فیلمی پێرسۆنا، هەڵهاتن لە ساختەیی ژیان بەرەو ئامێزی بێدەنگی
فیلمی پێرسۆنا، هەڵهاتن لە ساختەیی ژیان بەرەو ئامێزی بێدەنگی
نووسینی: احمد محمد عبدالله وەرگێڕانی: کاردۆس مشیر دۆستۆیڤسکی لە یەکێک لە ڕۆمانەکانیدا (نامەکانی ژێر زەوی) دەڵێت: "هەموو مرۆڤێک چەند یادەوەریەکی هەیە کە نایەوێت بە هەموو کەسێکی بڵێت تەنیا هاوڕێکانی نەبێت، هەروەها چەند شتێکی تری هەیە تەنانەت ترسی لەوە هەیە بە خودی خۆشی بڵێت. وە هەموو مرۆڤێک لەم جۆرە شتانەی هەیە، لە شوێنێکی قووڵی نێو هزریدا هەڵی دەگرێت، وە هەرچەندە ژمارەی مرۆڤ زیاتر بێت ژمارەی شتە هەڵگیراوەکان لە هزریدا زیاتر دەبن". ئێمە؟ لەوانەیە پرسیارێکی سانا دەربکەوێت بەڵام بۆ وەڵامدانەوەی پێویستە ئەو شوێنە قووڵەی هزرمان بپشکنین کە دۆستۆیڤسکی لێی دواوە و دەست بکەین بە گەڕان لە دونیای خۆماندا کە هیچ کەسێک لێی نانواڕێت، بەڵام تووشی بەربەست دەبینەوە و دەبێت بیانپەڕێنین تاکو بتوانین بگەین بە کاریگەریی دەروونی مرۆیی..

ئەو ڕووپۆشە درۆینانەی ڕۆژ دوای ڕۆژ دەیانخەینە سەر ڕووخسارمان هەر لە بزە بێهەست و مردوو و ئەو گفتوگۆیانەی خاڵین لە هەر هەستێکی ڕاستەقینە و هەروەها ئەو پەیوەندیانەی خوێن لە ڕۆح دەهێنن، تەنانەت ئەو ڕۆڵانەشی لە ژیاندا دەیانگێڕین بێئەوەی وێنەدانەوەی ئەو حەقیقەتە بێت کە دەمانەوێت، بەمەش دەبنە بارێکی قوورس کە ناتوانین هەڵی بگرین... لەبەر ئەمە و لە ساتێکدا "ئێلیزابێت" بڕیاری دا، کە ڕۆڵی ئێلکتڕای دەبینی لە یەکێک لە شانۆگەرییەکان، بۆ هەمیشە بێدەنگ بێت و لە قسەکردن بکەوێت، پزیشکەکان هیچ هۆکارێکی جەستەیی و دەروونیان بۆ ئەم دۆخە بێدەنگیەی ئێلیزابێت نەدۆزیەوە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ... لە جیهانی "ئینگمار بێرگمان"ـی سوویدی و یەکێک لە مەزنترین فیلمسازەکانی سینەما، هەر وردەکارییەک واتایەکی خۆی هەیە و هەر دیمەنێکیش نیگارێکی هونەری فەرامۆشنەکراون و لەیاد ناچنەوە، بێرگمان، کە وەکو یاریدەدەرێک دەست بەکار بوو، لە فیلمی پێرسۆنا دا بە چەند دیمەنێکی تۆمارکراو بە ئامێری ڕێکخستنی ڕووناکی دەست پێدەکات، چەند وێنەیەکی ڕووناکیە دەرچووەکان لەو ئامێرە سینەماییەوە تاکو دەرگایەک لەنێوان خەیاڵ و واقع دا بکاتەوە، تێیدا ئێمەی بینەر لە تێکەڵەیەک لە دیمەنی بە ئاگاهی و نائاگاهی هەردوو کارەکتەری فیلم دەژین، ئەمەش یەکێکە لە سیما تایبەتەکانی تری سینەمای بێرگمان، بەجۆرێک سوریالیزم بەشێکی جیانەبووەوەی فیلمەکانیەتی...

پێرسۆنا - خەون "خەونی بوونی بێئوومێدی ئەوەیە ... خۆت وا دەرنەخەیت بەڵام وابیت (بێئومێد بیت)" خانمەئاکتەر "لیف ئۆڵمەن" توانی نواندنێکی جوان پێشکەش بکات بەبێ ئەوەی هاوبەشی ئێلیزابێت بکات لە دیالۆگەکانی فیلمەکە، بەڵام لە ڕێگەی دەربڕینەکانی ڕووخسارییەوە توانی هەموو ئەو پەیامانەی بێرگمان ویستی لێبوو، دەری بخات، بڕیاری دا خۆی بخاتە نێو بارودۆخی دابڕان لەگەڵ مرۆڤ و دەوروبەر لەڕێگەی بێدەنگبوونێکی ئیختیاریەوە، بەم جۆرەش وەڕسبوون و بێزاری خۆی بەیان کرد لە ساختەیی مامەڵەی مرۆڤ و لەوەی بەردەوام دەبێت ئاگاداری کردارەکانت بیت. ئەم کەلێنە فراوانە دۆخی ئەوانی تری دەرخست، وە ئەوەی تۆ بەڕاستی تێیدا دەژیت کە جگە لە خۆت کەسی تر پێی نازانێت، بڕیار دەدات کە چیتر ماسکی تر نەپۆشێت بۆ پەیوەست بوونی بە دونیاوە و جێگرەوەیەکی تری خۆکووشتن پەیڕەو بکات ئەویش بێدەنگییە...

پێرسۆنا - کەمیێتی بیبی ئەندرسن، لایەنە قسەکەرەکەی ئەم درامیە دەروونیەی بێرگمان، هەروەها ئاڵما، پەرستارە تەرخانکراوەکەی ئێلیزابێت کاتێک پزیشکەکە بڕیار دەدات نەخۆشخانە جێبهێڵێت و کات بەسەر بەرێت لەماڵێک دوور لەشار و نزیک دوورگەیەکی چۆڵ، دەرفەتی پشوودان و دوورکەوتنەوەی پێدەدات لە پاڵەپەستۆی ژیان... جوانی درامیەکە لێرەدا لە هەڵگێڕانەوە و قڵب بوونەوەی ڕۆڵەکانە کاتێک ئاڵما سەرنجی دەچێتە سەر ئێلیزابێت دوای ئەوای بۆی دەرکەوت گوێگرێکی باشە بۆی، هەر یەک لە ئێمە بەشوێن ئەو دەرفەتەدا دەگەڕێین تا دابنیشین لەگەڵ کەسێک و ئەوەی لە ناخماندایە لەگەڵیدا بیدوێنین بەبێ سنووری، ئەمەش ناچارمان دەکات بە شاردنەوەی لایەنێکی کەسێتیمان و بڕینی بەشێک لە چیرۆکی ژیانمان. لێرەدا وەکو ئەوەی ئاڵما نەخۆشەکە بێت و ئێلیزابێتیش پەرستار و چاودێرەکە، بەم جۆرە ئاڵما ئەو چیرۆکانە هاوبەشی پێدەکات لەگەڵیدا کە پێشتر لەگەڵ هیچ کەسێکی تردا نەیکردووە، بەم جۆرەش وردە وردە کەسێتی خۆی لەناو ئێلیزابێت دا دەتوێتەوە و ناسنامەی خۆی وون دەکات کاتێک سەرجەم ئەو ڕووپۆشانە لە ڕووی دادەماڵێت کە لایەنە تایبەتییەکانی شاردبووەوە و ڕووی دونیاکەی خۆیان بەڕووی یەکتری دا دەکەنەوە.

پێرسۆنا - وەرگرتن و کاریگەر بوون "کەمی زۆرترینە، ئەوەی گرنگە تەنیا حەقیقەتە" یەکێک لە لایەنە فەلسەفیەکان "Minimalism" سادەیی، کە بێرگمان پێی کاریگەر بووە لە کارەکانیدا زۆر بە ڕوونی لە فیلمەکەدا دیارە، سادەیی پێکهێنەرەکانی ئەو وێنەیەی نیشانمانی دەدات، پێرسۆنای ڕەش و سپی ڕەنگ، بە نموونە ئێلیزابێت لە ژوورێک ژیان دەکات جگە لە جێگەیەک و تەلەفزیۆنێکی بچووک هیچی تر لەخۆ ناگرێت، تۆی بینەر درک بەم شێوازە زاڵەی دیمەکان دەکەیت بەدرێژایی فیلمەکە، سەرنج خستنە سەر ڕووخسار بەجۆرێک دەتوانێت سەرجەم توخمە سینەماییەکان کۆبکاتەوە و لەخۆیانی بگرێت، ئەمەش وا لە ڕووخساری مرۆیی دەکات تەرکیز بخاتە سەر زۆرینەی کادر و ئاکتەرەکان لەگەڵ جووڵە زۆر کەمەکانی کامێرا، بەمەش دیمەنەکان وەکو وێنەدانەوەیەکی ناو ناخی دەبینێت لە ڕێگەی ئاوێنەیەکی جادووییەوە، ئەمەش لە ڕاستیدا مووعجیزەیەکە لە مووعجیزەکانی سینەمای بێرگمان.

سەرەڕای ئەوەی چیرۆکی فیلمەکە سادە دەردەکەوێت، بەڵام درامییەکی دەروونیی ئاڵۆز و پرسیار هەڵگرە، تەنانەت دەتوانم بڵێم قورسە هەموومان لەسەر لێکدانەوەی پەیامەکانی بێرگمان کۆک بین کە فیلمەکە لەخۆی دەگرێت، یاخود بگەین بە وەڵامێکی ڕوون و دیاریکراو بۆ سەرجەم ئەو پرسانەی کەسێک دەیکات دوای بینەر بوونی... پێکهاتەی دراما دەگات بە لووتکە لە دیمەنی درووستبوونی ڕووخسارە دوو نیوەییەکە، یەکێکیان هی ئاڵما و ئەویتریان هی ئێلیزابێت، بەجۆرێک واقیع و خەون پێکدادەچن و جیابوونەوەیان قوورس دەبێت، هەروەها یەکلاکردنەوەی حەقیقەتی ڕووداوەکان چ بەنسبەت ئاڵما یان بەنسبەت ئێمەی بینەرەوە... بێرگمان و فیلمسازی بێرگمان هەرگیز یارمەتی پێشکەشی بینەرانی ناکات، هەروەها پرسیاری بێ وەڵامیشیان نمایش ناکات، بەڵکو چەند هێڵێک دەکێشێت کە وا لە هەر کەسێک دەکات لۆژیکێک و شیکردنەوەیەک بدۆزێتەوە بۆ لێکدانەوەی، دیارترین پرس کە هزری بینەر بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات دوای بینینی پێرسۆنا و دڵنیاشم ڕووبەڕووی هەمووتان دەبێتەوە ئەوەیە ئایا هەر بەڕاستی باس و خواستی فیلمەکە لە دەوری دوو کەسێتی و دوو مرۆڤدا دەسوڕێتەوە یان ئەو دووانە دوو لایەنی تاقە کەس و مرۆڤێکن، ململانێیەکی ناوەکی لەنێوان ئەو وێنەیەی لەنێو خەڵکدا پێی دەژین و ئەو دونیایەی بە تەنیا دەیگوزەرێنین!؟ یان ویستی ئەوەبوو بڵێت کاتێک ئێمە ئەو ماسکانەی ڕووخسارمان لادەبەین دەبینین هەموومان لێکچووین و وەکو یەکتر دەژین، هەموومان کەسانی ناکامڵین و هەمان هەڵەمان تێدایە بەڵام هەندێک لە ئێمە دەتوانێت لەژێر ڕووپۆشی ساختەدا بیشارێتەوە زیاتر لەوانی تر.