خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی (درم- Contagion- عدوى) فیلمێک بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستای نەخۆشی کۆرۆنا
خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی (درم- Contagion- عدوى) فیلمێک بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستای نەخۆشی کۆرۆنا
خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی (درم- Contagion- عدوى) فیلمێک بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستای نەخۆشی کۆرۆنا لە چەند ساڵی ڕابردوو گوێبیستی چەندین جۆری نەخۆشی نوێ بوین لەهاوشێوەی (شێتی مانگا) و (ئەنفلۆنزای بەراز) و..هتد. هەریەکێک لەو نەخۆشیانە ترسێکی زۆری خستبووە دڵی خەڵکی، بەڵام خۆشحاڵانە هەر زوو توانرا کۆنتڕۆل بکرێن. هەموو ئەوانەش بیرۆکەی ئەوەی پێ بەخشین لەسەردەمی جیهانگیری چەند ئاسان هەر نەخۆشیەک بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاو جموجۆڵ و گواستنەوەی مرۆڤەکان لەشوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە خێرا بڵاودەبنەوە. هەر لەبەرئەوە فیلمی (درم- Contagion- عدوى) لەسەر ئەو ڕێچکەیە کاردەکات.

پلۆتی فیلمەکە: فیلمەکە وێناکردنی نەخۆشیەکی دەگمەن و کوشندەیە بەشوێن ڕێگە چارەکانی دۆزینەوەی دەرمانێکە لەلایەن پسپۆڕانی بواری پزیشکی و پێشبڕکێکردنیانە لەگەڵ کات بۆ ڕێگریکردن لەمەترسی لەناوبردنی یەکجارەکی مرۆڤایەتی و زانینی سەرچاوەی نەخۆشیەکە بەو پێیەی بووەتە لەناوبردنی (دەیان ملیۆن کەس) لەچواردەوری جیهان.

ڕەهەندەکانی فیلمەکە: فیلمەکە چەند ڕەهەندێک لەخۆ دەگرێت؛ توشبوانی پەتاکەو کاریگەری بەسەریانەوە خۆیان و خێزانەکانیان، سیاسیەکان و تێگەیشتنیان بۆ بارودۆخەکە مامەڵەکردن و بڕیاردانیان تاکو لەبەرژەوەندی هەمووان بێت، ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندکارەکان بەمەبستی بڵاوکردنەوەی تازەترین هەواڵ وه ئاگادارکردنەوەی خوێنەرەکانیان. ئەوانە وایکردووە فیلمەکە لایەنی زۆرى تێدابێت و تێکەڵیەک دروستبکات، بەو ئاراستەیە کەسایەتی زۆر لەخۆبگرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوانە توانیویەتی هەموو ئەو ڕووداوانە پێکەوە گرێبدات و فیلمەکە لەقاڵبی وەستاوی لەدەوری تەنها بابەتێک دەربکات ئەویش بەتێکەڵکردنی چەند لایەنێکی مرۆڤدۆستی وەک دیمەنی (خێزانی_ئێمهۆڤ) کە پێکهاتوون لە چوار ئەندام، پاش مردنی دایکەو کوڕە چکۆلانەکەی؛ باوک و کچ لەوپەڕی بێ ئۆمێدی و ناخ ڕووخاوی دەژین و شەڕی مانەوە دەکەن. ئەوکاتەی وەک بینەرێک دیمەنەکە دەبینیت دڵنیابە هەست بەقوڵیەکی مرۆڤدۆستانەی زۆر دەکەیت سەرەڕای چەندین دیمەنی تر کە نامەوێت سپۆیلی بکەم.

جیاوازی فیلمەکە: فیلمەکە چیرۆکێکی دووبارە نیە تەنها خولبخوات دەربارەی پەتایەکی کوشندە، بەڵکو خستنەڕووی فیلمەکە بەجۆرێکە هەموو دیمەنە جیاوازەکان وەک پارچەکانی یاریەکی پەزڵە بەدوای یەکدا پاش تێکەڵکردن و ڕێکخستنەوەیان دەگەیتە ڕێگەچارە. ئەوەشی زیاتر فیلمەکە بەپێزتر دەکات، ئەو فۆبیایەیە کە لەناخی ئێمەی مرۆڤدایە هەریەکەو بەشێوەیەک ئەمەش وادەکات بۆ هەندێک تێڕامنێک دروستبکات و بۆ هەندێکیتر ترسێکی زۆر.

کاستی فیلمەکە: فیلمەکە بەرهەمی ساڵی (2011) یەو، چەندین ئەکتەری دیارو براوەی خەڵاتی ئۆسکاری پێکەوە کۆکردۆتەوە لەپێشیانەوە: گوەینیس پاڵترۆو، کەیت وینسڵەت، ماریۆن کۆتیار، مات دەیمۆن، جود لۆ، لۆرەنس فیشبێرن... دەرهێنانی دەرهێنەری بەتوانا: ستیڤن سۆدەربێرگ.

ئاستی ڕۆڵگێڕان: فیلمەکە لەگەڵ ئەوەی ئەو تیمە ناوازەیەی ئەکتەرە ناودارەکانی لەخۆگرتووە، بەڵام ڕۆڵگێڕانەکانیان زۆر لەئاستی پێویست نابینرێت، ئەوەش نەک هۆکار خودی ئەکتەرەکان خۆیانبن، بەڵکو هۆکار ڕەنگە ئەستێرەی یەکەمی فیلمەکە بێت کە بریتییە لە نەخۆشی و درمە بڵاوەکە.

لایەنی زانستی فیلمەکە: پێویستە بزانیت دیتەیڵی فیلمەکە بەتایبەت ئەو ڕووە زانستیەی دەخرێتە ڕوو بینەری ئاسایی زۆر لەتێرمەکانی تێنەگات و تۆزێک بۆی ئەستەم بێت، بەڵام هەندێک ووردبونەوەو فۆکوس خستنە سەر زنجیرە ڕووداوە دوابەدوا یەکەکانی ناو فیلمەکە ڕەنگە ئەو لایەنەت بۆ چارەسەر بکات.

ئەوەی ماوەتەوە ئاماژەی پێبدرێت فیلمەکە باسی سەرچاوەی درمە سامناکە لەناکاوەکە دەکات و هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ شەمشەمەکوێرەکان، ئەوەش هەمان هۆکارە لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنا ڕوودەدات و سەرچاوەکەی بەپلەی یەک هەمان بونەوەرە، واتە (شەمشەمەکوێرەکان). گەر تەماشای فیلمەکە بکەیت سەیردەکەیت ڕووداوەکانی زۆر لەئێستای ژیانی واقعی خۆمان دەچێت وەک ئەوەی خۆمان ڕۆڵبگێڕین و ئەکتەرەکانی ناو فیلمەکە بین.