ماڵکۆم ئێکس لەقاجاخی مادەی بێھۆشکەرەوە بۆ شۆڕشگێڕی
ماڵکۆم ئێکس لەقاجاخی مادەی بێھۆشکەرەوە بۆ شۆڕشگێڕی
ماڵکۆم ئێکس لەقاجاخی مادەی بێھۆشکەرەوە بۆ شۆڕشگێڕی نووسینی: دانا نازەنین قەت بیرت کردۆتەوە بۆچی ھەمیشە سپیەتی سیمبول و نیشانەی پاکیزەیی و باشە و نورە، بەڵام ڕەشی ھەمیشە نیشانەی جەنگ و ترس و خراپەیە؟ یەکەمین پرسیار کە ماڵکۆم ئێکس لەخۆیی کرد، بۆچی ھەموو شتەباشەکان بەسپیەتی وەسف کراون، تەنانەت مەسیح چاو شین و ڕەنگ سپیەکی نورانیە لەکاتێکدا مەسیح لە ئۆرشەلیم (قودس) لەناوچەی گەرمدا لەدایک بوە و خەڵکی ئەو ناوچانەش ھەمیشە ئەسمەرن!! بۆ جلی سپی ھەمیشە نیشانەی شادی و جلی پێغەمبەر و فریشتەکان بوە بەڵام جلی ڕەش جلی غەم و پەژارە و ماتەم گێڕان و شەیتانەکان دەیپۆشن؟ باشە بۆ ھەمیشە میھرەبانەکان سپی پێستن و ڕەشپێستەکان ھەمیشە دڕەندە و خراپەکار و بەربەرین لەکاتێکدا ڕەگەزی ھەموو مرۆڤایەتی لەڕوی زانستیەوە بۆ ئەفەریقا دەگەڕێتەوە! ماڵکۆم ئێکس ھەستی بەنھێنیەک کرد لەمەدا کە ھەموو ئەم شتانە کلتورێک لەپشتیانەوەیە کە کلتوری سپی پێستەکان بوە،سپی پێستەکان تەنھا لەروی فیزیکیەوە ڕەشپێستەکانیان کۆیلە و بێنرخ نەکردوە، بەڵکو دەسکاری خەیاڵاتی خەڵکی دونیا و خودی ڕەشپێستەکانیشیان کردوە تا قێز لەبون و وجود و ڕەنگی خۆیان بکەنەوە! کەواتە ئەمە کلتوری خۆسەپاندنی سپیپێستەکانی لەپشتەوەیە نەک حەقیقەتێک بێت.

سپی پێستەکان بۆ سەپاندنی خۆیان بەسەر تەواوی دنیادا ئەمەیان تەنھا بەرابەر ڕەشپێستەکان نەکردوە، بەڵکو لەئێستەدا ئەمە بەرابەر ھەموو دنیا و بەتایبەت ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، کەسایەتی و وجودێکی ناشرین دروست دەکەن و دەڵێن ئەمە تۆیت،تیرۆرست و گەمژە و ھیچ نەزان و ئەحمەق و ناشرینیت، تۆ بۆ ئەوەی جوانبیت پێویستە وەک ئێمە بیرکەیتەوە،وەک ئێمە جل بپۆشی، وەک ئێمە بخۆیتەوە، وەک ئێمە خۆت دەربخەیت، لایف ستایڵی ئێمە پراکتیزە بکە،کلتوری ئێمە دوبارە بکەرەوە، وەک ئێمە قاوە بخۆرەوە،مێژوی تۆ ناشرینە وەرەمێژوی ئێمە بخوێنەرەوە، وەک ئێمە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەرەکەت دا بکە، بەم جۆرە تۆ پێ دەچێ دواجار لەئێمە نزیک بیتەوە بەڵام ھەرگیز نابیت بە ئێمە. ماڵكۆم بەتاوانی دزی و خەوتن لەگەڵ کچی سپی پێستدا لەدادگا بە ٨ ساڵ زیندانی سزا دەدرێت، ماڵکۆم قاچاخی تلیاک و مادەی بێھۆشکەربو، بێدین بو و نەیدەزانی کێیە و چیە، بەردەوام ھەوڵی دەدا قژی خاوکاتەوە تا لەسپی پێستەکان بچێت، لەبەر کچێکی سپی پێست وازی لەخۆشەویستە ڕەشپێستەکەی ھێنا، ماڵکۆم سەرسام بو بە سپی پێسیەکان لەکاتێکدا سپی پێستەکان ماڵەکەیان سوتاندبون، ئەوان باوکیان کوشت کاتێک تەمەنی ٤ ساڵ بو، ھەر ئەوانیش بون وایانکرد کەدایکیان لەبەر نەبونی باری دەرونی تێکچێت و دواجار لە ١١ ساڵیدا دایکیشی مرد.

ماڵکۆم نەیدەزانی کێیە، کەسێکی نەناسراو لەزیندان دێت قسەی لەگەڵ دەکات، ماڵکۆم بەتوڕەیەوە پێی دەڵێت کە تۆ کێیت؟ کەسە نەناسراوەکەش لەماڵکۆم دەپرسێ من ئەزانم کە من کێم بەڵام تۆ کێیت؟ خۆت ئەزانی کە تۆ کێیت؟ تۆ چیت و لەکوێوە ھاتویت؟ مێژوی خۆت دەزانی؟ ئەم پرسیارانە بۆ ماڵکۆم سەرنج ڕاکێشن و ھەر بەجدی کە نازانێ ئەو کێیە. ئەو تا ئەودەمە خۆی بە مرۆڤ نەزانیوە و خۆی لەکەمتر لە سپیپێستەکان تەماشاکردوە، واتێگەشتوە ژیانی ئەو دەبێت ھەر لەجەرمەزەری و خزمەتکردن و ئیشی نزم بێت و خەریکی دەرمان فرۆشتن و دەرمانکێشان و سێکس بێت، چونکە نێگە(ڕەشپێستی بەرەجەڵەک کۆیلەی بۆ کۆیلایەتی دروسبوە). ئەم پرسیارانە ماڵکۆم دەکەنە خوێنەرێکی جدی، بەردەوام کتێب دەخوێنێتەوە، بەردەوام کتێبەکان ھۆشیارتری دەکەنەوە بە وجدو و مێژو و بونی خۆی وەک ڕەشێک، کتێبەکان وای لێدەکەن کە لەسروشتی سپیپێستەکان زیاتر شارەزابێت و بیانناسێت، وە تێبگات لەوەی کە ئەو ڕەشپێستێکە کەچەوسێنراوەتەوە و بەکۆیلە کراوە و بێنرخ و بێڕێز و نابوت کراوە نەک لەبنەڕەتدا نابوت بێت، خراپ کراوە نەک لەبنەڕەتدا خراپەکاربێت، ئەو ناچار بەدەرمان کێشان و جگەرە کێشان کراوە نەک لەبنەرەتەوە بۆدەرمانکێشان و ئەم جۆرە کارانە دروستبوبێت.

سادق ھیدایەت دەڵێ: کتێبەکان گەر وەک چەکوش نەکێشن بەسەرماندا کتێب نین، یەکێکی تر لەئەدیبەکان دەڵێت؛ کتێب دەبێت وەک مشتەکۆڵە با بەبن گوێماندا و ھۆشیارمان کاتەوە. ماڵکۆم بەکتێب ھۆشیار دەبێتەوە ھەر لەنێو زیندان و لەڕێی کتێبیشەوە ئیسلام دەناسێت. ئیسلام بۆ ماڵکۆم ئیسلامی بەرەنگاری و یەکسانی ڕەنگەکانە، خودا لای ئەو خودایەکی ڕەشە، شەیتانیش سپیە، ئەم تەفسیرەی یەکێ لەموفەکیرە رەشپێستەکانی ئەمەریکا( ئیلھاج موحەمەد) بۆ ئیسلام والەماڵکۆم دەکات کە ببێتە موسوڵمان. کتێبەکانی مارکسیش زیاتر ھانیدەدات کە دژ بەسەرمایەداری سپیپێستەکان بوەستێتەوە. ماڵکوم بەدرێژایی زیندان بەخوێندنەوە و گفتوگۆوە سەرقاڵە، ماڵکۆم بە کتێبەلان ھۆشیاردەبێتەوە، لە قاچاخجیەکێ مادەی بێھۆشبەرەوە دەبێتە بەرگریکارێک و شۆڕشگێڕێک بۆ مافی ڕەشپێستەکان و یەکسانی و دادگەری لەئەمەریکادا. لەڕێگەی ئیسلامەوە بەرگری لەڕەشپێستەکان دەکات و ھەر بەئیسلامیش جەنگی سەرمایەداری دەکات، تا وایلێدێت دەبێتە کەسایەتیەکی کاریگەر و نێوداری ئەمەریکا، کەسایەتیەک کە بەسەدان و ھەزاران کەس ئامادەی وتارەکانی دەبن،بەدەیانکەس موسوڵمان دەبن، لەوە بەدوا ماڵکۆم فیگەرێکی شۆڕشگێری مەترسی دارە بۆ ئێف بی ئای، بەردەوام چاودێری دەکەن، تەنانەت یەکێ لە پاسەوانەکانی سیخوری ئێف بی ئایە،ھەر جوڵەیەکی ماڵکۆم دەبێتە ڕاپۆرتێکی بەنرخ بۆ ئێف بی ئای.

دواجار ماڵکۆم لە ٢١ ی فێبریوەری ١٩٦٥ دا لەوتارێکدا لەلایەن پێنج ڕەشپێستی ترەوە دەکوژرێت، ماڵکۆم مرد بەڵام میراتێکی فکری شۆڕشگێڕی لەدوای خۆی بەجێھێشت، دوای ماڵکۆم جەندین گەنج و جەندین گروپی ڕەشپێست دروست بون کە درێژە پێدەری ڕێبازەکەی ماڵکۆم بون لەبەرگری کردنی مافی ڕەشپێستەکان و یەکسانی ڕەگەزی لەئەمەریکادا، کە بە ئێستەشەوە بەردەوامی بەو میراتە دەدەن، ماڵکۆم ئێکس ھاوشان لەگەڵ دکتۆر مارتن کینگ و ئەنجێلا دەیفس و کۆرناڵ وێست دا بونەتە میراتی فکری بزوتنەوەی بەرەنگاری ڕەشپێستەکان لەئەمەریکادا.

فیلمی ماڵکۆم ئێکس Malcolm X فیلمێکی بایۆگرافی دراماتیکیە کە ژیانی ماڵکۆم ئێکس دەگێرێتەوە لە منداڵیەوە تا مەرگ، لە فیلمەکەدا گەورە سیاسی و سەرۆکی کۆچکردوی کۆریای باشور (نیلسۆن ماندێلا) تێیدا بەشداریەکی کورتی کورتی ھەیە. (دینزێڵ واشنتن) کارئەکتەری سەرەکیە و ڕۆڵی ماڵکۆم ئێکس دەگێڕێت، (ئەنجێلا باێست) ڕۆڵی دکتۆرە بیتی شابازی ھاوسەری ماڵکۆم دەگێڕێت. فیلمەکە ٢٢١ دەقەیە و یەکەمین پەخشی فیلمەکە لەسینەمادا لە ١٨ی نۆڤێمبەری ١٩٩٢ دابوە. دەرھێنەر و نوسەرەوەی فیلمەکە ( سپیک لی) و (ئارنۆڵد پێڕڵ)ن، کۆمپانیای بەرھەم ھێنەری فیلمەکە( 40 Acres and a Mule Filmworks) بوە، بودجەی تێچوی فیلمەکە ٣٥ ملیۆن دۆلار بوە و بودجەی بەرھەم ھاتو ٤٨.٢ ملیۆن دۆلار بوە بۆ کۆمپانیای بۆلس ئۆفیس.