سەر شەقام یان ژووری نوستنی شاژن
سەر شەقام یان ژووری نوستنی شاژن
سەر شەقام یان ژووری نوستنی شاژن نووسینی: دانا نازەنین

کاتێك لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵێك کرێکاری نەتەوەپەرستی ئەرجەنتینی لەناو ئاوی ئەرجەنتیندا دەست بەسەر کەشتییەكی دەریایی بەریتانیدا دەگرن، (مارگرێت تاچەری) سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی بەریتانیا؛ جەنگ لەگەڵ ئەرجەنتیندا ڕادەگەیەنێت و بودجەی ئەم جەنگەش ٣ بلیۆن پاوەند دەبێت، لەم کاتەشدا لە هەموو بەریتانیادا نزیکەی ٢ ملیۆن لە خەڵكی بێکار دەبن؛ لەکاتێکدا ڕێژەی دانیشتوان زیاتر لە پەنجا ملیۆن کەسەوەیە. گەنجێکی کرێکار کارەکەی لەدەست دەدات، بەم هۆیەوە ھاوژینەكەی لێی جیادەبێتەوە و دوو منداڵەكەیشی خۆیدا دەبات، ئەم گەنجە ھەرچەند هەوڵ دەدات منداڵەكان بگەڕێنێتەوە سەرکەوتوو نابێت، نازانێت لە كوێ سکاڵا تۆمار بكات لە بێکاری و هەڵەی سەرۆك وەزیران. ڕۆژێك دەچێتە دەزگایەکی حكومییەوە و دەڵێت: "هاتوم سکاڵا لە سەرۆك وەزیران تۆمار بكەم، ئێمە کە بێکارین بۆچی وڵاتەکەمان لە جەنگێکی بێ سووددا پارە بە ھەدەر دەدات؟" کارمەندەكەش بەتانەوە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: "ئێرە شوێنی گلەیی نیە، ئەگەر دەتوانیت بڕۆ سەر شەقامەکان، یانیش بڕۆ بۆ لای سەرۆك وەزیران، یان لەهەمووی باشتر بڕۆ بۆ لای شاژنە ئیلیزابێث." دوای چەند ڕۆژێك و هەوڵدانێکی زۆر؛ شەوێك ئەو گەنجە بەسەر دیوارەکاندا هەڵدەبەزێتە ناو باڵەخانەی شاژنەوە لە لەندەن، هەموو بەربەستە چاودێریەکان دەبڕێت و بەنهێنی بەسەر دیوارەکەدا هەڵدەبەزێت بۆ ژووری نووستنی شاژن و شوشەی پەنجەرەی ژووری نووستنی شاژن دەشکێنێت و دەچێتە ژوورەوە، شاژن لەخەو ڕادەپەڕێت و دەکەوێتە گفتوگۆ و ڕەخنەگرتن لەسیستم و بێئاگایی شاژن لە خەڵکی هەژار. ئەم ڕووداوە دەبێتە دەنگوباسی میدیاکان، سەردێری یەکێك لە تەلەفزیۆنەكانی وڵات بەتانەوە دەڵێت: "چیدی کەس لەم وڵاتەدا پارێزراو نیە، کاتێك پیاوێك پەنجەرەی نووستنی شاژن دەشکێنێت و دەچێتە ژووری شاژنەوە! ئیدی شاژن سەرۆك وەزیران بانگ دەکات و لەسەر جەنگ و بژێوی خەڵك ڕەخنەی لێدەگرێت و بەپێی دەسەڵاتەکانی خۆی فرمانی پێدەکات کە گۆڕانکاری لە حكومەتدا بکرێت، لەکاتێکدا بەریتانیا جەنگەکەشی بردۆتەوە." ئەمە ڕووداوێكی ڕاستەقینەیە و یەکێك بوو لە ڕووداوە هەرە سەرنج ڕاکێشەکانی ئەم زنجیرەیە لای من، گەنجێك لەبەر بێکاریەکەی ئەو سەرکێشیە دەکات و داوای مافی خۆی دەکات، لەکاتێکدا بەهەزارەها گەنج لای ئێمە بێکار بوون نەك لەپێناو جەنگی نەتەوەیدا؛ بەڵکو لەپێناو خۆشی و گیرفان و کەڵەکەکردنی سامانی کەمینەیەکی چینی چەتەگەری فەرمانداردا، بەڵام هێشتا ناڕەزایەکی ڕاستەقینە سەر ڕێ ناخرێت.

مێژووی فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆرەکان و وڵاتانی جیهانی یەکەم لە ڕابردوودا بەگشتی مێژووی بنەماڵەی شاکان و چینی سەرەوە و ئەرستۆکراتەکان بووە، بەڵام بەهۆی شۆڕش و هەڵگەڕانەوەی سۆسیالیست و چینی هەژاری کۆمەڵگاوە ئەم سیستمی حكومڕانییانە یان نەماون و سیستمی دیكە شوێنی گرتونەتەوە، یانیش ڕیفۆرم و تازەگەرییان تێداکراوە و گونجێنراون لەگەڵ سیستمە دیموکراتەکاندا، بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بە ڕیفۆرم لە سیستمی پاشایەتی خۆیدا دەرفەتی بۆ شۆڕش و کودەتا نەهێڵاوەتەوە، بۆیە بەردەوام و بەگوێرەی زەمەن بنەماڵەی شا دەسەڵاتەکانیان تەسلیم بەخەڵك کردۆتەوە و مۆدێرنایزیان كردووە و چەند دەسەڵاتێکی ڕەمزییان بەدەستەوە ماوە. ژیری و لێهاتویی و سەنگینی شاژنە ئیلیزابێثی دووەمیش لەماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا وایکردووە هەمیشە ڕۆڵێکی جوانی نەتەوەیی بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی وڵاتدا، هەربۆیە لە ئێستادا شاژن بووەتە یەکێك لە سیمبولە هەرە دیار و نەتەوەیی پایەدار و بە قەدرەکانی نەتەوەکانی بەریتانیا، هەمیشە ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە ڕێکخستنەوەی نەتەوەی بەریتانی و حكومەتی بەریتانیدا و لەلایەن خەڵکەوە ناوی "دایکی میلەت"ی لێنراوە، بەپێچەوانەی سەرکردە داهۆڵ ئاسا خۆپەرستەکانی خۆمان کە هەمیشە هەوڵی پەکخستن و شپرزەکرن و بازرگانی کردن بە نەتەوە و سامانی نەتەوەییەوەن بۆ پێگە و مانەوەی خۆیان لەسەر ئەو کورسیە فشۆڵەی کە لای هەزارەها گەنجی بێکار قیمەتی تۆزی بەرپێی دڵدارەكەی و کارێکی شیاوی نیە، کەچی لەڕێگەی ڕاگەیاندکانیانەوە کە بەخوێن و قوتی هەزارەها گەنجی بێکار و کۆچکردوو بونیاد نراوە تایتڵێکی فشۆڵ و دەستكرد و ناشرینی نەتەوەییان بۆ خۆیان داتاشیووە؛ کە تەنانەت خۆشیان لە نەشیاوی و نەگونجاویی ئەو تایتڵە لە کەسیەتی داهۆڵ ئاسان قێزدەکەنەوە.

فیلم ڕۆڵێکی باش دەگێڕێت لە گێڕانەوەی مێژوودا، کاریگەری فیلم لەگێرانەوەی مێژوودا لەسەر بینەر کاریگەریەکی باشتر و لەبیرنەکراوترە لەکاریگەری پەرتووك لەسەر خوێنەران، بەڵام ئەو ڕۆڵەی پەرتووكیش دەیگێڕێت لە وردی ڕوداوەکاندا لە توانای فیلم و سینەمادا نیە.

فیلمی تاجی پاشایەتی؛ فیلمێکی مێژووییە و چۆنیەتی ژیان و ڕووداوە گرنگەکانی ناو ماڵی بنەماڵەی شاژنی بەریتانیا دەگێڕێتەوە، کێشە خانەوادەییەكان، کێشە سیاسیەکان لەسەر تەختی پاشایەتی لەنێوان "شا جۆرج"ی باوکی خاتون و "دەیڤد"ی مامیدا، ھەروەھا پەیوەندی و کاریگەرییەكانیان لەگەڵ حكومەتی بەریتانی و سەرۆك وەزیرانەکانی بەریتانیا و جیهاندا هەر لە پەیوەندییان لەگەڵ نازییەكانەوە ھەتاكو بە "جۆرج کەنەدی" و "وینستن چەرچڵ" و "مارگرێ تاجەر" و هەموو ئەوانی دیكەش دەگات، ھەروەھا چۆنیەتی هاتنی شاژن بۆ تەختی پاشایەتی و ڕۆڵ و ژیانی تایبەتی خۆی لەگەڵ شازادە "فیلیپ"ی هاوسەری و "مارگرێت"ی خوشکی و "چاڕلس" و خاتوو "دایانا"دا و بەهێزی کەسایەتییەكەی لە یەکلایی كردنەوەی کێشە خانەوادەیی و سیاسیەکاندا، لەپاڵ ئەمانەشدا ڕووداوە شەرمەزارییەكانی ناو ماڵی شاژن بەوردی دەگێڕێتەوە، بەتایبەتی پەیوەندی خاتوو "مارگرێت"ی خوشکی شاژن لەگەڵ بەردەست و هاوڕێکانیدا، ھەروەھا پەیوەندی "چاڕڵس"ی کوڕی لەگەڵ "کەمێلا" و خیانەتی هاوسەرگیریەکەی لە خاتوونە نازدار و شۆخ و شەنگەکەی لەیدی "دایانا"، وە چۆنێتی جیابوونەوەی لەیدی "دایانا" لە "چاڕڵس" و کوشتنی لەیدی "دایانا".

فیلمەکە لە چوار وەرز پێکهاتوو و هەر وەرزێكیش لە دە زنجیرە پێکهاتووە، بەگشتی ڕووداوەكانی سێچارەکی سەدەی ڕابردووی بنەماڵەكە دەگێڕێتەوە، کاریگەری فیلمەکە لە ئێستادا دەنگدانەوەیەکی باشی بەخۆیەوە بینیووە لەنێو خەڵکی بەریتانیادا و بنەماڵەی شاژنی ھێناوەتە جۆش، ھەروەھا ئەو بنەماڵەیەی ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر کردۆتەوە لەلایەن خەڵکیەوە، بەتایبەتی لە وەرزی چوارەمدا کە باس لە پەیوەندی هاوسەرگیری کچە شۆخ و شەنگ لەیدی "دایانا" و شازادە "چاڕڵس"ی کوڕی خاتوونی شاژن دەکات، کە پەیوەندیەکی سارد و نامرۆڤانەی بنەماڵەی شاژن و "چاڕڵس" بەتایبەتی لەگەڵ "دایانا"دا، وە ژیانی تراژیدی لەیدی "دایانا" وەکو کچێك کە لە چینەکانی خوارەوە لەگەڵ بنەماڵەیەکی ئەرستۆكرات و چینی سەرەوەدا، لەکۆتایشدا مەرگی "دایانا"ی لێکەوتەوە بەڕووداوێكی ناڕوونی پلان بۆ داڕێژراو. ‎لەیدی "دایانا" کچێك کە وەکو چینی خوارەوەی کۆمەڵگەی بەریتانی دەڵێن ئەو شاژنی ڕاستەقینەی دڵی بەریتانیەکان بوو، کێژۆڵەیەکی جوان و شۆخ و شەنگ و ئاسایی کە بەژداری ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی هەژاری و پەککەوتەی دەکرد و بەمجۆرەش سەرنجی هەموو دونیا و میدیاکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشابوو؛ لەبەرسادەیی و جوانیەکەی و هەستە مرۆییەکەی، بەڵام لەناوخۆی کۆشکدا پەراوێز و تەنها کرابوو، ئەو کچۆڵەیەی کە خۆشەویستی و جوانی و هەستی مرۆیی دەبەخشییە تەواوی خەڵکی، لەلایەن "چاڕڵس"ی هاوسەری و بنەماڵەی شاهانەوە بێ خۆشەویستی و لەمرۆڤبوون خرابوو، لە جوانی بێبەش کرابوو، کۆشکی بۆ کرابویە زیندانێك و تاراوگەیەك کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی چەندان ئازاری تراژیدی و پەراوێزخستن و بەبێنرخ سەیرکردن دەبویەوە لەلایەن بنەماڵەی شاژنەوە، تەنانەت دواجار بە نەخۆش و ناتەواو پێناسیان کرد و لەکۆشك وەدەریان نا، لەکاتێکدا دایکی هەردوو شازادە "ولیەم" و "هاری" بوو. ‎ئەم درامایە و کۆمپانیای نێتفلێکسیش وەك بەرهەم هێنەری زنجیرەکە لەلایەن بنەماڵەی شاژنەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بۆتەوە بەوەی کە گەمەی بە ڕاستیەکان کردووە و ڕووداوەكانی بەهەڵە نیشانی خەڵکی داوە، بەڵام لای زۆرێك لەخەڵکی فیلمەکە بەرز نرخێنراوە چونکە حەقیقەتەکانی ناو کۆشکی خستۆتە ڕوو. زنجیرەکە پشتی بە گێڕانەوەیەکی شانۆیی "پیتەر مۆرگان" بەستووە و "ستیفن دۆڵدری" دەرهێنەری فیلمەکەیە و زنجیرەکە لەلایەن خودی کۆمپانیای نێتفلێکسەوە بەرهەم هێنراوە، کە باس لە ژیان و ڕوداوەکانی شاژنی بەریتانیا دەکات لەدوای ئەوەی لە تەمەنی 25 ساڵیەوە و لە 1940وە دوای مەرگی باوکی شا "جۆرج"ی حەوتەمەوە و تازەمەنی مۆدێرنی ئەمڕۆ.