Image-Description
فیلمی
فیلمی"میناماتا"ی دەرهێنەر" ئەندرێو ڵڤیتەس"
فیلمی"میناماتا"ی دەرهێنەر" ئەندرێو ڵڤیتەس" نووسینی: سورکێو یاسین ژاپۆن لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوودا بەهۆی ئەو هەڵچوونە خێرایەی لەبوارەکانی پیشەسازیدا بێگومان لەبەردەم دەرگایەکی گەورەی بە جیهانی بووندا بوو، وە جیهانیش بەردەوام چاوەڕوانی زیاتر و زیاتریان لێدەکرد، ئەمە جگە لەوەی کە لەڕابردوی خۆیدا ژاپۆن چوەتە ژێر هێڵی خاپور بوون و دووبارە ئەقڵە مەزنەکانی ئەوی دەستیان بە بونیاتنانەوەی کردووە و بەردەوامبوون لە داهێنان و پێشکەوتن هەتا ئەوەی وڵاتەکەیان نەک گەیشتەوە بە ڕەوتە ئاساییەکەی جیهان بەڵکو توانی ببێتە پێشەنگی تەواوی وڵاتان لە زۆربەی بوارەکاندا. لەو سەردەمەدا و لەساڵانی حەفتاکان یەکێک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری پیشەسازی لە ناوچەی (میناماتا) بە هۆی ئەو بەرهەمهێنانە زۆرەی لە بواری پیشەسازیدا ناچار دەبوو پاشماوەکەی تێکەڵ بە سروشت بکات کە یەکێک لەوانە شلەی زیانبەخشی جیوە بوو، هەربۆیە سەرمایەداری لێرەدا کاری خۆی دەکات و بێ گوێدانە سەروەری و داهاتی خەڵکی ناوچەکە جیوەکەیان تێکەڵ بە ئاوی ڕووبارەکە دەکرد، کە ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر ئەو خەڵکانەی لەوێ دەژیان، چۆن؟ جیوە یەکێکە لەو ژەهرە کوشندانەی کە سروشتدا هەیە! بێگومان بە ڕێژەی جیاواز، بەڵام بە دەستێوەردانی مرۆڤ ڕێژەکەی دەگۆڕێت، بە تێکەڵبوونی ئەو جیوەیە بە ئاوی هەر ناوچەیەک کاریگەری دەبێت لەسەر ئەو زیندەوەرانەی لە ئاوەکەدا دەژین، ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات دەنیشێت لە جەستەی ئەو زیندەوەرانە دا، وە لەکاتی بەکارهێنانی ئەو زیندەوەرانە بەمەبەستی خواردن لەلایەن مرۆڤەوە جا بە هەردۆزێک بێت ئەوا کاریگەری دەکاتە سەر بۆهێڵ و ئەندامەکانی مرۆڤ لەو ناوچەیەدا و ئەگەر نەخۆشیەکە ڕاستەوخۆ لەو کەسەدا دەرنەکەوێت ئەوا بەبێ گومان بۆ نەوەکانی دەگوازرێنەوە، ئەمە بەنسبەت ڕێگەی ناڕاستەوخۆ وە ڕێگەی ڕاستەوخۆش بریتییە لە بەکارهێنانی ئاوی ڕوبار و سەرچاوە ئاوییەکان بەمەبەستی خواردنەوە.

بێگومان مرۆڤ هەرگیز بەدەر نەبووە لە بەرکەوتن بەو کارەساتانە هەروەک چۆن لەساڵانی هەشتاکاندا کارەساتی چێرنۆبڵ بەسەر دانیشتوانی شاری پریپاتدا" هات لە وڵاتی ئۆکرانیا، وە بەرکەوتنی ناوچەکانی هێرۆشیما و" ناکازاکی بە بۆمبی ئەتۆم و ژەهراوی بوونی پێشەنگ لە کۆماری دۆمەنیکا و کارەساتی گازی شاری بۆپاڵ لە وڵاتی هیندستان و چەندانی تر. حەتمەن ئەم چیرۆکانە دەبنە هەوێنی باشترین سکریبت بۆ فیلمسازان و سینەماکاران بەتایبەت کە هەموویان چیرۆکی ڕاستەقینەن وە دەتوانن ببنە هەوێنی بەرهەمهێنانی جوانترین فیلم یان زنجیرە و کورتە زنجیرەکان، بۆ وێنە لە ساڵی دووهەزارو نۆزدە دا بوو بەو بەرهەمە جوانەی کورتە زنجیرەی چیرنۆبڵ دەرهێنەری زۆر پرۆفیشناڵی سویدی "جۆوهان ڕینیک" توانی ئەو کارەساتە مان بەبێ کەموکورتی نیشان بدات، یان فیلمەکانی "پاراستنی سەرباز ڕایان" و لیستەکەی شیندلەر" کە ئەوانیش چیرۆکەکانیان ڕاستییە. خۆشبەختانە و لە بەرهەمێکی نوێیدا دەرهێنەری ئەمریکی" ئەندرێو ڵڤیتەس"زۆر سەرکەوتووانە لە ئاستێکی باڵای بەرهەمهێناندا فیلمی میناماتا" ی پێشکەش کردین بە ڕۆڵبینیی سەرەکی جۆونی دیپ لە" بەرجەستەکردنی کارئەکتەری فۆتۆگرافەری بەناوبانگ "دەبلیو یوجین سمیس" کە لە ساڵانی جەنگی جیهانی دووەم و تا چارەگی سێیەمی سەدەی ڕابردووش ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە گواستنەوەی وێنەکانی جەنگ و ئەو کارەساتانەی بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتوون. چیرۆکی فیلمەکە لە ئاستێکی بەرزی داڕشتنەوەدایە کە جگە لەبەرچاوگرتنی هێڵی چیرۆکەکە لایەنێکی دەروونی مرۆڤمان نیشاندەدات لە توێی پەشیمانی و دودڵی و پاشان کینە و بوغزی سەرمایەداری وە تێیدا ئەو سیستەمە داپۆڵێسنەر و بێباکەمان نیشان دەدات کە لە مێژووی هەر وڵاتێکدا هەبووە و یەک بووە لە قۆناغەکانی چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە،تەنانەت بووەتە هۆی گۆڕینی ڕەوتی بەرەوپێشچوون.

چیرۆکی میناماتایش هەرچەند سالانێکە ڕویداوە بەڵام هێشتا هەست بە گەرمی کارەساتەکە دەکەیت، کاتێک مرۆڤانێک لەم سەر زەوییەدا بێدەسەڵات و واوەیلا لە کێشەدان و گرنگیشیان پێنادرێت، ئەو کارتێکەرە دەروونییەی لە فیلمەکەدا هەست پێدەکرێت بریتیە لە ئەوپەڕی جوڵاندنی سۆزی بینەر بەلای خۆیدا و شیکردنەوەی چەمکە جیاوازەکانی تاوان و بێسەروبەرەیی و تانەت هێزی خەڵک و دیموکراسی کە زۆر بە ئەستەم دەتوانن کار لە دەسەڵاتێکی بێباک بکەن. هەڵبەت جگە لە ڕۆڵبینیە بەپێز و تێرەکەی "جۆنی دێپ" مرۆڤ زۆر جار هەست بە ڕۆچون دەکات لە کارئەتەرەکەیدا ئەمە جگە لەوەی "دێپ" ی بە شاشەی سینەماکان ئاشتکردەوە دوای دابڕانە چەند ساڵییکەی، لە تەنیشتیدا ڕۆڵبینینی ئەکتەری خۆشەویستی ژاپۆنی "هارۆکی سانادا" ی بە ڕۆڵبینینە ناوازەکەی نیشانداینەوە دوای بەشداریکردنی لە فیلمی "مۆرتاڵ کۆمباد" دا.

سکریپتی فیلمەکە بە پێچەوانەی فیلمەکانی ئەمڕۆ بەسەر قۆناغەکانی گۆڕانکاریدا دابەش نابێت و ڕوداوی یەک لەدوای یەک تێیدا ڕوونادات بەڵکو تەواوی سکریپتەکە لەدەوری ڕوداوێک دەسوڕێتەوە کە ئەمە پێناسەی ژانری درامییە و کەمێک لە دەرهێنەرانی ئەمڕۆ خۆیان لەم باسە دەدەن و بەڵکو لەم ساڵانەی دوایدا کەمترین فیلم لەم ژانرە بە پێز و پێرفێکت کەوتوەتە سەر شاشەی سینەماکان. لەگەڵ ئەوەی دەرهێنەر ژیانی تایبەتی "دەبلیو یوجین سمیس"مان نیشان دەدات بەڵام هەوڵی داوە لە ڕێڕەوی بەڵگەنامەیی چیرۆکەکە دەرنەچێت وا هەوڵی داوە تەواوی پێشهاتەکان بێ کەموکورتی بە ڕاستی بگێڕێتەوە و بەڵکو هەندێک باس بوروژێنێت کە هەتا چەندین ساڵیش دوای ڕوداوەکە شاردراوە بووە. ئێستا و دوای نزیکە پانجا ساڵ لەو ڕوداوە هەرچەند لە ساڵی دوهەزار و پانزەدا وەزیری ناخۆی ژاپۆن ڕاگەیاند کە کەناراوەکانی میناماتا بەتەواوی پاکبونەتەوە لە ژەهری کوشندەی جیوە بەڵام هێشتا کەریگەری نەخۆشییەکە لەسەر هەندێک دانیشتووان و ئاژەڵانی ئەو ناوچەیە ماوە.