ڕانانێک لە زنجیرەی توین پیکسی دەیڤد لینچ
ڕانانێک لە زنجیرەی توین پیکسی دەیڤد لینچ
ڕانانێک لە زنجیرەی توین پیکسی دەیڤد لینچ نووسینی محمد حمدي هاشم وەرگێڕانی کاردۆس مشیر

چۆلەکەکان دەجریوێنن، وەرشە و کارگە بچووکەکان دەست بە کاری ڕۆژانەیان دەکەن، دارستانی چڕ و پڕ و جوان و هێمن، تاڤگەی زۆر دڵڕفێن. بەم جۆرە ژیانی ڕۆتین و ڕۆژانەی خەڵکی شارۆچکە بچووکەکەی توین پیکس بەڕێوەدەچێت کە دەکەوێتە ویلایەتی واشنتن. بەڵام لەناکاو هەموو شتێک لەم شارۆچکە هێمنە دەگۆڕێت، کاتێک سەر لە بەیانییەک هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی کچە خوێندکارێکی ئامادەیی بڵاودەبێتەوە بەناوی "لۆرا پاڵمەر"، کە لەسەر جەستەی نیشانەی ئازار و ئەشکەنجەدان دەبینرێت. بەمجۆرەش بریکارێکی ئێف،بی،ئای بەناوی "دەیڵ کووپەر" لەگەڵ پۆلیسی شارۆچکەکە دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن... بەمجۆرە وەرزی یەکەم و دووەم سەرکەوتنێکی بێوێنەیان تۆمارکرد کە لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو پەخشکرا. تایبەتتر بەهۆی کۆتاییەکەی کە بۆ ئەوکات داهێنەرانە بوو، هەر ئەم زنجیرەیەش بوو بە یارمەتیدەری زۆرێک لە زنجیرەکانی دوای خۆی لە ڕووی سیناریۆ و داڕشتنی کارەکتەر و ڕووداوەکانی. یەکێک لە دیارترین خاڵە گرنگەکانی زنجیرەکە کە ئەو کات بینەرانی لێی تێنەگەیشتن ئەوەبوو کاتێک لۆرا لە "(لۆج) بۆشاییە ڕەشەکە" بە کووپەری گووت (دوای ٢٥ ساڵی تر یەکتری دەبیننەوە)، وەرزی سێیەمیش ڕێک دوای ٢٥ ساڵ پەخش کرا وەکو چۆن لۆرا بە کووپەری گووت. دەرهێنەری سوریالی دەیڤد لینچ و هاوکارەکانی بازدانێکی گەورەیان خولقاند بەسەر زنجیرە تەلەفیزیۆنیەکاندا بۆ ئەو کات، بەڵام ئایا وەرزی سێیەم هەمان گۆڕانکاری و بازدانی خولقاند تایبەتتر لەگەڵ پێشکەوتنی زنجیرە تەلەفیزیۆنیەکاندا لەسەرەتای سەدەی نوێدا؟ کاتێک لینچ سپاردەکەی گێڕایەوە

ئەو فشارانەی بەرهەمهێنەرانەی وەرزی یەکەم و دووەم خستیانە سەر لینچ بووە هۆی ئەوەی لینچ بەتەواوی کۆنتڕۆڵی بەسەر زنجیرەکەدا نەمێنێت، وەکو گۆڕینی ڕێڕەوی ڕووداوەکان و زیادکردنیان، هەروەها بەشداریکردنی زۆرێک لە نووسەر و دەرهێنەر لە ئەڵقەکان. دەرئەنجامی کۆتایی باش بوو بەڵام بە کارەکانی تری لینچ نەدەچوو تەنیا ئەو ئەڵقانە نەبێت کە خۆی کاری دەرهێنانی بۆ دەکردن، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی فیلمێک بەجیا بەرهەمبهێنێت و تێیدا ئاڵۆزتر و ئازادتر بیرۆکەی خۆی بخاتەڕوو. «twin peaks: fire walk with me». لە یەکەم دوو ئەڵقەی سیزنی سێهەم لینچ بەتەواوی دەستی بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە، چ لە ڕێگەی گێڕانەوەی ڕووداوەکان یان ئەو وێنەیەی نیشانی تۆی بینەری دەدات. شێوازی گێڕانەوە لای لینچ وەکو هەمیشە، هێڵیکی درامییە و ڕووداوەکان هیچ پێکبەستێکیان نییە، هەروەها دەرکەوتنی کارەکتەری نوێ لە شارۆچکەی نوێ و لەهەمووشی نامۆتر دەرکەوتنی دوو نوسخە لە کووپەر. وشە و ڕستەی نهێنی دەگوترێت لە جیهانە هاوتەریبییەکە، دیمەنی سێکسی و توند و خوێناوی. پێشووتر زنجیرەکە بە کۆمێدیایەکی توند و ڕەش دەناسرایەوە، بەڵام بە تەواوی لە دوو ئەڵقەی یەکەم ئەم کۆمێدیایە نابینرێت، دیمەنەکانی بە شێوەیەکی تاریک و لێڵ و ڕەش دیارن. هەروەها زۆری دیمەنی ڕێگای تاریک کە لە کارەکانی لینچ دەبینرێت، هەروەها ژوورە تاریکەکان کە وەکو ئەوە وایە سەر بە جیهانێکی تر بن. هەروەها کەمی بودجەی تەرخانکراو لە زنجیرەکەدا دەبینرێت لەڕێی ئەو کامێرایانەی بەکارهاتووە، هەروەها بەکارهێنانی ڤیژوەڵ ئێفێکت بە شێوەیەکی زۆر سەرەتایی... چاکە و خراپە

لە وەرزی یەکەم تا سێیەم زنجیرەکە جیاوازتر نییە لەو فەلسەفەیەی لە کارەکانی لینچ دا هەیە، بەڵکو فۆڕمێکی ترە لە نیشاندانی ململانێیەکی هەمیشەیی لە نێوان چاکە و خراپە. بەجۆرێک هەوڵدەدات نموونەی ڕوونی چاکە و خراپە نیشان بدات. هیوا و لەدەستدانی هیوا، ڕووناکی و تاریکی، ئازادی و زاڵێتی، لەنێوان ئەم دەستەواژە و چەمکانەدا مرۆڤ چەواشە دەبێت ودەکەوێتە ناو هەڵبژاردنی جۆراوجۆرەوە. توین پیکس جەستەی خراپە مووتڵەقەکەیە لە لۆجە ڕەشەکە، کە تێیدا بۆب وەکو درووستکراوێکی خراپەکار دەردەکەوێت و دەست دەگرێت بەسەر جەستەی مرۆڤەکان و هانیان دەدات تا وێرانکاری ئەنجام بدەن، جار و باریش هانی کووشتن دەدات وەکو چۆن بەسەر سارا پاڵمەر و لۆرا پاڵمەر دا هات. لە لایەکی ترەوە کۆمەڵەی "گوڵی شین" ڕووبەڕووی دەبنەوە. هەروەها درووستکراوەکانی "لۆجی سپی" کە ئاماژەن لە چاکەی موتڵەق، چاکە و خراپەی موتڵەق نموونەن لە هەردوو لۆجەکە. لۆجی ڕەش نووسخەیەک لە کووپەر دەنێرێت کە لەلایەن بۆب دەستی بەسەردا گیراوە لە کۆتایی سیزنی دووەم، لۆجی سپیش کووپەری ڕاستەقینە دەنێرێت تاکو نووسخە خراپەکە بکوژێت و پلانەکانی بۆب پووچەڵ بکاتەوە. لینچ هەموو ئەو ڕۆڵگێڕانەی کۆکردەوە کە پێشووتر کاری لەگەڵکردبوون وەکو "نوۆمی واتس" و "لۆرا دێرن". هەروەها "مۆنیکا بێللوچی" وەکو مێوان لە ئەڵقەیەکدا بەشدارە. دەیڤد لینچ خودی خۆشی ڕۆڵی کارەکتەرێکی سەرەکی دەگێڕێت کە سەرۆکی کۆمەڵەی "گوڵی شین"ە ئەویش کارەکتەری بریکار "جۆردن کۆڵ". ئەم ناوانە و چەند ڕۆڵگێڕێکی سیزنەکانی پێشوو کارەکتەرەکانی زنجیرەکە پێکدەهێنن... ئەڵقەی هەشتەم : بۆمبی ئەتۆمی

بەهۆی جیاواز ڕوانین لە هونەر بە گشتی و کارەکانی لینچ بەتایبەتی و بڕیاردان و هەڵسەنگاندنی جۆربەجۆر، ئایا هیچ گوومانێک هەیە لەوەی ئەڵقەی هەشتەمی سیزنی سێیەم نامۆترین ئەڵقەی نێو زنجیرە تەلەفیزیۆنیەکانە؟ هەر لەگەڵ نمایشکردنی ئەڵقەکە بە سەدان هەوڵ و وتار و ڕانان لەسەر نامۆیی ئەڵقەکە بڵاوبووەوە کە هەر یەکەیان لەهەوڵی ڕوونکردنەوەی بوون، دەبوو ئەم ئەڵقەیە ئەو دیمەنانە نیشان بدات کە تێیدا بۆب دەبێت بە سەرچاوەی خراپە لەسەر زەوی، ڕووداوەکان بە تەقینەوەیەکی ناوکی نادیار دەست پێدەکەن کاتێک کامێراکە دەچێتە قووڵایی هێلانەی قەلەڕەشەکە (ئەو دووکەڵەی لە تەقینەوەکەوە درووست دەبێت). لەناو هێلانەکە دیمەنێک دەبینین کە تێیدا کات و ساتی دیاری نەکراوە و لە سرووشت و ڕاستیەکەشی تێناگەین، هەور و دووکەڵ و تۆپی ئاگرین و تەمەئەستێرەی ئاسمانی و گەلێک شێوەی تر. هەندێک لە دیمەنەکانیش جۆراوجۆرن و هەم بە ڕەس و سپی و هەم بە ڕەنگ تۆمارکراون، دواتر دیمەنەکە دەگەڕێتەوە سەر زەوی و بە دیمەنی خەواندنی مووگناتیسی گووندەکە کۆتایی دێت هەروەها ئەو پیاوە نامۆیەی ئاماژە و قسەکانی دەبنە هۆی خەواندنی ئەو کەسانەی گوێیان لێی دەبێت، هەروەها ئەو بۆقەی (کە دەکرێت ئاماژە بێت لە بۆب) دەچێتە ناو جەستەی کچە خەوتووەکەوە. بینینی ئەم دیمەنانە دەبنە هۆی وڕێنە و هەلوەسە لای بینەر، خەونی زۆرێک لە دەرهێنەرەکان تایبەتتر سوریالییەکان، هەوڵی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و هەندێکیان سەرکەوتوو نەبوون، وەکو هەوڵەکەی "جۆدرۆڤسکی" لە فیلمی "دون" کە تەواو نەکرا. ئایا لینچ لەم کارەیدا کە دەکرێت کۆتا کاری بێت، دەیەوێت ئەم تاقیکردنەوەیە بە بینەرانی نیشان بدات، لەوانەیە وابێت و لەوانەشە تەنیا ئامانجی نیشاندانی ئەڵقەیەکی سوریالی پوخت و تەواو بووبێت. بەڵام کاریگەری ئەڵقەکە نامۆ و جیاواز بوو بۆ هەر کەسێک کە بینەری بووبێت. لە بەخێرهاتنی پیاوە زلە جومارکەکە

"ئێمە وەکو ئەو خەونبینەین کە خەون دەبینێت، دواتر لەنێو خەونەکەدا دەژیت" مۆنیکا بێلوچی وادەڵێت. کووپەریش دەڵێت" ئێمە لەناو خەونەکەداین" پیاوە دەست بڕاوەکەش دەڵێت" ئەمە ڕابردووە یان داهاتوو؟" لینچ لە کتێبەکەیدا "لینچ دەربارەی لینچ" لەبارەی فیلمەکانی دەدوێت کە بە بینەر ناڵێت ئەمە لە ڕاستی ڕوودەدات یان لە خەون، و چۆن جیاوازی بکەن لەنێوانیاندا، دەڵێت ئەمە وەکو مامەڵەکردنە لەگەڵ پیاوێکی جوماڕک "باجگر" ی بێئاگا، بەم جۆرەش بینەر دەکەوێتە نێوان دیمەنی هەردوو دونیاکەوە بەبێ ڕێکخستنێکی دیاریکراو. دەتوانین کۆتایی کارەکانی لینچ وا وەسف بکەین بەوەی ئاژاوەیەکی تەواون بەجۆرێک جیهانی جۆربەجۆر پێکدادەچن. ئاژاوە لەو ڕستەیەی مۆنیکا بێلووچی دەست پێدەکات کە تێیدا زنجیرەی کۆتایی ڕووداوەکان دەست پێدەکات، ئەو کۆتاییەی زیاتر لە جیهانێکی تێدایە، جیهانی خەون و ڕاستی و ڕابردوو و وداهاتوو و زەوی و لۆجە ئاسمانییەکە. ئایا توین پیکس گۆڕانکاری بەسەر بەرهەمهێنانی زنجیرەکاندا دەهێنێت؟ لەوانەیە وەرزی سێهەمی ڕێژەیەکی زۆری بینینی تۆمار نەکردبێت، بەڵام دەکرێت بڵێین ڕێژەیەکی باش بینەری هەبووە، جگە لەو پێشوازییە ڕەخنەییە باش و زۆرەی لێیکرا. بەمەش زنجیرەکە زوو لەبیر ناکرێت، ئەمەش هەلی کاریگەربوونی دەهێڵێتەوە لە داهاتوودا. لەگەڵ ئەوەشدا زنجیرەکە نامۆیە و شێوازی گێڕانەوەی زۆر ئاڵۆز و شۆڕشگێڕانەیە، بەڵام پێگە و شوێنی لینچ وەکو گەورە فیلمسازێکی جیهانی و ئەو توانایەی هەیەتی لە هەڵبژاردنی کاستێکی ئاست بەرز بە کەمترین ئامرازە مادییەکان، وای لێکرد ئازاد بێت لە هەر کۆت و زنجیرێک و بە تەواوی ئەم ئەزموونەی خۆی ئەنجامدا بێ گوێدانە هیچ شتێک، بەجۆرێک و بەدەگمەن ئەمە لەگەڵ کاست و دەرهێنەرانی تردا ڕوودەدات، زنجیرەکەش دەستێکی دەبێت لە پێشخستنی درووستکردنی زنجیرەکان، لەڕێگەی وەرگرتنی بەشەبیرۆکە لێی و ئەنجامدانی لە گێڕانەوە و نەخشاندنی لە دیمەنەکاندا.