گومان دەمانگەیەنێت بەو ژیانەی کە دەمانەوێت؟ خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی (بەرنامەی ترومان)
گومان دەمانگەیەنێت بەو ژیانەی کە دەمانەوێت؟ خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی (بەرنامەی ترومان)
گومان دەمانگەیەنێت بەو ژیانەی کە دەمانەوێت؟ خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی (بەرنامەی ترومان) کورتەی فیلمەکە: فیلمەکە باسی پیاوێک ئەکات بە ناوی ترومان بێربانک (جیم کاری). ئەم پیاوە هەر لەو کاتەوەی لە دایکبووە ژیانی کراوەتە زنجیرەیەکی تەلەفیزیۆنی، هەڵبەت بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی خۆی. شارێکی تەواو و کاملیان دروست کردووە بۆی و پڕیان کردووە لە ئاکتەری بە توانا، کە بە شێوەیەک ڕۆڵ ئەگێڕن وەک بڵێی ژیانی ڕاستییە. تەنانەت دایک و ژن و نزیکترین هاوڕێی ترومان ئاکتەرن و ترومانیش بەم ڕاستییە نازانێ و وا ئەزانێ وەک هەر کەسێکی تر ژیانێکی ئاسایی لە شارێکی ئاساییا ئەژی. هەموو ئەمانەش لە لایەن پیاوێکەوە بەڕێوە ئەبرێت (ئێد هاریس ڕۆڵی ئەو پیاوە ئەگێڕێت)، کە من پێم وایە پۆرترەیتێکی تەماوی نیمچە-واقیعی خودایە.

بۆ گەڕان بە دوای حەقیقەتدا مرۆڤ پێویستی بەوە هەیە بۆ تەنها جارێکیش بێت لە ژیانیدا، ئەوەندەی لە توانایدا هەیە، گومان لە هەموو شتەکان بکات: لە کاتێکدا ئێمە منداڵ بووین، پێش ئەوەی گەورە ببین، بڕیارمان لەسەر شتەکان داوە، ئەو شتانەی بۆ هەستەکانمان نوێنراون، کاتێک بە تەواوی عەقڵمان بەکار نەهێناوە، هەندێک جار بە دروستی پێکاومانە و هەندێ جار هەڵەمان کردووە و بڕیارگەلێک کە پەلەمان کردووە لە دەرچوونیاندا، هەموو ئەمانە ڕێگای گەشتن بە زانینی حەقیقەتمان لێدەگرن، ئەمە وامان لێدەکات نەتوانین ڕوبەڕوو لەگەڵ خۆماندا بدوێین و لەو هەموو حوکمانەی لەسەر شتەکان داومانن، ڕزگار ببین، تەنها مەگەر بتوانینن بۆ تاکە جارێکیش لە ژیانماندا هەموو ئەو شتانە فڕێ بدەین، کە کەمترین بواری گومانیان تێدایە. لە دوای کەڵەکە بوونی ئەو ڕووداوە گوماناویانەی بەسەری دێت ڕۆژێک ترومان بڕیار ئەدا بڕواتە دوورگەی فیجی، بە دوای ئەو ئافرەتەدا کە ترومان بەڕاستی عاشقی بووە و وا ئەزانێ لەوێیە. بەڵام تەواوی کۆمپانیاکانی گواستنەوە لە فڕۆکە و پاس و کەشتی ڕەتی ئەکەنەوە بیبەنە فیجی، بە بیانووی کەشوهەوا و شکانی سەیارە و چەندین درۆی تر. بۆچی دەتوانین گومان لە حەقیقەتی شتە هەستییەکان بکەین؟ بەڵام لەبەر ئەوەی دەمانەوێت خۆمان بۆ گەڕان بە دوای حەقیقەتدا تەرخان بکەین، ئەوا لە توانادا هەیە گومان بکەین، یەکەم لە هەموو ئەو شتانەی کە دەکەونە بەردەم هەستەکانمان یان ئەوانەی کە وێنایان دەکەین، ئەگەر بێتوو ئەمانە بیرێکیان تێدا چاندبین. لەبەر ئەوەی ئەزموون ڕێنوێنیمان دەکات لەسەر ئەوەی هەستەکانمان لە زۆر جێگەدا هەڵیانخەڵەتاندوین. ئەوەش لە کەمیی ئاگاییەوەیە، کە دڵنیاین لەوەی کە خەڵتاندووینی با ئەگەر جارێکیش بێت هەروەها لەبەر ئەوەی بێدەچێت ئێمە هەمیشە خەون ببینین، ئێمە خەوتوین و لە کاتی خەودا ژمارەیەکی زۆر لەو شتانە بە توندی هەست پێدەکەین و بە ڕوونی وێنایان دەکەین، کە خۆیان بوونیان نییە. کەی مرۆڤ نەخشەی بۆ گومانکردن لە هەموو شتێکدا کێشا، هیچ نیشانەیەک نابینێتەوە بۆ جیاکردنەوەی لە نێوان ئەو بیرانەی کە لە حاڵەتی خەودا دێن بەسەریدا و ئەوانەی لە حاڵەتی بێداریدا دێن بەسەریدا. لەو کاتەی کە [ترومان] بە شێوەیەکی کرداری گومانەکانی پراکتیز دەکات بەژیانیەوە هەوڵ دەدات بڕوات و هەڵ بێت لەو ژیانەی کە بۆی دیاری کراوە بەم جۆرەش سواری کەشتیەک دەبێت ڕێگەی زۆر دەبڕێت لەناو ئەو ڕێگەیایە کە گرتوویەتیە بەر دەر‌هێنەرەکەی [کریستۆف] هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تووندکردنی باو و بۆران و ڕەشەبا [ترومان] ڕابگرێت و نەهێڵێت بچێتە دەرەوەی ئەو جیهانەی کە بۆی خولقاندووە.

ئێمە خاوەنی ئیرادەیەکی ئازادین کە توانای ئەوەمان پێدەبخشێت لە بەڕاسدانانی هەموو شتە گوماندارەکان دەست بگرینەوە، ئەمەش لە کەوتنە ناو هەڵە و گومڕایی دەمانپارێزێت. هەموو ئەو گومانە مەزنانە وەهامان لێدەکەن لەو بەربەستە ئاینی و کلتوری و میدیایە ڕزگارمان بێت و تێیپەڕێنین بەم جۆرەش مرۆڤ لەناو بەرپرسیارێتی و گومان دا ئازادی ڕاستەقینە بەدەست دێنێت ئازادیەک کە پڕ بێت لە حەقیقەت. کە [ترومان] کەشتیەکەی بەر دیواری خاڵی کۆتایی جیهانە دروستکراوەکە دەکەوێت و دەوەستێک ئەویش هەوڵ بۆ ڕێگەیەک دەدات، کاتێک قادرمەکان دەبینێت و دەچێتە لای دەرگایی چونە دەرەوە [ئەو دەرگایەیی کە دەیباتە ناو جیهانی ڕاستەقینە] دەرهێنەر [کریستۆف]هەوڵ دەدات ڕایبگرێت بە بیانووی چەند شتێکی دنیای [ناوبانگ، پارە، هتد....] بەڵام ئەو بەهیچ شێوەیەک ڕازی نابێت و لە دەرگاکە دەڕواتە دەرەوە

لە دایەلۆگی کۆماردا کتێبی V11)) ئەفلاتوون داوامان لێدەکات کۆمەڵێ خەڵک بهێنینە بەرچاومان، کە هەر لە منداڵیەوە لە ئەشکەوتێکدا ڕووبەڕووی دیواری ئەشکەوت بە دەست و پێی زنجیر کراوەوە زیندانیکراون بەشێوەیەک، کە ناوتوانن جووڵە بکەن، لە پشتیانەوە ئاگرێک دەگڕێت، لە نێوان ئەوان و ئاگرەکەدا ڕێگایەک تێدەپەڕێت، بەو ڕێگایەدا خەڵكێکی زۆر و ئاژەڵگەلێک هەمیشە تێدەپەڕن، کەسانی زنجیرکراو تەنیا سێبەری ئەو کەسانە و ئاژەڵ و شتەکان لەگەڵ سێبەری یەکتر لەسەری دیواری ئەشکەوتەکەدا دەبینن، ئەوان تەنیا سێبەری شتەکان دەبینن و خەیاڵپڵاو (وهم) بەڕاستی تێدەگەن. چی ڕوودەدات گەر یەکێک لەو زیندانیانە ئازاد بکرێت؟ گەر یەکێک لەوان زنجیر بشکێنێت و ڕوووەرگێڕێت بەرەو ئاگر و ڕاستی شتەکان ببینێت؟ لە یەکەم چرکەدا هەست بە ئازارێکی سەخت دەکات، کە بەرئەنجامی بینینی تیشکی ئاگر و ئەو واقیعەیە، کە لە باری پێشوودا وەک سێبەر دەیبینی، بینینی ڕێگاکە و ئەو ڕێبوارانەی ماتەریاڵی جۆراو جۆر لەگەڵ خۆ هەڵگرتووە، ڕووناکی، هەر هەموو دەبنە نایەی ڕاچەنینی گەورە بۆ زیندانیی ئازاد کراو. ئەفلاتوون لەم ئانالۆژییەدا مەبەستێکی زۆری هەیە یەکێک لەو مەبەستانە ئەوەیە، کە دەیەوێت بڵێت جیهانی نێو ئەشکەوتەکە، جیهانێکی ساختەیە و کۆپی جیهانە ڕاستیەکەیە کەوا لە ئەشکەوتەکەدایە. گومان ڕێگایەکی سەخت و پڕ ژانە چونکە ئەو کاتەی لە ڕێگای گومانەوە حەقیقەتت بۆ دەر دەکەوێت و ڕاستیەکان هەست پێ دەکەیت بەڵام مرۆڤ لەناو حەقیقەتدا باشتر و چاکتر بیردەکاتەوە هەر وەک سوکرات دەڵێت: بە ڕەشی بچێنە، بە سپی بیدوورەوە، واتە بە گریان بیچێنە و بە خۆشی بیدورەوە. دەکرێت زۆرینەمان لە ڕێگای دنیای مەزاجیدا کۆنتڕۆڵێکی ناڕاستەوخۆ کرابین لە ڕووە ئایدۆلۆژیەکەوە کە ئەمەش وا دەکات لە ڕێگای دنیای سەرمایەداریووە کۆمەڵە شتێک جەنگی لەسەر هەڵگیسێنین کە ئەسڵەن دژی خۆمان بن و هیچ باشیەکی بۆ مرۆڤایەتی نەبێت.

(خوودی ئەو بەرهەمانە، کەرەستە بەهێزەکانی ڕاگەیاندن، کاڵای پێویستی نیشتەجێبوون، جلوبەرگ، خواردن، و کەرەستەکانی خۆشگوزەرانی، لەگەڵ خۆتان ئاراستە و ترادسێۆن هەڵدەگر، کە دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی زیهنی و هەڵچوونی، بەکاربەر و بەرهەمهێن و کۆمەڵگا وەک گشتێک دەبەستێتەوە. بەرهەمەکان ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو دەسەپێنن و جێگیری و جێگیری دەکەن، هۆشیاریەکی ساختەش بڵاودەکاتەوە کە کەس درک بە ساختەیەکەی ناکات. بڵاوبونەوەی سوودی ئەو بەرهەمانە لە نێو چینە کۆمەڵایەتیکاندا، ئایدۆلۆژیاکەی دەبێتە شێوازێک لە ژیان، نەک وەک تەنها پڕ و پاگەندە. ئەو شێوازە لە ژیان لەگەڵ هەر بانگەشەیەک بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەجەنگێت. لە دەرئەنجامی نەبوونی هزری گۆڕان، هزر و ڕەفتار دەبێتە تاک ڕەهەند، تێایدا هەموو ئەو بیرۆکە و ئارەزوانە ڕەتدەکاتەوە، کە لە دەرەوەی چێوەی ئەوە بێت کە بوونی هەیە.