غەدرێکی ئۆسکاری و خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی (TOGO: The Untold True Story):
غەدرێکی ئۆسکاری و خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی (TOGO: The Untold True Story):

پێشەکی: ساڵی 1925 ‏پەتایەکی کوشندە بەناوی (وەناق یاخود دەردەکۆپان- دیفتێریاDiphtheria) شاری (Naom)ی #ویلایەتی_ئەلاسکا دەگرێتەوە، بەهۆکاری گەردەلولە بەفرینەکان فڕۆکەکان ناتوانن دەرمانی دژ بگوازنەوە بۆ شارەکە لەبەر ئەو هۆکارە ناچار پشت بە سەگەکان دەبەستن.

ڕاستیەک پێویستە ئاماژەی پێبکرێت: لەساڵی 1995 فیلمێکی ئەنیمەیشنی دەرکرا بەناوی (Balto): سەگێک بوو توانی 88کم ببڕێت لەپلەی (-48) لەپێناو گەیاندنی سیرۆمێک کەدواتر بووە هۆی ڕزگارکردنی 15هەزار مرۆڤ. پاشان وەک ڕێزێک جەستەی لەیەکێک لە مۆزەخانەکان دەپارێزن. بەڵام لەمانگی (دیسەمبەری2019) فیلمێک هاتە پەخشکردن هەموو ڕاستیەکانی وەکخۆی گەیاند ئەویش بەپیشاندانی ڕۆڵی سەگێک بەناوی تۆگۆ؛ گوایە هەموو ئەو کارە پاڵەوانانەی کەکراون #باڵتۆ نەیکردووە بەڵکو #تۆگۆ بەئەنجامی گەیاندون بەبڕینی نزیکەی (300کم) دواتر سیرەمەکە دەداتە #باڵتۆو ئەویش بەرەو شارۆچکەکە دەڕوات بەبڕینی (88کم) لەگەڵ گەیشتنی ئیتر ڕۆژنامەوانەکان (باڵتۆ) وەک پاڵەوانێک نیشاندەدەن بەبێ گوێدان و تێبینیکردنی ڕۆڵی بێ وێنەی تۆگۆ. دواتر پێداچونەوە بە بابەتەکە دەکرێت و ماف دەگەڕێننەوە بۆ #تۆگۆ.

یەک بەدوایەکی ڕووداوەکان: فیلمەکە بنیادێکی تۆکمەی هەیە لەپیشاندانی چەند دیمەنێک لەڕابردووی نێوان تۆگۆو خاوەنەکەی بەناوی #سیپالا(ویلیەم دافۆ)، بەوپێیەی پێش 12ساڵ پەیوەندی نێوان تۆگۆو سیپالا لەئاستێکی زۆر خراپدا بووە، بەجۆرێک هیچ سودێکی وەهای لە #تۆگۆ بەدی نەکردووە هەرلەبەرئەوە چەندجارێک دەیەوێت لەناوی ببات! چ لەڕێگای حەپسکردنی یاخود بەخشینی بە کەسانی دیکە تەنها بۆ ئەوەی لەکۆڵی بێتەوە. بەڵام هەرگیز تۆگۆ ئامادە نەبووە لەخاوەنەکەی دوربکەوێتەوە هەروەک ئەوەی ویستبێتی سروشتی خۆی وەک سەگێک بۆ خاوەنەکەی بسەپێنێت. یاخود وەک ئەوەی قەدەر شتێکی دیکەی ویستبێ تاکو پیشانی خاوەنەکەی_تۆگۆ بدات لەکاتی خۆی.

دیدگاو تێڕوانینێکی جیاواز: بەپێچەوانەی #سیپالا(ویلیەم دافۆ)، دەرهێنەر(ئێریکسۆن کۆر) سەرکەوتووانە پەیوەندیەکی تۆکمەی نێوان ژنەکەی_سیپالا بەناوی #کۆنستانس(جولیان نیکۆلسن) دەخاتەڕوو. پەیوەندیەکی پڕ سۆزو بەزەیی کۆنستانس وەک ئافرەتێک چون ئافرەتان هەمیشە خاوەن عاتیفەی زیاترن لەبەرامبەر سروشتە توندەکەی پیاوەکەی بەرامبەر سەگەکانی لەنێویانداو بەپلەی یەک #تۆگۆ بەوپێیەی سروشت و خەسڵەتی پیاو تۆزێک ڕەقی تێدایە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی واقعیەتی ژیانی ئەو ژن و مێردە بەڕەگەز بەلژیکی و نەرویژیە بووە لەژیانی ئاسایی خۆیان.

پێگەی کارەکتەرەکان: تاکە کارەکتەرو پاڵەوان #تۆگۆ خۆیەتی. کاتێک سەیری دیمەنەکان دەکەیت دەرهێنەر(ئێریکسۆن کۆر) دەتخاتە ناو جیهانێک پڕ لە گفتوگۆی نێوان ئاژەڵان و مرۆڤەکان ئەویش نەک بە زمان بەڵکو لەڕێی هەستەوەرەکانی نێوان ئەو دوو بوونەوەرەوە، ئەمە جگە لەخستنەڕووی ئەو پەیوەندیە بەهێزەی لەدێر زەمانەوە لەنێوان سەگەکان و مرۆڤەکان هەبووەو هەیە. هەموو ئەو لایەنانە بۆ بینەر دەردەکەوێت پاش بینینی دیمەنەکانی ناو فیلمەکەو ئاشنابوون بە خەسڵەتەکانی_تۆگۆ: (سۆز- ئازایەتی- خێرایی- بوێری- بزێوی- خۆگری- سەرکردایەتی). هەموو ئەوانە وادەکەن #تۆگۆ وەک کارەکتەری یەکەم و کۆتا لەسەر بینگەی تی ڤی و سینەماکان دەربکەوێت ئەوەش کارێکی گەورەیە دەرهێنەری ئەمریکی پێی هەڵساوە کە شایەنی ئەوەیە خەڵاتێکی تایبەتی لەبەر گەر هیچیش نەبێت لەبەرئەوە پێ ببەخشرێت.

فیلمەکە لە سوچێکی دیکەوە: گەر بێین تەماشای فیلمەکە بە ووردی بکەین، پەی بەشتێک دەبەین؟ تەرحکردنی متمانەی مرۆڤە بەئاژەڵە هاوڕێکەی. ئەوکاتەی سیپالا چەوسێنەرێکی دڵڕەق بوو بەرامبەر تۆگۆ دەبێتە خۆشەویسترین و بەنرخترین شتێک لەژیانی سیپالا پاش ئەوەی بۆی دەردەکەوێت ئاژەڵێک زمانێک نیە پێی بدوێت بەوجۆرە لەخاوەنەکەی دەگات کەپێشتر مرۆڤەکان لەگەڵ ئەوەی خاوەن زمانێکن بەڵام سەرەڕای ئاخافتنیان لەگەڵ یەکدی ئەو تێگەیشتنە نیە لەنێوانیان. کەوایە پاش ئەوەی سیپالا ئاستی بینین بەهۆی گەردەلولە بەفرینەکانەوە لای دەبێتە سفر ئیتر بەوپەڕی متمانەوە خۆی دەداتە دەست تۆگۆی هاوڕێی و لەوساتە بەدواوە تۆگۆ وەک سەرکردەو پێشڕەویکەری گەشتەکە دەردەکەوێت بە پشتبەستن بە یادگەی خۆی وەک سەگێک ئەوکاتەی بەڕێگەکە لەو ڕۆژانەی کەش و هەوا ئاسایی بووە تێپەڕیوە.

داڕشتەی فیلمەکە: دەرهێنەر گرنگی بە بچوکترین دیتەیڵەکانی ئەو سەردەمە لەناو فیلمەکەی داوە. چ لە وێنەگرتنی فیلمەکە بە زومی_کامێراکانی خۆی لە ئاسمانەوە هەر لەپیشاندانی کلووە بەفرە تیژڕۆ داباریوەکان و دارودرەختە چڕەکانی دارستانەکانی ئالاسکاو بەشە ئاوییە سەهۆڵیەکان و...هتد. بەشێوەیەکی گشتی دەرهێنانی دیمەنەکان هەروەک ئەوەیە تۆی بینەر بیلفعل لەبیستەکانی سەدەی ڕابردوو بژێیت ئەویش بەتێکەڵکردنی ماڵ و خانووە کۆنەکانی ئەو سەردەمە لەقەدباڵی بەفرە چین لەسەر چینەکان ئەمە جگە لەڕووناکیە کیرۆسینیەکانی ناو فیلمەکە.

ئەدای کارەکتەرەکان: بەشێوەیەکی گشتی ویلیام دافۆ لەگەڵ جولیان نیکۆلسن زۆر جوان ڕۆڵەکەیان بەرجەستەکردووە بەتایبەت ساتی گریانی #دافۆ بۆ #تۆگۆ ئەوکاتەی لەمردن نزیک دەبێتەوە بەوپێیەی پێشتر زۆر دڵرەق بوو لەگەڵی. ئەم گواستنەوەو ئیزدیواجیەتە لەئەدای ئەکتەر خۆی بۆخۆی ئەوپەڕی کارامەییە. ئەوەی تایبەتە بە #جولیان ڕۆڵە درامێکەی لەگەڵ جوڵەی جەستەو دەستی لەو ماوە کورتەی دەبینرێت لەناو فیلمەکە بەڕاستی جێی دەستخۆشیە.

سحری تۆگۆ: نهێنی فیلمی تۆگۆ یاخود بەرجەستەکردنی ژیانی واقعی تۆگۆو خاوەنەکەی لەفیلمێکی وەهادا ئەوەمان پێدەڵێت کە پەیوەندی نێوانیان لەسەر بنەمای گوێڕایەڵی نیە لەلایەن سەگەکە بۆ خاوەنەکەی وەک ئەوەی بە عادەت هەیە لەنێوان ئاژەڵەکان و مرۆڤەکان، بەڵکو خۆی لەوەدا دەبینێتەوە سەگەکە خۆی بە ویستی خۆی ڕێگەی خۆی هەڵدەبژێرێت بۆ سەلماندنی خۆی بۆ خاوەنەکەی و درککردنی خاوەنەکەی بەو هەڵانەی کردوونی بەرامبەری.

لەکۆتایدا فیلمەکە غەدرێکی زۆری لێکراوە بەوەی هیچ خەڵاتێکی گەورەی جیهانی بوارەکانی سینەمای بەدەست نەهێناوە بگرە پاڵێوراوی خەڵاتێک لەو خەڵاتانەش نەبووە، بەڵام بەدەر لەبابەتی خەڵاتەکان سەیری فیلمەکە بکە چێژبینیت بۆ فیلمەکە خۆی بۆخۆی بەخشینی خەڵاتێکە بەو فیلمە، خەڵاتێک لەبینەرەوە بۆ تۆگۆو کاستەکەی.