بۆچی پێویستە تەماشای فیلمی (12 Angry Men) بکەین؟
بۆچی پێویستە تەماشای فیلمی (12 Angry Men) بکەین؟
بۆچی پێویستە تەماشای فیلمی (12 Angry Men) بکەین؟. نووسینی پەیوەند قەرەداغی یەکێک لە جوانترین شاکارە سینەماییەکانی گێتی، کە بەر دیدەم کەوتبێ، بریتییە لە فیلمی: 12Angry Men 1957

فیلمەکە پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار بووە و ڕیزبەندى پێنجەمی وەرگرتووە بەپێی لیستی IMDB بۆ باشترین فیلمەکانی مێژوو بە ڕەیتینی 8.9/10! هەرچەندە بە بۆچوونی من شایستەی پۆلێنێکی بەرزترە، بەو پێیەی فەراژووبووی هۆڵیوودە و شۆڕشێکی ئایدیای نوێی بەخشیە سینەما لە جیهان بەگشتی و لە ئەمریکا بەتایبەتی لەوکات، وەلێ دەربازکردنی فیلم بوو لە سکرێپتە سینەماییە لێکچووەکانی ئەو سەردەمە. لەلایەکی ترەوە ساڵی 2007 بە ئەرشیفێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لەقەڵەم درا، چون پاشماوەیەکی شارستانی و مێژووی جوانی میللەتێکە.

فرۆزەکردن فیلمەکە، فرۆزەکردنی سەختە، بەڵام دەتوانم گوزارشتی بکەم لە شێوەی "کۆنسێرتێکی سەمفۆنیای میوزیکی کە لە ژەنینیدا کۆمەڵە موزسیانێکی ئۆرکسترایی زەبەلاح خەریکی ژەنینن، تاکوو ئەو ساتەی مایسترۆی تیمەکە بە ئاماژەکانی دەستی هەموو موزسیانەکانی تر بێدەنگ دەکات لە پێناو ژەنیارێکدا بۆ ژەنینی بووکی ئامێرەکانی دیکە، تاکوو نۆتەکانی بگەیەنێتە گوێی بیسەر و پێکدادانێکی ڕوحی و دەروونی لەگەڵ ئامادەبووان دروست بکات..

تایتڵە فریودەرەکەی لەگەڵ خوێندنەوەی ناونیشانی فیلمەکە؛ سەرنجی بینەر ڕاستەوخۆ بۆلای خۆی ڕادەکێشێ بە کەڵکەڵەی فیلمێکی ئاکشنی، کەچی لەگەڵ تەماشاکردنی فیلمەکە شتێکی تەواو جیاواز دوور لە گریمانەکانی مێشکیی دێتە بەر دییەی بە خستنەڕووی پرسیارگەلێ هاوشێوەی: چی ڕوودەدات گەر بێبەشبوونی کەسێک لە مافە ئازادەکانی بە بەندکردنی، یاخود لە مافی ژیانکردنی بە لەملدانی لەدەست تۆ بووایە؟ پرسیارەکە دەمانگەیەنێتە فەلسەفەی "گومانی لۆژیک" کە مەبەست لێی: "ئەگەر هاتوو ژیانی کەسێک لە مەترسیدا بێ لە دادگاکان، بۆ چەسپاندنی دادپەروەری دەبێت بەڵگەکان لەسەر بناغەیەکی ڕوون و ڕەوان بێت، بەشێوەیەک ڕێژەی گومان تیایدا یەکسان بێت بە سفر؛ چون ڕۆحی مرۆڤەکان بوکەڵەیەک نییە گەمەی پێبکرێت..

سیناریۆ سیناریۆی فیلمەکە کە (ڕیگناڵد ڕۆوز) نوسەرەکەیەتی، سەرەتا ساڵی 1954 وەک دەقێکی ئۆریجناڵی لە ڕێی شانۆکانەوە پێشکەشی شانۆدۆستان کرا، سا ئێستە وەک نامیلکەیەک لەنێو پڕۆگرامی فیلمینگ لە زانکۆکانی_ئەمریکا کەڵکی لێ وەردەگیرێ، هەروەها وەک سەرچاوەیەکی زانیاری لە چۆنێتی دروستکردنی فیلم و نوسینی دەق.. گەواهیدەرێکی تر لە سەلیقەبوونی لەم نێوەندەدا؛ پاڵاوتنی بوو بۆ خەڵاتی_ئۆسکار.

دەرهێنەر سیدنی لۆمێت، خاوەن بلیمەتیەکی بێ وێنەیە، چون پێت دەڵێت: "گەر دەتەوێت گەوهەرێکی سینەمایی درووست بکەیت تەنها دوانزە کورسی و یەک مێز بەسە.. سەرەڕای ئەوەی فیلمەکە هیچ ئیفێکتــــێکی نییە، هەروەها بوودجەیەکی زۆر لە بەرهەمهێنانیدا تەرخان نەکراوە، بەڵام من وەهای سەیردەکەم ئەو دوو هۆکارە بوبێتنە ئەفراندنی دیدگایەکی دیکە؛ بەجۆرێک دەتوانین بڵێین گرنگ چەندێتی نییە هێندەی چۆنێتی، لەبەرئەوەی دەرهێنەری زرنگ کامێرایەک و دەقێکی نایاب و هەندێ ئەکتەری زیرەکی بدەرێ، لە ئەنجامدا گەوهەرێکی هونەری نەمرت پێشکەش دەکات.. هەر ئەوەش وایکردووە پاڵێوراوی ساڵ بێت بۆ بردنەوەی خەڵاتی_ئۆسکار.

لە کۆتایدا چەندە کەسێکی سینەمادۆست بیت، حەزو ئارەزووت بۆ فیلم هەبێت، گەر تەماشای ئەم فیلمەت نەکردبێت، ئەوا ببەخشە! هێشتا ئاشناییت بۆ سینەما بە پێی پێویست نییە. بیریشت نەچێت، وەک خولیادۆستێکی کایەی خوێندنەوە و شرۆڤەکردن بۆ فیلمەکان، حەزم نەکرد بچمە ناو باسکردنی ڕووداوەکانی فیلمەکە، بەترسی سپۆیڵکردنی! چون لای من "لوتکەى تاقیکردنەوەى سینەمایی ئەو کاتەیە، تەماشای فیلمێکى قەشەنگ بکەیت؛ بێ ئەوەى بزانى دەربارەى چى دەگوزەرێ سەرگوزشتە و ناوەڕۆک و مەبەستەکانی".