Image-Description
کورتەیەک لەسەر فیلمی پلاتفۆرم
کورتەیەک لەسەر فیلمی پلاتفۆرم
فیلمی پلاتفۆم لەلایەن دەرهێنەرێکی ئیسپانی بەناوی، گالدەرگازیتلو ئوروتیــان دەرهێنراوە و کۆمپانیــای نێتفلیکس NETFLIX لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ بەرهەمی هێنـــاوەو تا ئێستاش چەندین خەڵاتی سینەمایی وەرگرتووە. - ژیان زیندانێکە لەچەندین نهۆم پێکهاتووە و مرۆڤەکان بە پێی ستونی دەژین بەشێوەی چینایەتی، سامان و داهاتی ژیان لە سەرەوە بۆ خوارەوە دابەش دەبن، بە جۆرێک ئاستی خوارەوە هیچ سامان و داهاتێکیان بۆ نامێنێتەوە، ئەوەی ئەم زیندانی ژیانە بەڕێوەئەبات پێی وایە پێویستە مرۆڤایەتی خۆی ناوەندی هاوسەنگی بپارێزێت، هەروەها بەشێوەیەکی زۆر ئەندازەیی و زانستیی ژیان بەڕێوەدەبرێت، وەکو بڵێی ئەسڵی ژیان خۆی چینایەتیە، هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئەم چینایەتیە کارێکی زۆر دژوارە، چونکە بە ئەستەم ئەتوانرێت بڕوا بە مرۆڤ بهێنرێت دەست لەو زیادەڕەویی و بەرخۆرییە بهێنێت، کە لەسەر حسابی کەسانی تر ئەنجامی دەدات، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە مرۆڤایەتی هەرگیز واز لەخەونی ئازادیی و یەکسانیی ناهێنێت، بۆ ئەم کارە هێز هاوشانی ڕۆشنبیریی و مرۆڤی خوێندەوار کە هەست بە مافەکانی دەکات گرنگن، دیالۆگ و بیرۆکراتییەت بەتەنها ناتوانن ژیان بگۆڕن و باشتری بکەن، هەروەها ئەوەی، کە گرنگە بەپاکی بمێنێتەوە بریتیە لە نەوەی داهاتوو، مرۆڤەکانی دوای ئێمە، بەپاکی بمێننەوە چونکە ئامانجی هەرە سەرەکی بریتییە لەنەوەی داهاتوو، نەوەی داهاتوو نهێنیی و سیمبولی ژیانن، ڕزگاریی مرۆڤایەتیش پێویستی بەقوربانیدانە، بەبێ قوربانیدان ئەستەمە مرۆڤ لەچنگی نادادیی و چینایەتی ڕزگاریی ببێت،

- ئەم فیلمە پڕە لەڕەمز، هەر لە ڕەمزی ژمارەکانەوە بیگرە تا هێمای نێو فیلمەکە کە کچە بچکۆلەکەیە، وەک مرۆڤێکی پاک و بێگەرد تا لەوێوە عەدالەتی مرۆڤایەتی دەستپێبکات، ڕەمز و کۆتایی کراوە سیمایەکی ڕۆمانی نوێیە و لە فیلم و سینەماشدا ڕەنگیداوەتەوە. سۆشیالیزم و کاپیتالیزم وەکو دو ڕێباز لە دژایەتی دەستکاریکردنی دنیا بەردەوامن، وەکو دەوترێت تا مرۆڤایەتی مابێت سێبەری سۆشیالیزم دەمێنێت، ئەم فیلمە لەڕویەکەوە ڕەخنەیە، لە هەر دو سیتسەم، یەکەمیان مرۆڤ بەو دەردە ئەبات، کە مرۆڤایەتی ئەمڕۆی تێی کەوتووە، وەکو دەوترێت لەسیستەمی کاپیتالیزمدا پارەی نانی بەیانی دەوڵەمەندێک نانی مانگێکی هەژارەکانە، سۆشیالیزم دێیت دادگەریی بەدیبهێنێت، کەچی لەو نێوەندەدا چەندین کوشتن و بڕین ڕودەدات، هەندێک جار پێویستت بەوەیە زۆرێک لەو مرۆڤانەی کە دەتەوێت ژیانیان باش بکەین بکوژرێن، بەدیویکدا ئەم فیلمە ڕەخنەیە لە هەر دو سیستەم.

گۆرێنگ، کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە، کتێبێکی دۆنکیشۆتی بەدەستەوەیە، دەرهێنەر ئەیەوێ بڵێت، کە کتێب بە تەنها توانای گۆڕینی دنیای نییە، ژیانیش بەوجۆرەنییە، کە لەنێو کتێبەکاندا وێنادەکرێت. تریماگاسی ئەو پیاوە پیرەی لەگەڵ یەکەم دیمەنی فیلمەکە لەگەڵ گۆڕێنگ لە نهۆمی 48 دان، نمونەی مرۆڤێکی خۆپەرستی دنیای سەرمایەدارییە، کە تەنها بیر لەخۆی دەکاتەوە، تەنانەت ئامادەیە تۆ بکات بە خۆراکی خۆی لەکات برسێتیدا بتخوات. ئیموگۆری نمونەی ئەو کەسانەیە لە ژیان، بیرۆکراتە و ئەیەوێت لەڕێگەی دیالۆگەوە مرۆڤەکان تێبگەیەنێت،کە ئەگەر ئێمە ڕۆژانە بەپێی پێویست نانبخۆین و سەروەت کۆبکەینەوە ئەوا هەمومان دەرفەتمان ئەبێت بەیەکسانی بژین، دەرهێنەر ئەیەوێت بڵێت، کە مرۆڤی بیرۆکرات توانای ئەوەی نییە مرۆڤەکان قایلبکات، بەوەی لەبیری مرۆڤایەتیدا بن.

- ئەم فلیمە لە ڕوانگەی ئابوریناس و تیۆرست ماڵتۆسەوە داهێنراوە و ماڵتۆس پێی وایە بۆ بژێوی دەبێ دو شت ڕەچاوبکەین یەک ژمارەی دانیشتوان دوو ئاستی بەرهەم و دەڵێ ئەگەر بەشێوەیەکی یەکسان بەرهەم دابەشی ژمارەی دانیشتوان بکەین ئەوا بەشی هەموومان دەکات و بەڵام لەم سیسەمەدا داهات بەشێوەیەکی یەکسان دابەشناکرێ و بەهۆی زیادەڕۆییەکانی چینی سەرەوە هەمیشە چینی خوارەوە لەخوار هەژاریەوەنەن و ئاستی خۆراکی پێویستیان پێ ناگات، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی دەبێ ڕێگە لە مردنی سروشتی و دەستکرد نەگرین وەک نەخۆشی و شەڕ و زریان...تاد بەڵام مارکس بە پێچەوانەوە دەڵێ ماڵتۆس ئەهریمەنی ئابوریە و دەتوانین ئەم هەیکەلە ئابوریە بە شۆڕشێکی سەرتاسەری بڕوخێنین و بگەین بە یەکسانی بژێوی، دواتر لینین، دەڵێ چینی خوارەوە ناتوانن ئەو شۆڕشە بەرپا بکەن بەڵکو دەبێ بچیتە سەرەوە و لەسەرەوە ڕابەرایەتی یەکسانی بژێوی بکەی و مارکس بەهەڵەچوە، ئەم فلیمە لەسەرەتاوە هەوڵێک بو کە لەخوارەوە بە سەرەوە بوترێت کە بەشمان بهێڵنەوە بەڵام سەری نەگرت تا ئەو دوانە لەڕێگەی ڕابەرێکی ڕۆشنفکرەوە و لەسەرەوە و بە زەربی هێز وەکو ماوتسی تۆنگ دەڵێ هێز بۆ عەدالەت بەکاربهێنە هاتن داهاتیان بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر هەمو چینەکاندا دابەشکرد، و خواردنیان گەیاند بە چینی خواری خوارەوە و ئەو مناڵەش کە لە چینی خوارەوە بو مەبەست لێی پەروەردە و نەوەی نوێیە کە نابێ پیس بێ و دەبێ بە باشترین شێوە خۆراک و پەروەردەی پارێزراوبێت. کۆی گشتی فلیمەکە مەبەست لێی ئەوەیە کە ئەگەر هەموان تەنها بەشی خۆیان ببەن ئەوا خواردن دەگات بە هەمومان