باوکە سەمونچی: نهێنی ئەشق (sumuncu baba: aşkin sirri)
باوکە سەمونچی: نهێنی ئەشق (sumuncu baba: aşkin sirri)

" هەر کەس مرۆڤەکانی خۆش نەوێت، درووستکەرەکەیشی خۆش ناوێت. " باوکە سەمونچی، سەرچاوەیەک لەبۆ دۆزینەوەی ئەشق، فەرهەنگی لێکدانەوەی مانای ئەشقە، ڕێگایەکە لەبۆ گەیشتن بە ئەشق.

فیلمی باوکە سەمونچی کە لە ژیانی زانای سۆفیزم (حامید ئاکسەرایی) وەرگیراوە، لە دەرهێنانی (کورشاد کزباز) و سیناریۆکەی لەلایەن (مەحمود ئولو) نووسراوە، بەرهەمێکی تورکی ساڵی (۲۰۱٦)ـیە، کە باس لە موورێدێکی عەوداڵ و هەڵوەدای دووی ئەشق دەکات کەوا بەهۆی کەوتنە نێو فەرمانی ڕاستەک (امر الواقع) عەوداڵی دوو ئەشق بووە. ئەمما چ ئەشقێک؟ ئینسانی یاخود ئیلاهی؟. ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

سەموون و ئاگر، گشت وانەکان تەنها لە سەموون و ئاگر بەدەست دەکەوێت، ئەشق و مرۆڤ هاوشێوەی سەموون و ئاگرن، مرۆڤ پێویستە ببرژێت بە ئەشقی مەعشوق تاکو بە ئەشق بگات، گەر ئەشقەکە ئینسانی بێت یاخود ئیلاهی. " بۆ گەیشتن بە ئەشق، سەرەتا لوتبەرزی و خودی خۆتان ببەزێنن، بێ فیز بن و لەخۆبایی مەبن. " گەر بڕوانینە ئەم تێکستە، کە یەکێک بوو لە دیالۆگەکانی نێو فیلمەکە، هاندەرێکە لەبۆ بنیادنانی مرۆڤێکی سادە، مرۆڤێکی تەندرووست، مرۆڤێکی بیرمەند. کە بەزاندنی لوتبەرزی و خودی خۆمان و بێ فیز بوون و لەخۆبایی نەبوون، مرۆڤێک بنیاد دەنێت خاوەن هزرێکی بەپێز و کەسایەتیەکی بەهێز و ژیریێتی. کە لەم فیلمەدا وەک بنەچەیەکی دانراوە لەبۆ گەیشتن بە ئەشق، کە ئەشقی بە نموونەیێک لەو هەزارانە نموونەیە هێناوەتەوە کە بەندە لەسەر ئەم چوارەی کە باسمان کردووە. لە هەمان کاتدا، کە بەزاندنی خود باس کراوە، خودی خۆمان گەورەترین بەربەستین لەسەر ڕێگەی گەیشتن بە ئەشق، گەر ئینسانی بێت یاخود ئیلاهی.

" مرۆڤ ئەوە دەدۆزێتەوە، کە بۆی دەگەڕێت " ئەم دێرە کەوا ڕەنگە بە دێرێکی سادەی تێبگەین، ئەمما واتایێکی قوڵ دەبەخشێت. ئێمەی مرۆڤ کار بەپێی خوڵق ئەنجام دەدەین، خوڵقمان لە چ بێت ئەنجامی دەدەین و خوڵقمان لە چ نەبێت ئەنجامی نادەین، هەروەها لە هەمان کاتدا خوو بدەینە هەر شتێک پاش ماوەیێک پێی نەگەین، خوڵقمان لێ نامێنێت، پێمان وایە ئەوەی ئەنجاممان داوە لەبۆ ئەو شتە دیاریکراوە بەزیاد چووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەکرێت لەوکاتی دەست بەردار دەبین مەودایێکی کەممان لەبۆ پێ گەیشتنی مابێت، پێویستە کۆڵ نەدەین، چونکی کە گەڕاین لەبۆ هەر شتێک سەرئەنجام دەیدۆزینەوە دوور بێت یاخود نێزیک.

لایەنێکی دیکەی دیاری ئەم فیلمە، کە هەر پەیوەستە بە بێ فیزیەوە. لە کاتێکدا شێخ حامید، کەوا یەکێکە لە گەورەترین مامۆستاکانی ئاکسەرای، خانەقاکەی وێڵ دەکات و جێی دێڵێت، ڕوو لە غەریبێتی دەکات و ناسنامە و ناوبانگی خۆی دەشارێتەوە، شاری بۆڕسە دەگەشێنێتەوه و لێی نیشتەجێ دەبێت. لەوێدا وەک کەسێکی چاکە کار و کەسێکی ئاسایی لەسەر هەمان ڕێچکەی باوکی و سەرەتای فەقێیەتی خۆی بەردەوام دەبێت، بە سەموون بەخشینەوە. کە ڕەنگە بە مانەوەی لە خانەقاکەیدا گەلێ ئارامتر بژیابا، ئەمما لێرەدا ئەوەمان لەبۆ دیار دەخات ئەم فیلمە، ڕەنگە ئارام بژیێیت، ئەمما مانای ئەوە نادات ئاسوودە دەژیت. ئاسوودەیی لە پای ئەوە دێتە بوون، کەوا چاکە کار بیت، خۆشەویستیت لەدڵدا بێت بەرانبەر گشت کەسێک، لەبۆ ناوبانگ کار نەکەیت.

" هەرشتێکی لەسەر زەویدایە، گیانێکی هەیە، بەبێ گیان دایان مەنێ و ئازاریان بدەیت " دایەلۆگێکی دیکەی هاندەر لەبۆ نەرم بوون لە ڕەفتاردا، ئێمەی مرۆڤ لەسەردەمی ئێستاکە کەوا سەردەمی جەنجاڵیە، ژیانێکی گرژ بەڕێ دەکەین لەکاتی گرژیدا توند دەبین و ڕەفتاری توندڕەوانە ئەنجام دەدەین، کە ڕەنگە ئازار بە بەرانبەرمان بگات و ئەم ئازاردانەیش دەچێتە چوارچێوەی (بەدڕەوشتی لە بەهای مرۆڤایەتی)، کە لەم فیلمەدا فەقێ حامید لە وەستای سەموونچی دەپرسێت: " ئایا بۆچی دارەکان لەسەرخۆ دابنێم و ئازاریان نەدەم..؟ " لە وەڵامدا وەستا دەڵێت: " هەرشتێکی لەسەر زەویدایە، گیانێکی هەیە، بەبێ گیان ئازاری مەدە. " ئەمەیش کە لەگەڵ شتانێک کە بە بێ گیانی دادەنێیت مامەڵە بکەیت بە ئارامی، ئەوکاتی شتێک بوونی نابێت بەناوی گرژی و ڕا دێیت لەسەر نەرمی نواندن بەرانبەر مرۆڤەەکان و دوور بیت لە ئازاردانی کەسانی بەرانبەر. هەروەها، ئەوەی سەیرە لەم فیلمەدا کەدیاری دەخات، ژیانی ئەو سەردەمەیە کەوا مرۆڤەکان خاوەن دانایی بوون، تەنانەت مرۆڤێکی ئاسایی نەخوێندەوار، خاوەن دانایی بوو، دانایی لەو کارە وەردەگرت کە کاری ڕۆژانەی بوو، کە زۆرینەی باسەکانی ئەم فیلمە بەهۆی سەموون و ئاگرە کە ئێستاکە بە کارێکی سادەمان داناوە و تەنانەت زۆرێکمان ڕەنگە هێند بە فیز بین شەرم بکەین کەوا ئەنجامی بدەین. ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لە کۆتایی دا و ڕای خۆم دەربارەی ژیانی مرۆڤ ئەمەیە: ژیانی مرۆڤ، بە بەرەو پێشچوون و زانست وداهێنان بەرەو لەناوچوون دەچێت. چەندە پێش بکەوین چێژی ژیان لە دەست دەدەین، لەسەردەمی ئەمڕۆکەدا، مۆبایل لەجێگای یەکتر بینینە، تێلفزیۆن لەبری کۆبوونەوەی خێزانیە. گەر بمانەوێت ژیانێکی پڕ چێژ و ئاسووده بژین، دەبێت چاو لە ڕێی گەڕانەوەی سەردەم بین نەک لەبۆ کاتێک (ساڵێک)ـی دیاری کراو تاکو لەوێوە ژیان دەست پێ بکاتەوە، بەڵکو پێویستمان بە سوڕاندنەوەی میلی کاتژمێرە بەپێچەوانەوە و ڕۆژەکان، هەفتەکان، مانگەکان و ساڵەکان بەرەو دواوە بچن بەخاتری بنیادنانی ژیانێکی ئاسوودە و چێژدار.