فیلمی دارگوێز بەبێ لایەنگری
فیلمی دارگوێز بەبێ لایەنگری
ئێران هەردەم وەک یەکێک لەباشترین گێڕەرەوەکان توانیویەتی ئەو کارەسات و ڕووداوە تراجێدیایانە لەچوارچێوەی فیلمە درامی و زنجیرەیەکانید بە ئێمە ئاشنا بکات. گێڕانەوە پێویستی بە تەکنیک و تێڕوانینی نوێ و داهێنەرانە هەیە، هەروەک چۆن لە سینەما جیهانیەکاندا و لە هەندێک دەرهێنەری وەک (ئایسۆ تاکاهاتا) و (ئەلیخاندرۆ و گۆنزالێز ئیناریتو) و هەروەها (یاسوۆجیرۆ ئۆزو) چەندان دەرهێنەری دیکەدا هەیە، کە تێیدا بینەرە دەگاتە ئاستێک خۆی دەبێت بە گێڕەرەوەی ڕوداوەکان و لەکاتی بینینی فیلمەکەدا خۆی لە ناو ڕوداو گەلێک دەبینێتەوە کە ئاشنایە پێیان. تەکنیکەکانی گێڕانەوە زۆرن و هەر دەرهێنەرە و تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ ئەمە، بەبڕوام فیلمی دارگوێز فیلمێکی سادە نییە و بەڵکو کاری زۆری تێیدا کراوە، هەڵبەتە لەمڕ ئەو گرنگییە زۆرەی بە چیرۆکەکەی دراوە بەپێچەوانەوە لەهەندێک ئامرازدا هەژاری بە دیمەنەکانەوە دیارن هەرچەند ئەمە وای نەکردووە لە بەهای فیلمەکە بێنێتە خوارەوە. لەهەندێک گرتەی یەک لە دوای یەکدا ئەو بازدانە ناجۆرەی ڕوناکی هەست پێدەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا هەر جۆرە شوێنێک و ڕوناکی تایبەت بە خۆی بۆ کراوە. ئەوەی سەرنج ڕاکێشە ئەو (ئەسپێکت ڕەیشیۆ) یەیە کە بە دوو قەبارە بەکار هێنراوە بە جۆرێک هەر لەو ڕێگەیەوە هەست بە دیمەنەکان دەکەیت لە ئێستا و ڕابردودا کە 3:4 و 16:9 لە هەردوو گێڕانەوەکەدا.

محمد حسین مهدویان کە لە بەرهەمهێنانی فیلمە درامییەکاندا پێشینەیەکی باشی هەیە توانیویەتی لە فیلمی دارگوێزیشدا بە وردی گرنگی بە ڕوداوە یەک لە دوای یەکەکان و بڕینی گرتەکان بدات لە کاتی خۆیدا کە زیاتر ئەمە لە ژانری درامی نزیکی دەکاتەوە. بەڵام تەوژمی ڕوداوەکان بە سەر دوو کۆمەڵە گرتەدا دابەش دەبن کە لەسەرتاوە تەواوی ڕوداوەکان هێواشن و لەسەر ڕێی سروشتی خۆیان دەڕۆن، لەگەڵ ئەوەشدا لە چارەگی سێیەمی فیلمەکەدا ڕوداوەکان خێر و یەک لە دوای یەک ڕوودەدەن کە هیچ بۆشاییەک بۆ بینەر نەهێڵنەوە تا تێیدا هەزمی ڕوداوەکان بکات. پێکەوە بەستنی سەرەتا و کۆتایی فیلمەکە لە ڕاستیدا بایەخێکی ئەوتۆی نەبوو چونکە وەک باسمکرد بینەر لە فیلمەکەدا خۆی لە ناو ڕوداوەکان دەبینێتەوە و ئاشنا دەبێت بە پێشهاتەکان و دەزانێت چی ڕودادەت بۆیە بینەر هەست بە هەمان تەوژمی ڕوداو دەکات و هەست بە دووبارەیی دەکرێت. دەرهێنەر هەندێک دیمەنی وەک شاکار بۆمان دروستکردوە کە بە بڕوام لە بەرزترین ئاستی وێنەگرتن و نواندن و تەواوی تەکنیکەکانی تردان، بۆ وێنە دیمەنی هەڵپەڕکێکە کە تێیدا تەواوی ڕەهەندەکانی وێنەگرت ڕەچاوکراوە یەکێکە لە باشترین و جوانترین دیمەنەکانی هەڵپەڕکێی کوردی، لەگەڵ ئەوەشدا دیمەنەکانی بێهیوایی و پوچیی کارئەکتەری (قادر) بە وردی کاری لەسەر کراوە. جل و بەرگ بەداخەوە ئەو گرنگییەی پێنەدراوە کە لە ڕەچاوکردنی مۆدێلەکان و تەنانەت بەکارهێنانی هاوتەریب خوازی و گونجاندنی ڕەنگەکان لەگەڵ یەکدی، ئەمە جگە لەوەی کارئەکتەرە کوردەکان بە ڕێژەیەکی کەمتر بە تایبەت منداڵەکان بە جلی کوردی دەردەکەون. ئەو ڕەنگە بەرزەی کە لە فیلمەکەدا هەیە بەتەواوی نزیکمان دەخاتەوە لە شێواز و ستایڵی وێنە گرتن لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کە ئەمەش کارامەییە، بەڵام هەڵگرتنی ڕەنگ لە هەندێک گرتە بەتەواوی دەبێتە بازدان تەنها لە پێناوە کاڵکردنەوەی ناجۆرییەکانی بەردەم کامێرا، هەڵبەتە ئەمە لەچەندین فیلمدا هەیە و کێشەیەکی گەورە نییە.

بەکارهێنانی ئامرازەکانی ئاڕت دایرێکشن بەسەر دوو بەشدا دابەش بوون کە یەکێکیان بەتەواوی ڕەچاوی تەواوی تەکنیک و یاساکانی بەرهەمهێنان دەکاتەوە و یەکێکی دیکەیان بەپێچەوانە و هیچ جۆرە ڕێکخراوەییەکی تێدا نیە،بە جۆرێک هەست دەکرێت لەلایەن دوو کەسی جیاواز و دوو ئاڕاستی جیاوازەوە ئاڕتی فیلمەکە کراوە،لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە ئەمە بە ئەنقەست بێت و دەرهێنەر بیەوێت لەم ڕێگەیەوە پارادۆکسی نێو ئەو جانجاڵی و تێکچونی ڕەوتی ژیانەمان پشان بدات کە بە زنجیرە ڕوداو دەبینرێن لەنێو فیلمەکەدا. بەگشتی دەنگ لە فیلمەکەدا سادە و خاوە و ساوندتراکێکێ سەربەخۆی نییە بەڵکو پچڕپچڕ میوزکمان گوێ لێدەبێت و لە زۆربەی وێستگەکاندا لای لایە و هۆرەی کوردی و ئاوازە فۆلکلۆرەکان دانراون کە ئەمەش بە وردی بینەر دەخاتە کەشێکێ کوردیانەوە و تێیدا دەتخاتەوە بیری نەهامەتی و ناجۆرییەکانی ئەو ساڵانەی بەسەر کورددا هاتوون، کە وابیردەکەمەوە دەرهێنەر لە پێناو جوڵاندنی هەستی بینەر و بە ئەنقەست ئەمەی کردووە. ئەم فیلمە دەبێتە بەرپرسیارێتییەکی گەورە بەسەر بەرهەمهێنەران و سینەماکارانی کورد کە لەماوەی ئەم ساڵانەدا لەسەدا سەد نەیان توانیوە چیرۆکێک لە ئاست سینەمایەکی بەرزدا بە کوردی بگێڕنەوە، کە ئەمە جێی داخە بۆ سینەمای کوردی، بەڵام ئەوش لاوازی نییە کە سینەمای وەڵاتێکی تر چیرۆکەکەی تۆ بکاتە فیلم هەروەک چۆن فیلمی (میناماتا) مان بینی کە ڕوداوەکە بەسەر وڵاتی ژاپۆندا هاتووە و دەرهێنەری ئەمریکایی ( ئەندرێو لڤیتەس) دەرهێنانی بۆ کردووە. کێشەکە لەوەدا نییە کە کورد ئیتر پێویستی بە بەرهەمهێنانی فیلم و چیرۆکی تراجیدی نییە بەڵکو من پێم وایە هەتا داهاتوویەکی دووریش هێشتا چیرۆکی لەم جۆرە و زیاتریش لە ناو کورددا هەن بۆ بەرهەم هێنان، وە ئەمە لە ڕاستیدا نابێتە لاوازی ئاستی سینەمای کوردی، چونکە ژاپۆن تا ئێستاش بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی فیلم دەربارەی ئەو کارەساتانەی بەسەر وڵاتەکەیدا هاتوون. لە کۆتاییدا ئەو چیرۆکەی فیلمی دارگوێز چەندین ساڵە چاوەڕێی گێڕانەوە بوو، کە جێگای دەست خۆشییە دەرهێنەری فارس مەهدویان توانی لە توێی فیلمێکدا بە بینەری ئاشنا بکات، بابەتە سیاسەکەش کە لە ئێستادا بووتە جێگای مشت و مڕ من پێم وانییە بەو ڕادەیە بارگرانی بێت بەسەر فیلمەکەوە، بەڵکو ئەگەر باسکردن لە حکومەت بەشێک نەبێت چیرۆکەکە ئەوا هیچ گرنگییەکی پێ نەدەدرا، لەگەڵ ئەوەشدا مافی خۆیانە کە ئەگەر بە گرتەیەکیش بێت باس لە هەڵوێستە مرۆڤانەکەی ئێران بکرێت لە کاتێکدا ئێران لە تەواوی ڕوداوەکانی مێژودا و لەهەمبەر هەر کارەساتێکدا دەرگای بۆ پەناهەندە و ئاوەرەکانی کورد کردوەتەوە و هاوخەم و بەڵکو کەرتی تایبەتی بۆ خستونەتە گەڕ و هاوکار بووە، هەر بۆیە پێویست ناکات فیلمەکە بە لایەنێکی سیاسیدا ببڕێت و ئامانج و لایەنە هونەرییەکانی لە بینەر ون بکرێت.