیمەریش دەبیت کە بەبڕوای نۆڵان هانس باشترین کاری خۆی کرد لە تەمەنیدا. ئاوازە تایبەتترینەکەی هانس ئەو ئاوازە بوو کە لەکاتی ئەرکەکەی کووپەر و دەستەکەی بۆ هەسارەی میلەر بیسەر دەبیت! ئاوازەکە بەلای زۆرێکەوە هەر میوزیکێکە و تەواو بەڵام زۆر کات چیرۆک بوونی هەیە لە دوای کارە سادەکان! گەر گوێگری بووبیت هەست بە تیک تۆکێکی (تیک-تۆک: دەنگی چرکەژمێر) کاتژمێری دەکەیت کە نێوان هەر یەکێک لەم تیک تۆکانەدا مەودایەک بوونی هەیە کە نزیکە لە یەک چرکەوە و هێندەی یەک ڕۆژ دەبێت لەلای کووپەر و براند بەگوێرەیان بۆ کاتی زەوی! واتە هەر تیک تۆکێک ڕۆژێک لەتەمەنیان کەم دەکات بەگوێرەی مرۆڤەکانی زەوی! وەهەروەها میوزیکەی تەواو جیاوازەکانی لەکاتی ئەو دیمەنانەی کە ناخی گەردوونیان نیشان دەدات کە بریتی بوون لە سەمفۆنیای گەردوون! کە بێگومان بێدەنگیە بەهۆی نەبوونی ناوەندی گواستنەوەی دەنگ!.

| ڕەنگ و وێنا لەسەر زەوی ڕەنگێکی خۆڵەمێشی زاڵ بەهۆی بەردەوامی با لەسەر زەوی و ڕەنگێکی تەواو سروشتی لە گەردوون نیشان دەدات، هاوکات وێناکردنی کونی ڕەش و هەسارەکان کەمترین هەڵەی تێدایە بەتایبەت وێناکردنی کونە ڕەشەکان شتێکی زەحمەتە بتوانرێ شتێکی بەچاو نەبینراو وێنا بکەیت بەڵام نۆڵان کردی ئەوەتا یەکەم وێنەی کونی ڕەش کە لە ۲۰۱۹ـدا کەوتە بەردەست گەر بەراورد بکەین بەو وێنایی نۆڵان زۆر نزیکن!

| هەندێک ڕاستی - Fact • فیلمەکە لەکاتی دەرهێنانی بەبێ بەکارهێنانی (ڕوونگەی سەوز-گرین سکرین) ئامادەکراوە نۆڵان وەک خووە هەمیشەیەکی دوورە لە بەکارهێنانی هەندێک فێڵ، بەڵکو لەشوێنی ئەوە ژوورێکی تەواوی بە ڕوونما داپۆشی بەو کاریگەریە بینەیانی (Visual Effect) کە ئامادە کرابوون. تاوەکو ئەکتەرەکان ئەوە ببینن کە لەکوێی گەردوون ڕۆڵ دەگێڕن. • لە باشترین ۲٥۰ فیلمی مێژووە بەپێی پێگەی IMDb. کە لەپلەی ۳۱ـە. • کێڵگەکەی کووپەر، لەڕاستیدا کێڵگەیەکی تەواو ئامادەکراو بوو کە نۆڵان بۆ گرتنی تەواوی دیمەنەکان دروستی کردبوو، وە دوای تەواو بوونی فیلمەکەی زەوی و گەنمەشامیەکانی فرۆشت و بڕێک پارەی گەراندەوە. هاوکات زەویەکە بەنزیکەی ۲۲۰ هەزار مەتر پێوانە دەکرا. • کووپەر و براند دوای ٢٣ ساڵ و ٤ مانگ و ٨ ڕۆژ گەڕانەوە لە تەواوکردنی ئەرکەکەیان لەسەر ھەسارەی میلەر، کە تەنھا ٣ کاتژمێر و ١٧ خولەکیان پێچوو. • کاتی فیلمەکە ١٦٩ خوولەک بوو، وە تێچووی فیلمەکە ١٦٥ ملیۆن دۆلار بوو، ئەمەش واتا (975,000) ھەزار دۆلار بۆ ھەر خولەکێک، نزیکەی ملیۆنێک دۆلار! • دووەم فیلمی نۆڵانە کە ووشەی (Fuck)ـی تێدا بەکاربهێنرێت. • خاوەنی ئۆسکارێک و ٤٣ خەڵات لەکۆی ١٤٥ پاڵاوتنی دی. ـ ئێڵEl