سەرنجێک لە مێژووە  تاریکەکەی ئەمریکا، فیلمی یەهودا و مەسیحی ڕەشپێست ٢٠٢١
سەرنجێک لە مێژووە تاریکەکەی ئەمریکا، فیلمی یەهودا و مەسیحی ڕەشپێست ٢٠٢١
سەرنجێک لە مێژووە تاریکەکەی ئەمریکا، فیلمی یەهودا و مەسیحی ڕەشپێست ٢٠٢١ نووسینی: اسامة سعيد وەرگێڕانی: کاردۆس مشیر

سینەمای هۆڵیوود هەمیشە و ئێستاش لە دەرگای ڕابردوو دەدات لە زۆرێک لە فیلمەکانی و ڕاستییەکانی تێدا دەردەخات بە تایبەت ئەوانەی باسی ڕەشپێستەکان دەکەن بە دەرخستنێکی ڕوون و ئاشکرا، ئەو چینەی کۆمەڵگەی ئەمریکی کە تاریکترین و سەختترین کاتەکانی ژیانیان لەسەر ئەو زەوییە بەسەر بردووە هەر لەو کاتەوەی کە پێیان داناوە لەسەری وەکو ئەوانی تر بۆ مافەکانیان جەنگاون. لە ساڵی ٢٠٢١، کۆمپانیای (وارنەر بڕۆس) چیرۆکێکی ڕاستەقینەی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەکات بە فیلم. بەدیاریکراویش لە ویلایەتی (شیکاگۆ)، کاتێک جووڵەی نەتەوەیی دەرکەوت لە پێناو گێڕانەوەی مافە مەدەنی و یاسایییەکان کە لەلایەن ئایدۆلۆژیا و سیاسەتە ڕەگەزپەرەستییەکانەوە زەوت کرابوون، هەروەها هانی هەڵسانەوەی کۆمەڵگەیان نەدەدا بە جۆرێک یەکسان بێت بۆ هەمووان و جیاوازی نەکرێت لە نێوان تاکەکانی لەسەر بنەمای خوێن و ڕەنگ و نەتەوە و هۆکاری تر. سیناریۆیەکی درامی داڕێژراو لە ئاستی ناوەڕۆکی چیرۆکەکەی لە لایەن فیلمسازی لاو (شاکا کینگ) لە دووەم ئەزموونی ڕۆمانی-درێژ. تێیدا چاپتەرێکی نوێ لە چاپتەرە دوورودرێژەکەی ململانێی ئەمریکی تێدا دەخرێتە ڕوو لە نێوان دوو ڕیبازی دەوڵەت کە سەردەمێکی زۆر درێژەی کێشا، هەروەها شتانێکی زۆری لەخۆگرت و ئەمەش وایکرد بگوونجێت بۆ کارێکی ڕیوائی-سینەمایی بە هەوڵی فراوان و وریاییەکی زۆر بۆ سەر خوانی بینەر لە ماڵەکەی خۆیدا، دەرەنجامێک سینەماکان پێیدا تێدەپەڕن و بووەتە هۆی داخستنیان، هەروەها بیرهێنانەوەیەکیش بۆ هەندێک لە مێژووی باوانیان و هەوڵدانیان بۆ مانەوە بە هەر ڕێگایەکی شیاو.

چیرۆک: فیلمی (یەهودا و مەسیحی ڕەشپێست) تیشک دەخاتە سەر (فڕید هامبتن) یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبی (بلاک پانزەر) و بە دیاریکراویش دەستەی (ئیلینوی) و هەوڵە زۆرەکانی لە چارەسەرکردنی ئەو ململانێیە ناوخۆیەی ئەمریکا و هەوڵدانی لە پێناو گۆڕانی کۆمەڵایەتی و یەکسانی نێوان ڕۆڵەکانی یەک نیشتمان، لەو کاتەی تاوانکاری لاو (ویلیەم ئۆنیێڵ) لە لایەن پۆلیسەوە بەزۆر دەکرێت بە سیخوڕ تاکو بەسەر حیزبەکەدا سەربکەون و لەناویان بدەن، سەرجەم زانیاریەکان سەبارەت بە فرێد هامبتن و هاوکارەکانی دەدات بە بریکارەکانی دەوڵەت.

ئەوەی سیناریۆی فیلمەکە جیادەکاتەوە ئەو تۆنە بەرز و خێرایەیە کە هەر لە سەرەتاوە تاکو کۆتا بەشی چیرۆکەکە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش دەرەنجامی پشتبەستنە بەو وردەکارییە گرنگانەی چیرۆکە ڕاستەقینەکە بەجۆرێک مێژووی کارەکتەرەکانی دەنووسێتەوە چ لە سۆنگەی شۆڕشگێڕی تایبەت بە فرێد هامبتن، یاخود تێکەڵبوون بە کارەکتەری (ئۆنیێڵ) لە نێو پیاوانی حیزب وەکو ئەوەی لەوان بێت، هەروەها ئەو فشارە زۆرەی لێی دەکرێت لەلایەن دەوڵەت و تۆمەتی ناپاکی لەلایەن هاوکارەکانی هامبتن.

بەڵام دوو خاڵی سەرەکی وجیاکەرەوە هەن بۆ ئەو سەرکەوتنەی فیلمەکە بەدەستی هێنا، یەکەمیان (نەبوونی درامایەکی چڕ) کە سەرنج دەخاتە سەر ئەو ئازارەی ڕەشتپێستەکان چەشتوویانە تاکو بینەری پێ بهێنێتە جۆش، چونکە ئەمە بووە بە کڵێشەیی و بینەر ڕاهاتووە بەوەی لە زۆرێک لە فیلمەکان ئەمە ببینێت و دوودڵ بێت لە سەیرکردنیان. دووەمیان بە جۆرێک لە جۆرەکان بەیەکەمیانەوە بەستراوەتەوە، ئەویش بێلایەنییە لە نیشاندانی بیرۆکەکە بەبێ هاوسۆزی بۆ هیچ لایەنێک لەسەر حسێبی لایەنەکەی تر وەکو چۆن لە زۆرێک لە هاوشێوەی ئەم فیلمانە دەبیندرێت، بە سادەیی سیناریۆیەکە دەست بەسەر بینەر و هۆشی بەرهەمهێنەرانی دەگرێت بە ماددە سەرەکییەکە و گێڕانەوەی وردەکارییەکانی وەکو خۆی چۆنە بەبێ ئەوەی دۆکیۆمێنتاریانە دەربکەوێت، بەڵکو سینەماییەکی پەیوەست بە پێوەرە زانراوەکان لە دەرهێنان و جیاوازیەکانی.

سەرەڕای هەبوونی کەموکوڕیەک لە سیناریۆکە کە لە تەرکیز خستنە سەر بارودۆخە ئایدیەڵی ڕووداوەکان و بەیەکەوە بەستنیان بەدی دەکرێت، ئەویش قووڵ ڕۆچوونە نێو کارەکتەری ئۆنیێڵ و ئاشکراکردنی پاڵنەرەکانیەتی بەتایبەت ساتی تێکەڵبوونی لەگەڵ کۆمەڵەی بلاک پانزەر و تووشبوونی بە چەندین ڕووداوی ناخۆش کە نزیک بوو لەوەی کەسایەتی کارەکتەرەکە بگۆڕن، بەڵام لە کۆتاییدا سیناریۆکە سەرکەوتووانە بینەر بە ڕووداوەکان دەبەستێتەوە وئاشنای دەکات بەو سەردەمەی ئەمریکا.

بەکارهێنانی گۆشەی کامێرا بە شێوەیەکی گاڵتەئامێزانە بۆ دەرهێنەر (شاکا کینگ) هەژمار دەکرێت هەروەها جێبەجێکردنی لەگەڵ ئەو کارەکتەرانەی لەگەڵ سرووشتی دیمەنەکە دەگوونجێن و لەسەر شاشە نمایش دەکرێت، سەرەتا لە دیمەنی (کڵۆز ئەپ-گرتەی نزیک)ەکان کە جەخت دەخاتە سەر کارەکتەری فرێد هامبتن لە ساتی ووتاردانە شۆڕشگێڕانەکانی لەنێو خەڵکدا، هەروەها لە دیمەنی پێکدادان و شەڕکردنەکاندا لەڕێگەی پەنانەبردنە بەر (شەیکی کامێرا:تەکنیکێکی سینەماتۆگرافییە تێیدا وێنەیەکی وەستاو چڕ دەکرێت و دەشێوێندرێت) تاکو بینەر بە ڕووداوەکە بزانێت و پێی کاریگەر بێت، هەروەها مۆنتاژکردنێکی گوونجاویش لە ڕێکخستنی دیمەنەکان و دانانیان بەپێی کاتی ڕاستی ڕوودانی ڕووداوەکان، هەروەها دیزاینکردنی جلوبەرگەکان لەسەر شێوەی ئەو کاتەی ڕووداوەکان ڕوویان داوە.

هەروەها (شاکا کینگ) لە ئاستی تەکنیکیدا لێهاتوو بوو، ستایشکردنی زۆریش هەیە بۆ هەڵبژاردنە گوونجاوەکانی بۆ کاستی فیلمەکە، (دانیێل کالۆیا) ئەو بەهرەمەندە لاوەی هەر بەزووی خۆری درەوشایەوە و لە فیلمی (گێت ئاوت) نواندنێکی نایابی نمایش کرد، دووبارە لێرەدا بۆ ئاستی هەڵچوون و شۆڕشگێڕانەی ووتاردانەکە زۆر گوونجاوە و سەرکەوتوو بوو لە جێبەجێکردنی (میتۆد ئاکتینگ) یاخود بەرجەستەکردنی کارەکتەر وەکو خۆی چۆنە، لێرەشدا بە هەموو سیفەت و سرووشتی فڕید هامبتن.

دووبارە و دوای فیلمی (گێت ئاوت)، (لاکێس ستاینفێڵد) لەگەڵیدا بەشدارە و لێرەدا ڕۆڵی زیادکردنی هەستێکی درامییە بە شێوەیەکی سادە بە کارەکتەرەکەی بەتایبەت لە نیوەی دووەمی فیلمەکە، بە سەرکەوتوویش جێبەجێی کرد سەرەڕای هەموونی کێشە لە سیناریۆی کارەکتەرەکەی وەکو پێشووتر باسی لێوە کرا، لەهەمووشی گرنگتر ئەوەبوو هاوسەنگییەکی درووستکرد لەنێوان ئەو دەربڕینانەی هەیبوون لەنێو حیزبەکەی فرێد هامبتن کە سیخوڕی بەسەریانەوە دەکرد و لەگەڵیان هاوهەست بوو وەکو ئەوەی یەکێک بێت لەوان و بڕوای بە کەیسەکەیان هەبێت و ڕێنمایی و فەرمانەکانیان جێبەجێ بکات، ڕۆڵی (بیڵ ئۆنیێڵ) بازدانێکی گەورەیە لە ژیانی ستاینفێڵد کە لە ماوەی ڕابردوو لەلایەن زۆرێک لە دەرهێنەرانەوە چاوێکی زۆری لەسەر بوو.

لە کۆتاییدا فیلمەکە ڕێڕەوی سینەمایی ساڵی ٢٠٢١ ڕاست دەکاتەوە دوای شکستی سەرەتاکانی، بەهەڵبژاردنێکی گونجاو لەلایەن شاکا کینگ بۆ ئەو بابەتەی دەیەوێت نمایشی بکات و دووەم ئەزموونی فیلمسازی خۆی تێدا بخوولقێنێت دوای یەکەم فیلمی لەساڵی ٢٠١٣ بە ناوی (گژوگیا تازەکان)، بۆ خۆشی میراتێک جێدەهێڵێت بە وێنەیەکی سینەمایی لەوەی ڕوویدا لە مێژووی ئەمریکا لە دوورخستنەوە و ئازاردانی ڕەشپێستەکان.