فیلمی سووکایەتی گۆدار :ئایا واز لە هونەری ڕاستەقینە بهێنین؟
فیلمی سووکایەتی گۆدار :ئایا واز لە هونەری ڕاستەقینە بهێنین؟
نووسینی: کریم عبدالخالق وەرگێڕانی: کاردۆس مشیر

ساڵی ١٩٦٣ فیلمی "سووکایەتی" گۆدار دەرچوو. پاش درەوشانەوەی گۆدار و دەرهێنەرانی شەپۆلی نوێی فەڕەنسی، فیلمەکە لە ڕۆمانێکی (ئەلبێرتۆ مۆرافیا) بە هەمان ناو وەرگیراوە و سیناریۆکەشی گۆدار نووسیویەتی. وەکو هەمیشە باس لە پەیوەندی نێوان ژن و مێرد دەکات، بەڵام لێرەدا کەمێک جیاوازە و سەرنج دەخاتە سەر کاڵ بوونەوە و نەمانی پەیوەندی نێوان ژن و مێردێک. سەرەڕای کڵێشەیی بابەتەکە بەڵام چارەسەکردنی بە ڕێگەیەکی جیاواز نیشاندراوە، زیرەکیی گۆداریش نیشاندانی چەندین نرخ و بەهایە لە پشت فیلمەکەیەوە چونکە پەیوەندییەکە سەرجەم بەهایەکانی فیلمەکە پێکناهێنێ، بەڵکو پرسیارەکانی گۆدار خۆی دەربارەی هونەر بەرامبەر پارە ناوەڕۆکی فیلمەکەن، هەر ئەویشە دڵسۆزە بۆ ئەزموون و پیشەکەی بەرامبەر ئەم هەمووە مەرایی و فریودانەی پارە سازاندوویەتی. فیلمەکە باس لە "پۆڵ جافال" دەکات کە نووسەرێکی شانۆیە و بەدرێژایی ژیانی تەنیا ئەوەی نووسیوە کە ویستوویەتی و لەگەڵ ئایدۆلۆژیای خۆی گونجاو بووە، هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێکی شۆخدا کردووە بەناوی کامیل. چیرۆکەکە لە ڕووکەش پەیوەندی نێوان پۆڵ و کامیلە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا زۆر لەمە زیاتر لەخۆ دەگرێت. دیمەنی یەکەمی فیلمەکە لە بەناوبانگترین دەستپێکەکانی فیلمە لە مێژووی سینەمادا، بە تاکە دیمەنیش دادەنرێت کە تێیدا ئەوینی نێوان دوو هاوسەر بۆ بینەر ڕوون دەکاتەوە پێش ئەوەی ڕاستەوخۆ هەرەس بهێنێت، کامیل دەبینین لەسەر جێگەکە بەڕووتی و پۆڵیش لە تەنیشتیەوە، دەربارەی جەستەی لێی دەپرسێت: ئەژنۆمت بەدڵە؟ مەمکمت بەدڵە؟ قاچمت بەدڵە؟ دەربارەی هەموو جەستەی لێی دەپرسێت و پۆڵیش پێی دەڵێت بێگومان بەدڵمن. گفتوگۆیەکەش بەمە بەکۆتا دێنێت: بەتەواوی خۆشم دەوێیت، بە نەرمی و بەشێوەیەکی تڕاژیدی، ئەمەش نقووم بوونی پۆڵمان بۆ ڕوون دەکاتەوە لە کامیل دا، ئەمەش واتا ئەو لەپێناویدا هەموو شتێک دەکات، هەر ئەوەش ڕوودەدات لە فیلمەکە.

پۆڵ چاوی بە بەرهەمهێنەرێکی ئەمریکی دەکەوێت بەناوی "جێریمی بۆرکۆش"، سەرەتا هۆکاری یەکتربینینیان نازانین، بەڵام هەر زوو درک بەوە دەکەین بەرهەمهێنەرەکە کەسێکی خۆدەرخەر و مێشک بەتاڵە کە هیچ شتێک نایوەستێنێت، لە گیرفانیدا کتێبێکی بچووکی داناوە کە چەند پەند و وتەیەکی تێدایە و بەکاریان دەهێنێت تاکو وەکو پیاوێکی ڕۆشنبیر دەربکەوێت، بێئاگا لەوەی تەنیا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت، بە پۆڵ دەڵێت: بڕوام بە درووستکردنی سینەمایەکی نوێ هەیە، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەوەی لای ئەو گرنگە سەرنجڕاکێشانی بینەر و پارەیە. دەرهێنەر فریتز لانگ لە فیلمەکەدا بە کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆی دەردەکەوێت و ڕۆڵی هیچ کەسێک ناگێڕێت، بەڵکو دەنگی سینەمای ڕاستەقینە دەردەکەوێت. هۆکاری چاوپێکەوتنی پۆڵ بە بەرهەمهێنەرە ئەمریکییەکە دەرهێنانی فیلمێکە دەربارەی داستانی ئۆدێسە لەلایەن فریتز لانگەوە، لانگ دەیەوێت داستانەکە وەکو خۆی بگێڕێتەوە گەر نا پێی باشترە فیلمەکە بەرهەم نەیەت، لەکاتێکدا جێریمی داوا لە پۆڵ دەکات چەند دیمەنێک بسڕێتەوە و زیادی بکات تاکو فیلمەکە کەمێک جەماوەریتر بکات. گۆدار لە کتێبی "گۆدار دەربارەی گۆدار" دەڵێت: خاڵی جەوهەری فیلمەکە ئەوەیە ئەو کەسانە سەیری یەکتری دەکەن و لەسەر یەکتری بڕیار دەدەن، دواتر سینەما سەیریان دەکات و بڕیاریان لەسەر دەدات بەنوێنەرایەتی فریتز لانگ، کە لایەنی ڕاستگۆیی و ڕاشکاوی فیلمەکەیە.

لانگ لێرەدا تەنیا وەکو دەرهێنەرێک دەرناکەوێت، بەڵکو دەنگی سینەمای ڕاستەقینەیە، دەبینین لە دیمەنێکدا دەڵێت: "هەموو فیلمێک دەبێت تێڕوانینی تایبەت بەخۆی هەبێت". کاتێک وێنەی کچێکی ڕووت دەردەکەوێت لە دیمەنێکدا کە لانگ وێنەی گرتووە بە ئامادەبوونی بەرهەمهێنەر و پۆل و وەرگێڕەکە، بەرهەمهێنەرەکە تووشی هەڵوەسە دەبێت و لە لانگ دەپرسێت: "ئەمە هونەرە، بەڵام ئایا خەڵک لەمە تێدەگات؟"، وە کاتێک بەرهەمهێنەرەکە دژایەتی دەکات و دەڵێت ئەوەی وێنەگیراوە جیاوازە لەوەی لە سیناریۆکەدا هەیە، لانگ پێی دەڵێت: "چونکە ئەوەی لە سیناریۆکەدا نووسراوە لەسەر کاغەزە، بەڵام ئەوەی وێنەمان گرتووە لەسەر شاشەیە". بە زوویی درک بەوە دەکەین پۆڵ بڕیاری داوە واز لە نووسینی شانۆنامە بهێنێت کە خۆشی دەوێت و بەنرخە لای و ئەو هونەرە پێشکەش دەکات کە دەیەوێت بۆ خەڵکی پێشکەش بکات، ئینجا دەست دەکات بە نووسینی سیناریۆ چونکە پێویستی بە پارەیە لەپێناو کامیلی هاوسەری، ئینجا بەرهەمهێنەرەکە لێی دەپرسێت: "قایلیت سیناریۆکە بنووسیت؟"، تێیدا لە چێکێکدا پارەی بۆ دەنووسێت و پۆڵ وەڵامی ناداتەوە و تەنیا چێکەکە دەبات و دەیخاتە گیرفانیەوە. لێرەدا خاڵە جەوهەرییەکەی فیلمەکە دەردەکەوێت: هاوسەرەکەی پۆڵ "کامیل": بەرهەمهێنەرەکە بە پۆڵ دەڵێت بیستوویەتی ژنێکی جوانت هەیە، بۆیە ئەویش بۆ ستۆدیۆ لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت، لەکاتێکدا پۆڵ بە پیادە دەڕوات کە ئەم دیمەنە پێش کۆتایی فیلمەکەش دووبارە دەبێتەوە، بەرهەمهێنەرەکە بە ئۆتۆمبێڵ کامیل دەبات بۆ ماڵەوە، لەم دیمەنەدا لەگەڵ پۆڵ دەمێنینەوە و نازانین چی لەنێوان بەرهەمهێنەرەکە و کامیل ڕوویداوە تا ئەو کاتەی پۆڵ دەپرسێت: "هیچی پێت گووت؟ ویستی پەیوەندیت لەگەڵدا ببەستێت؟"، بەڵام کامیل وەڵام ناداتەوە. "فیلمی سووکایەتی تەنیا دیراسەی ئافرەتێک نیە کە سووکایەتی بە مێردەکەی دەکات وەکو گۆدار دەیڵێت، بەڵکو ئاگاداریەکە بۆ ئەوانەی واز لە هونەرە ڕاستیەکەی خۆیان دەهێنن لەپێناو پارە و بینەر" کاتێک کامیل بە هۆکاری کارکردنی پۆڵ و بەرهەمهێنەرەکە دەزانێت، بێ هیچ پێشەکییەک دەڵێت: "من سووکایەتی بەو پیاوە دەکەم"، بەڵام لەڕاستیدا سووکایەتی بە پۆڵ دەکات چونکە وازی لە هونەری ڕاستەقینە هێناوە لەبەر پارە، ئەمە جگە لەوەی ڕاستەوخۆ ئەمەی پێناڵێت، بەڵکو بەداخراویی دەیبینین سەرەتا، دواتر پۆڵ دەپرسێت: "چی بە مێشکتدا دێت؟"، ئەویش دەڵێت: "هیچ، گەر تۆ دڵخۆشبیت، منیش دڵخۆشم".

دوای یەکەم بینینی نێوان کامیل و بەرهەمهێنەرەکە، لەگەڵ پۆڵ دا دەگەڕێتەوە ئەپارتمانەکە و نیو کاتژمێر گفتوگۆ لەنێوانیان ڕوودەدات کە ئەمەش شتێکی نوێ بووە بۆ ئەو سەردەمە و ڕەخنەی گۆدارە بۆ هۆڵیوود کە تێیدا تەنیا بە چەند خولەکێک و دیالۆگێکی زەق ئەم دیمەنانە تۆمار دەکەن، وەکو ئەوەی گۆدار بیەوێت سینەما لە یاسا و ڕێسا ڕزگار بکات وەک چۆن لەسەرەتای فیلمەکە ناوی کاستی فیلمەکە بە دەنگ دەخوێنرێتەوە نەک بە نووسین کە بەهەمان شێوە ئەمەش شتێکی نوێ بوو. لەم گفتوگۆیەدا کێشەکان دەبینین، جارێک ئەم گوێ لە ئەو ناگرێت و جارێکی ئەویتریان، جاروباریش لێی دەپرسێت: گوێت لێمە؟، وە ئەوەی پۆڵ کردی بەتەواوی پەیوەندیەکەیانی ڕووخاند بۆ هەمیشە. لەنێوانیاندا دیالۆگێکی هەڵگێڕاوە و ناڕاشکاو دەبینین، پۆڵ هەوڵ دەدات پۆزش بهێنێتەوە بۆ ئەوەی کردوویەتی بە تۆنی دەنگی کەسێک کە هیچ هەڵەیەکی نەکردبێت، لەکاتێکدا کامیل بە تۆنی دەنگی ئافرەتێک وەڵامی دەداتەوە کە سووکایەتی بە هاوسەرەکەی ناکات. بەڵام لەکۆتاییدا گفتوگۆی نێوانیان دەبێت بە شەڕ و کامیل ڕاستەوخۆ پێی دەڵێت: "من سووکایەتیت پێ دەکەم، لەبەر ئەوەشە چیتر خۆشم ناوێیت، ئەوەیە سووکایەتی، قێزم دەبێتەوە کە دەستم لێ دەدەیت". پاشان هەمووان لە ماڵی بەرهەمهێنەرەکە کۆدەبنەوە، دووبار لانگ وەکو دەنگێکی ڕاستەقینەی سینەما دەردەکەوێتەوە و دەڵێت: "بەرهەمهێنەر کەسێکە بەبێ ئەویش هەر دەتوانم بژیم"، وەکو ئەوەی بزانێت بە تێپەڕبوونی کات بەرهەمهێنەر دەبێتە یەکێک لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی لەناوبردنی سینەما، گەر گرنگترین هۆکار نەبێت. هەروەها کاتێک کامیل و بەرهەمهێنەرەکە بەتەنیا دەمێننەوە و ماچ دەگۆڕنەوە، پۆڵ ئەمە دەبینێت، بڕیار دەدات سیناریۆکە نەنووسێت تاکو کامیل بێتەوە لای، بەڵام بۆی دەردەکەوێت کار لە کار ترازاوە و ئێستا کامیل بەڕاستی سووکایەتی پێدەکات چونکە هونەری ڕاستەقینەی لەپێناو پارە جێهێشت، س"خۆشم ناوێیت، ناتوانم جارێکی تر خۆشم بووێیت، ڕقم لێتە چونکە چیتر ناتوانیت سەرەنجم ڕابکێشیت".

کامیل لە کۆتاییدا لەگەڵ بەرهەمهێنەرەکە دەچێت بۆ ڕۆما، بەڵام لە ڕاستیدا بەرهەمهێنەرەکە سەرنجی ڕاناکێشێت، بەڵکو هەموو ئەوەی دەیکرد بۆ تووڕەکردنی پۆڵ بووە تا واز لە پڕۆژەکە بهێنێت، بۆیە ڕۆشتنی لەگەڵ بەرهەمهێنەرەکە تەنیا هەڵهاتنێک بوو.