لە شانشینی شەیتان و فریشتەدا
لە شانشینی شەیتان و فریشتەدا
محمد رسول اف”لە دەرھێنەرە سیاسییە ڕیفۆرمخوازەكانی ئێرانە كە سینەماكەی دەنگێكی بڵند و ئاشكرای بە گژداچوونەوەی ڕژێمی ئیسلامی دەسەڵاتداری ئێرانە كە لە دەرئەنجامدا پەیامی سینەماكەی بۆتە ھۆی ئەوەی ڕووبەڕووی سزای زیندانی و دەستبەسەرداگرتنی پاسپۆرت و مانەوەی زۆرە ملێ بێتەوە لە ئێران.ھەڵبەت سینەمای” رسول اف” بە تەنھا ھەڵگری ڕەھەندێكی سیاسی ئایدۆلۆژی نییە و گرێدراوە بە پرس گەلی ناوەكی مرۆڤ و بابەت گەلی قووڵی فەلسەفی لە ژیانكردن لە نێو سیستەمێك كە پایەكانی لەسەر یەك ڕەنگ و دەنگی و گوێڕایەڵی دەستە جەمعی و بەگژداچوونەوەی ھەر “نا” و ڕەخنە و ناڕەزایەتییەك بنیاتنراوە.

فیلمی”شـەیتان بوونی نییە”كۆتا كاری ڕەسول اف”ە.فیلمەكە براوەی ورچی زێڕینی فێستیڤاڵی بەرلینە بۆ باشترین فیلم لە ساڵی 2020. فیلمەكە لە سەد و پەنجا خولەك لە نێو چوار چیرۆكدا درێژەی ھەیە كە نزیكایەتی و ھاوبەشییەك لە نێوان ھەر چوار بەشی فیلمەكەدا بوونی ھەیە و تێكڕای چیرۆكەكان حەكایەتی مرۆڤانێكی ژێر یاسا و سیستەمێك دەگێڕێنەوە كە گیرۆدە و مەحكوم بە جەلاد و قوربانی ، ترس و ئازایەتی ، گومان و یەقین ، ملكەچی و بەرەنگاری یان ڕوونتر مەحكوم بە ململانێی بەردەوامی ئیدو سۆپەر ئیگۆ بوونەتەوە.

شەیتان بوونی نییە! بۆ مرۆڤانێك كە ھەڵگری باوەڕێكی دینین شەیتان ئامادەگییەكی بەردەوامی ھەیە بۆ تێكەڵی بە نێو زەین و كردەو دڵ و دەروونی مرۆڤەكاندا و پاڵنەر و خاوەن ھێزی خراپە و ئاڕاستەكردنیەتی لە ژیانی مرۆڤدا و لە بێ زیانترین دۆخیشدا مرۆڤ تووشی وەسوەسە و گومان دەكات لە مەڕ بیر و تێڕوانین و كردەكانی ھەر بۆیە شەیتان ھێز و بوونێكی دەرەكی نێو مرۆڤە و بەردەوام ھەوڵی تێكەڵی لەگەڵ بیر و حەقیقەتی بەردەست و كردەی ڕۆژانەی مرۆڤ دەدات.واتە مرۆڤ ئۆبژێكتێكی بەردەوامی شەپۆلی ھەمیشەی وجودی شەیتانە و بەبێ ھەبوونی شەیتان مرۆڤ بوونێكی بێگەرد و خاڵی لە كردە و بیرێكی شەیتانانەیەو سەبژێكتێكی كامڵ و سەراپا شیاو بە مەنزڵی عەدەنییە. “رسول اف”لە چیرۆكی یەكەمی فیلمەكەیدا بە گژ ئەو پێشینە لە بیركردنەوە دینی و كلتوریە دەچێتەوە كە بۆ شەیتان ھەیە و دیسانەوە بە پشت بەستن بە تێگەشتن و دونیا بینیە غەیر باوەڕی و سونەتیەكان و تیۆرە دەروون شیكارییەكان شەیتانمان پێ دەناسێنێتەوە و دەیكاتەوە بە بەشێك لە كەسێتی و بوونمان شەیتان وجوودێكی نەبووە؟شەیتان كێیە؟ئێمەی نێو پێخەف و بازاڕ و كتێب فرۆشییەكان ئێمەی نێو سینەما و چیرۆكەكانی عەشق ئێمەی نێو میترۆ و مزگەوت و كەنیسەكان مرۆڤانێك لە ھەمان دەمدا لەگەڵ ژن و منداڵ و دایكمان میھرەبان و ئیرۆس دەر دەكەوین و بڕێكجاریش وەك ڕزگاركەر و نەجاتدەر خۆمان نمایش دەكەین و گیانی پشیلەكانی كۆڵان ڕزگار دەكەین ھەر ھێندەنا شیعر دەنووسین سەما و گۆرانی وەرزش دەكەین و شارستانیەت و مەحاڵ دەخولقێنین…شەیتانێك لە دەرەوەی ھیچ كامان و لە كەسدا دیل و قەتیس نییە و ھەموومان ھەر وەك چۆن مرۆڤین ، شەیتانین ھەر وەك چۆن سپی پێست و ڕەش پێست كورد و فەڕەنسین ، ژاپۆنی و گریكین ، شەیتانین.ئەوە پاڵنەر و سیستەم و یاسا و نەریت و بەھا كلتورییەكانە شوناسی شەیتان بوون یان مرۆڤبوونمان بەسەردا دەسەپێنێت و دەمانكاتە جەللاد و قوربانی ھەر وەك چۆن كارەكتەری نێو فیلمەكە بەردەوامی “ئیرۆس”كەی لەسەر كارەكەی وەستاوە كە وەك جەللاد و جێبەجێكاری گیان كێشان و لەسێدارەدانی شەیتانەكانی دیكە دەر دەكەوێت بێگومان كەسانیكە لە ھەمان كۆڵان و شاری جەللادی نێو فیلمەكە بە ھۆی سەپێنەری ھێزی یاسا و نەریت و كلتورەوە بونەتە ھێزی ژیان و جوانی دەبەخشنەوە كە ئەمەش مانای ونێتی و غیابی شەیتان نییە تێیاندا بەڵكو بە ھەڵاوێركردنی پەستانە دەرەكییەكان ئیگۆ توانیویەتی باڵانسی ئید و سۆپەر ئیگۆ ڕابگرێت لە كەسێتییاندا.

پابەندبوون و بەرپرسیاریەتی دووانەی خەلقی بوونێكی تراژیدی. مرۆڤ ھیچ نییە مەگەر ئەوەی خۆی لە خۆییدا دەیخولقێنێت ، ئەمە یەكەمین بنچینەی بوونگەراییە. ژان پۆڵ سارتەر گەر مرۆڤەكان زادەی كاری ئافرێنەرێكبن كە خودایە كەوایە ئازادی مرۆڤەكان ڕەھایی لەدەستداوە و سنوردار و ئازادییەكی كامڵ نییە بەم جۆرە وجودی خودا و ھەبوونی لەپاڵیشیدا وەك ئەفرێنەر و خالقی مرۆڤ سەرەتای دیلكردن و كۆتاییە بۆ ئازادیی مرۆڤ كە لەگەڵ لەدایك بوونیدا موتڵەقانە بەدەستی دەھێنێت فەیلەسوفی فەڕەنسی “ژان پۆڵ سارتەر”بەم جۆرە ئازادیی دەبەستێتەوە بە نەبوونی خوداوە و پێی وایە كە مرۆڤ كاتێك ئازادە كە خودا بوونی نەبێت. سارتەر پێی وایە بوونی ئێمە لەم دونیایە ئەمرێكی تراژیدیە لەم ئەمرە تراژیدیەدا ئێمە دەتوانین خاوەن بژاردە”إختیار”بین؟وە مرۆڤ بۆ ڕزگاربوون لە تراژیدیایەك دەكەوێتە نێو ئاگری تراژیدیەكی دیكەوە.

لەنێو ھەر سیستەمێكی یاسایدا پابەندبوونێكی یاسایی بۆ تاكەكانی نێو سیستەم بە گوێرەی جەبری قانوون دەخولقێت ئەم پابەندبوونە بە گوێرەی ھەردوو تیۆرەی پابەندبوون لە یاسادا تاكەكان مەحكوم بە گوێڕایەڵی جێبەجێكردن و مەسئولییەت لە دەر ئەنجامی ڕەتكردنەوەی پابەندبوونەكە دەكات.ھەر بۆیە تاكەكانی نێو سیستەمە یاساییەكە بۆ دەربازبوون لە گیرۆدەیی بەرپرسیارێتی پابەندنەبوون جۆرێك لە ناچاری”Obligatory “ لە گوێڕایەڵی بۆ ئیلتیزامەكانی سەرشانیان پەیڕەودەكەن بەبێ گوێدانە دەرئەنجامی جێبەجێكاری پاندبوونەكە. فیلمەكەی رسول اف گیرۆدەی مرۆڤانێك دەگێڕێتەوە لە بابەت مەسئوولیەت وەك پابەندبوونێكی یاسایی و بنەمایەكی ئەخلاقی كە ئەمەش دەمانخاتە نێو بیری شانۆنامەی”دەستە پیسەكان”ی “سارتەر”بەڵام ئاخۆ كێ یاساكان دەنووسێتەوە؟كێ پابەندبوون بەسەرماندا دەسەپێنێت و دواجاریش مەحكوم بە بەرپرسیارێتیمان دەكات؟ یاساكان وەك چارەنوسێك لە نێو جوگرافیایەكدا بەسەرماندا حوكم دەكەن و پابەندبوون و بەرپرسیارێتی لەسەرمان فەڕز دەكەن.یاسا گەلێك كە زادەی باوەڕە دینی و نەریتی و شۆڕشە كلتوری و كۆمەڵایەتیەكانی ھەر جوگرافیایەكی دیاریكراون.

یاساكان لەگەڵ سروشتی بوون و مرۆیی بوونیاندا بەردەوام ڕووبەڕووی شكاندن و پابەندنەبوون بوونەتەوە. ئادەم سەرەتای چیرۆكی پابەندنەبوون و شكێنەری یاسایە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا كە لەبەرامبەر یاسا خوداییەكاندا بە ھاوكاری و ڕاوێژی شەیتان یاسایی خودایی شكاندن و لە بەھەشت وەدەرنرا. ئێمەی ئادەمی لەو ڕۆژەوە وەك یاساشكێن ھەمیشە شوناسی شەیتان بوونمان دەخرێتە پاڵ تا ئادەم بوون ، ساتی شكاندنی یاسا ساتی بە شەیتانبوونی ئێمەیە لە نێو چوارچێوە یاساییەكاندا. رسول اف كارەكتەرەكانی لە چیرۆكەكاندا مەحكوم بە شەیتان و فریشتە ، فریشتە و شەیتان دەكات و شەیتان بۆ شەیتان بوون فریشتە بۆ بێگەردیی بەھانەی خۆیان ھەیە بەڵام ئەوەی رسول اف نیشانی دەدات تێكەڵاوكردنەوەی ئەم دوو جەمسەرە دژ بەیەكەیە لە كەسێكدا بە گەڕانەوە بۆ تێزەكانی فرۆید.

ھەڵبەت پابەندبوون و بەرپرسیارێتی بە گوێرەی ئەو بنەمایانەی كە سیستەمە یاساییەكان دەخولقێنن دەگۆڕێت و جیاوازن لە سیستەمە ئیستبدادەكاندا كە سیستەمی چیرۆكەكانی فیلمەكەیە ، دووانەی چاكە و خراپە مەیلی سەرۆك و دەستە خزمەتكارەكانی دیاریدەكەن و تاكەكانی نێو سیستەمەكەش جگە لە ئۆبژێكتێكی بەردەوامی سیستەمەكە كاریگەرییەكی ئەوتۆیان لەسەر ڕووداو و دیاریكردنی پرەنسییپەكانی سیستەمەكە نییە.سەرۆك خودایەكی خاوەن شكۆ و بڕیاری موتڵەق و نەگۆڕە ، دەستەیەك لە دەوریدا سیستەم بەڕێوەدەبەن و جڵەوی تاكەكان دەكەن و دەتوانن دەستكاری ئێستا و داھاتوو ، خەون و چارەنووسیان بكەن ، ھەر وەك لە زنجیرەیی”جیھانی ڕۆژئاوادا”دەبینین خوداكان و دەستەكانیان چۆن دەتوانن كۆنتڕۆڵی ئازادی و ئیرادە و مەیل و كەسێتی و ژین و مەرگی تاكەكان بكەن. بێگومان ئەم جۆرە لە دیسپلین و حوكمكردن ڕەگێكی ئیلاھیانەی ھەیە و بەگوێرەی چیرۆكی ئاینەكان خودا موتڵەق و خاوەن فەرمان و ھێزە و ئێمەش مەحكوم بە كۆیلە بوون و پابەندی و بەرپرسارێتین.

مرۆڤ لەگەڵ پرسی پابەندبوون و بەرپرسیارێتیدا بە قەولی سارتەر مەحكومە بە ئازادی.ئێمەی ئادەمی گەر بگەڕێینەوە بۆ باوەڕمان و خۆمان ھێزی”نا” و بەرەنگارییمان لەدەستدابێت ، ئەوا لە ئادەمەوە نەخێر و بەگژاداچوونەوەمان وەك میراتێكی دینی ئەكتیڤ بۆ ماوەتەوە و پێویستە ھێزی بەرەنگاری و “نا”كانمان لە دەست نەدەین و بەردەوام دژی ھەر ملكەچیەك بین كە ناچار بە شەیتان و فریشتە بوونمان دەكات ، یاخود لێگەڕێین جەبری سیستەم و یاساكان لەگەڵ خۆیاندا بمانبەن.بۆنا ئاخر خۆ شەیتان بوونی نییە! پەراوێزەكان: ١-اگزیستانسیالیسم و اصالت بشر، ژان-پل سارتر ، ترجمهٔ مصطفی رحیمی، انتشارات نیلوفر، چاپ دهم، ۱۳۸۰ (چاپ اوّل، ۱۳۴۴). ٢-هستی و نیستی ،ژان-پل سارتر ، مترجم : مهستی بحرینی ، ناشر: نیلوفر ، آبان ۱۳۹۴ ٣-الدكتور عبد المجید الحكیم، شرح القانون المدنی ، مصادر الالتزام ، الجزء الاول ، بغداد ١٩٦٣